کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکڕووز و بۆچرووکی گوڵی سووسەن و یاسەمەن

22:46 - 15 خاکەلێوه 2722

من بە قەرایی توزقاڵیش بە سووتاندنی پەی"کەر"ی خومەینی لە "مەیدانی مەرجەعییەت"ی شاری قوم دڵخۆش نیم. ئەمەش هیچ نیشانەی دژایەتی‌کردنی دێموکراسی نییە و خۆم بە کەسێکی تەواو لایەنگری دێموکراسی دەزانم. یانی نە دژی سووتاندنی پەی‌"کەر"ی پیرۆزی خومەینی لە سەروبەندی ١٢ی خاکەلێوەم و نە دژی دووبارەکردنەوەی دوو ڕۆژ دواتری ئاگرتێبەردانی پەی‌"کەرێک‌"ی دیکەی ئاخوندێکی دیکەی ئەم مەیدانەم. من نە دژی دروست‌کردنی پەی"کەر"ی ئاخوندان و نە لایەنگریانم، ئەوەی پێیەوە تێک‌دەچم و سەرم دێشێنێ و ناڕەحەتم دەکا، ئەو دووکەڵ و بۆچرووک و بۆکڕووزەیە لە سوتاندنی مووی لەشی پەی"کەرە‌کەکانەوە" چاوم تێژ دەکا و هەناسەم تێک‌دەدا و ناهێڵێ خۆشیی سێزدەبەدەر و سەوزەگرێدان و چای بۆدووکەڵی دەشت و سەحرا هەست پێ بکەم. سەیرانی کیژ و کوڕی جوان و هەڵبەزودابەزی منداڵانی زیت ببیبنم و چێژ لە بۆنی کەباب و  چزەچزی پشکە گوشت و چزیلکی سەر خەڵووزی گەشاوەش وەربگرم. ئەمساڵیش لە سەروبەندی سێزدەبەدەردا، ئەوکاتەی دەمهەیست لەم سیاسەت و میاسەت و شتانە دوور بکەومەوە، هەواڵی سووتاندنی پەیکەری جەنابی خومەینی سێزدەبەدەرەکی لێم تاڵ کرد. ئەگەر پەیکەری خومەینی و برووجێردی لە پێش و پاش ١٢ی خاکەلێوە ئاگر نەدرابایە، هەر بیرم لە ١٢ی خاکەلێوە نەدەکردەوە و بێ سێ‌ودوو لێکردن خۆم بە سێزدەکەدا دەکرد و لە سێزدەبەدەری دەمکردە سەما و هەڵپەڕکێ و دەمگوت: دەگەڵ یارێ ساز دەبم دەچمە سێزدەبەدەرێ ڕەشبەڵەک گیراوە یارم دێ هەڵدەپەڕێ چاوانم لێ‌دەگێڕی و بەدوای مندا دەگەڕێ داخوا لەسەر باڵاکەی پەندی چۆنم بەسەرێ   ئەمساڵیش ئاگرتێبەردانی پەی"کران" تووشی کردم. ئەگەر ئەوا نەبا، بە بێدەنگی سێزدەبەدەری خۆمم دەکرد. من ئەو شتانەم نەدەویست. نەمدەویست باسی چل و چند ساڵ لەمەوبەر بکەم و ناچار نەبووم کای کۆن بەبا بکەم. بە تەما نەبووم بتانبەمەوە مانگەکانی دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی. کوا من پێم‌ باشە بیر لە ١٢ی خاکەلێوەکەی دوای ڕووخانی ڕێژێمی پاشایەتی بکەمەوە و ئەو ڕۆژە ڕەشە بێنمەوە بەرچاوی خۆم؟ ئەگەر دوازدەی ئەم مانگە ئەو پەی"کەرانە" ئاگر نەدرابان و ناوی خومەینی نەکەوتبایەوە سەر زار و زمانان، کوا من بیری ئەم فەرمایشتەی بکەومە کە دەیفەرموو: "باب و باپیرانی ئێمە لە کاتی خۆیدا ڕێژێمی پاشایەتییان ویستووە، ئێستا زەمان گۆڕاوە و ئێمە نامانهەوێ." من بیرم لە مردنی خۆم کردبایەوە، هەرگیز بە زەینمدا نەدەهات بە بۆچرووکی سووتاندنی ئەو پەی"کەرانە"وە بکەومەوە بیری بۆنی "گوڵی سوێسن و یاسەمەن" و ئەو گۆرانیەم بیر بکەوێتەوە، بەیەکەوە دەمانگوتەوە: "بوی گل سوسن و یاسمن آید عطر بهاران کنون از وطن آید رهبر محبوب "خلق" از سفر آید"   ئەم بەزمی سووتاندی پەیکەران و بیرکەوتنەوەی ئەم شێعرەی سەروو نەبوایە، کوا من بیرم بۆ ئەوە دەچوو ئێستا "خلق" کراوە بە "امت" و  دەستەواژەی "همیشە در صحنە‌"شیان بە قوونیەوە هەڵواسیوە. ناشوێرم بڵێم هەر نۆ تەڵاقی بارامە سێ‌ژنەی بکەون و بە هیچ مەلا و شێخێک چاک نەبنەوە، ئەگەر بۆنی گوڵی سوسەن و یاسەمەن ببێ بە بۆن‌چرووکی سووتانی پەیکەران و خەلق بووبێ بە ئوممەت، ڕەهەبەری مەحبووبیش هەر هیچ نەبێ بووەتە دێوەزمە. کوا من دەوێرم ئەو ناماقووڵیە بکەم و باسی ناماقووڵیی ئەو هەموو خەڵکە بکەم لە ١٢ی خاکەلێوە گۆرینەکەدا لە ڕاپرسیەکدا دەنگیان دا بە ئوممەت و پشتیان کردە خەڵک، دەنگیان دا بە عەبا و چارشێوی ڕەش و پشتیان کردە جلی ڕەنگاورەنگ‌ و ئاڵوواڵای کچان و شۆڕەژنانی خڕوخۆڵ و نەرم و نیان، ڕوویان کردە تەقینەوە و زیندان و سێدارە و پشتیان کردە هەڵپەڕکێ و سەما و لێکدانی پیاڵان، دەنگیان دا و بە تێکدانی کارگەی شەرابی شیراز و ڕوویان کردە ئەو کیسە ئاوەترێیانەی لە شەقامی شارەگەورەکان لە پێش ئەو لاوانە هەڵیاندەڕێژن، لە "خلق‌"ـەوە بوونەتە "امت همیشە در صحنە" و پێشیان دەڵێن "ساندیس‌خۆر"؟ سێزدەبەردەری ئەم ساڵ لە هەموو ئەو سێزدەبەدەرانەی ڕابردووی تەمەنم ناخۆشتر بوو. ئەم سێزدەبەدەرە بۆچرووک و بۆ دووکەڵی سووتاندنی پەیکەران لە سەروبەندی ١٢ی خاکەلێوە مێشکی سەری بردم و بۆ ١٤ و ١٥ مانگیش شوێنەواری هەر دەمێنێ. پرسیارێکیش لە مێشکمدا دێت و دەچێ. ئەویش ئەمەیە ئەگەر ٩٨ لە سەدی خەڵکی ئێران لە دەنگدانەکەی ١٢ی خاکەلێوەی گۆرین دەنگیان بەم شتانەی سەروو دابێ و ئێمەی کوردانیش وەک ئەوان دابایان، بە هەموومانەوە دەبووین بە چەند لەسەد؟