کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەفایەک بۆ وەفادارێ

22:06 - 31 خاکەلێوه 2722

کاری ئامادەکردنی بابەتەکانی ئەم ژمارەیەی کوردستان گەیشتبووە کۆتایی کە خەبەر گەیشت بە داخەوە شەوی ٢٨ی خاکەلێوە، هونەرمەندی بواری موزیک ‌و گۆرانی کاک قادر سەیاحی لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە شاری خۆی کۆچی دوایی کردوە. کاک قادر لەو هونەرمەندانە بوو کە ئەگەرچی ڕادەی گۆرانییەکانیان زۆر لە ژمارەی پەنجەکانی دەست زیاتر نین بەڵام هەرمانن‌. بەشی هەرە زۆری گۆرانییەکانیشی ئەو کاسێتە بوو کە ساڵی ١٣٥١ لە رادیۆ مەهاباد بە هاوکاریی ئۆرکێسترای موزیکی ئەو ڕادیۆیە تۆماری کرد. ئەو گۆرانییانەش کە بە گۆرانی هەڕەتی لاوەتیی هونەرمەند دێنە ئەژمار، بەرهەمی کوڵ و کۆی دەروون ‌و ئاگری ئەوین بە کیژێکی کورد بوو. ئەوینێک کە بە ئاکام نەگەیشت‌. ئەو گۆرانییانە بەرهەمی ئەو ئەوینە ناکامە و گۆرانیی دڵی هونەرمەندن و وەک دەڵێن ئەوەی لە دڵەوە بێ لە دڵیش دەنیشێ. دوای ئەوە قۆناغی دووهەم لە ژیانی هونەریی هونەرمەند دەست پێ دەکا. قۆناغێک کە لەودا ئۆگرانی دەنگی ئەو هونەرمەندە زۆر گۆرانی لێ نابیستن‌. دەکرێ بڵێین غەیبەتێکی درێژماوە لە گۆرانی‌گوتنی هونەرمەند دێتە ئاراوە. لەوە بە دوا ئەو زیاتر وەک وەک ژەنیاری کلارنێت، وەک ئاوازدانەر یان دابەشکاری موزیک لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەدا جێ پەنجەی دیارە. لەوانە هاوکاری لەگەڵ کاک عەزیز شاڕوخ بۆ وێنە لە خوڵقاندنی مەقامی "تۆ دەریامی" یان دابەشکاریی موسیقای بەشێکی بەرچاو لە گۆرانیەکانی شەهید جەماڵی مفتی کاری نەمر قادر سەیاحین. هەر لەو قۆناغەدا بە بەشداریی لە بۆنە و کۆبوونەوە سیاسی‌ و حیزبیەکانی دوای شۆرشی ٥٧ و ئەو دۆخە ئازادەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە،‌ هونەرەکەی بۆ خزمەت بە ئازادی‌ و ڕزگاریی نەتەوەکەی بە کار هێنا. کاک سەعید بەگزادە کە ئەو سەردەم یەک لە کادر دیارەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد بوو، بۆی گێڕامەوە کە؛ "پاش ئینشعابی کۆنگرەی چوار، ئێمە هەوڵمان دا زیاتر بە کاری هونەری خەڵک لە دەوری لاوان ‌و حیزب کۆ بکەینەوە. کاک قادر خۆی ‌و دەنگی ‌و کلارنێتەکەی هەمیشە دەگەلمان بوو. لە شاری مەهاباد، بۆکان، دێهاتەکانی مەنگوڕایەتی چ کاری هونەریمان بووبێ (شانۆ) چ سوخەنرانی، کاک قادر لە بەرنامەکاندا دەگەڵمان بەشدار بوو." کاک قادر سەیاحی کە دوای ئینقلابی ١٣٥٧ پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرتبوو، ‌و وەک پێشمەرگە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خەباتی دەکرد، ساڵی ١٣٥٩ بە هۆی ئاستەمتربوونی خەبات‌ و پێشمەرگایەتی گەڕایەوە مەهاباد. ئەوەش ئەو سەردەمە بوو کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی توانای خۆی بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان ‌و سەرکوتی خەباتەکەی تەرخان کرد. لەم قۆناغەدا تا ساڵی ١٣٦٦ جموجۆڵێکی هونەریی زۆر لە هونەرمەند قادر سەیاحی نابیندرێ. بەڵام لەو ساڵەدا کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجە هەم لە بەر قورسیی کارەساتەکە و قووڵی ئەو برینە لە جەستەی خەڵکی کورددا و هەمیش دوژمنایەتیی دوو داگیرکەری ئێران ‌و عێراق لەگەڵ یەکتر، تا ڕادەیەک بواری بۆ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خوڵقاند تا هونەرەکەیان بکەن بە زمانی هاواری نەتەوە زۆر لێکراوەکەیان. قۆناغی سێهەمی تێکۆشانی هونەریی نەمر قادری سەیاحی لەو سەردەمەدا هاتە ئاراوە. ئەو جار ئەو وەک مامۆستایەکی موزیکی کوردی گەڕایەوە نێو گۆڕەپانی هونەر. وەک ئەندامی کارای کۆڕی موسیقای سروە، بە گوتنی گۆرانی و ژەنینی ئامێری کلارنێت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ و ئێران کۆنسێرتی بۆ لە قاودانی کارەساتی هەڵەبجە‌ و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی ئەو شارە شیمیایی لێدراوە بەڕێوە برد. هەر لەگەڵ ئۆرکێسترای سروە کاری ئاوازدانان و دابەشکردنی مۆسیقای بۆ گۆرانیی کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژان لەوانە عەلی زەندی و ئەحمەد لاوە کرد. ترۆپکی تێکۆشانی هونەریی هونەرمەند قادری سەیاحی لەو قۆناغەدا خوێندنی گۆرانی ‌و سازکردنی بەشێک لە موزیکی فیلمی بووکی هەڵەبجە بوو. ساڵی ١٣٧٨ بە کەلک‌وەرگرتن لەو دۆخە ئازادەی لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، هونەرمەند قادر سەیاحی سەردانی شاری هەولێری کرد و لە بەرنامەی ڕاستەوخۆی تەلەڤیزیۆنیدا بەشداری کرد و گۆرانیی گوت. هەر لەو دەرفەتەشدا جارێکی دیکە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی سەردەمی پێشمەرگایەتی دیداری نوێ کردەوە و وەفاداریی خۆی بۆ حیزبەکەی دووپات کردەوە. کاک مستەفا مەولوودی کە لەو دیدارەدا بەشدار بوو، گێرایەوە کە لەو دانیشتنەدا "باسی پێشمەرگایەتیی خۆی، حیزبایەتی و ئۆگریی زۆری خۆی بە حیزبی دێموکرات ‌و بە تێکۆشانی حیزبی دەربڕی ‌و سۆز و خۆشەویستیی زۆری بۆ حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە." تەرمی پیرۆزی نەمر قادری سیاحی لەنێو ئاپۆرای ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان‌ و هونەردۆستانی کورد، لە گردی شاعیرانی شاری مەهاباد تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرا و ئۆگرانی بە گوتنەوەی گۆرانیی "هەر ئەمنم ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە" وەفا و خۆشەویستییان بۆ ئەو هونەرمەندە نەمرە دووپات کردەوە.