کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میکۆنووس، جینایەتێک کە نابێ لەبیر بچتەوە

22:16 - 31 خاکەلێوه 2722

٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی (١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧م) دادگای میکۆنووس کە لە شاری برلین پێتەختی ئاڵمان بۆ ڵێکۆڵینەوە و بڕیاردان لەسەر پەروەندی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، فەتاح عەبدولی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە دەرەوی وڵات و هومایونی ئەردەڵان، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان و نوری دێهکوردی، دۆستی حیزب و یەک لە ئەندامانی چالاکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی پێک هاتبوو، دوای نزیک بە سێ ساڵ کاری بەردەوام لەو ڕۆژەدا حوکمی کۆتایی خۆی ڕاگەیاند. لەو حوکمەدا هاتبوو کە نیزامی دەسەڵاتدارەتی ئێران نیزامێکی "جینایەتکار"ە و ڕێبەرانی ئەو نیزامە لە "نزمترین پلەی ئەخلاقدا" هەڵسوکەوت دەکەن. پاش تێپەڕینی ٢٥ ساڵ بەسەر مەحکوم‌کرانی کۆماری ئیسلامی، چ ئەوکات و چ هەتا ئێستاش دەرچوونی ئەو حوکمە لە دادگایەکی سەربەخۆدا و بە تاوانبار ناساندنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە بکەری سەرەکیی تێرۆری میکۆنووس، هەم بۆ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد و هەم بۆ ئۆپۆزیسیونی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسکەوتێکی گەورە بوو. ئەم بڕیارە مێژووییە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕێژیمی تێرۆریست و تێرۆریست‌پەروەری کۆماری ئیسلامیی بە دنیای دەرەوە ناساند و غەدرلێکراوی و ماف‌پێشێلکراوی گەلی کوردی لە ئێران بۆ دنیای پێشکەوتوو سەڵماند. لە هەمان کاتدا ئەو بڕیارە بۆ وڵاتانی ئورووپاییش دەسکەوتێکی گەورە بوو، و بوو بە هۆکارێک کە ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی کە نیزیک بە ١٥ ساڵ بوو بۆ کوشتنی دژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی خۆی تەڕاتێنی لە خاکی ئورووپادا دەکرد، بۆ ماوەی ساڵانێک بوەستێندرێ. پاش ٢٥ ساڵ لە دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس ئەگەر بمانەوێ هەڵسەنگاندنێک بۆ کاریگەری و شوێنەواری ئەو حوکمە بکەین، بەر لە هەموو شتێک بەو ئاکامە دەگەین کە ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی ئوروپاییەکان زووتر لەهەمبەر کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو خاکی ئورووپادا هەڵوێستێکی وەک دەزگای قەزایی ئاڵمان‌یان گرتبایە و حوکمێکی وەک دادگای میکۆنووس لەدژی تیمە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی دەرچووبا و  بە خەمساری لە تەنیشت کردەوە تێرۆریستییەکانی دەسەڵاتدارانی تاران تێ‌نەپەڕیبان و کاردانەوەی توندوخێرایان بە دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەبا؛ بە ئەگەری زۆر بەشی هەرەزۆری ئەو تێرۆرانەی پێش تێرۆری میکۆنووس لەسەر دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئورووپادا کران، نەدەکران و تەنانەت تێرۆری میکۆنووسیش ڕووی نەدەدا. چونکە حوکمی دادگای میکۆنووس سەلماندی کە بێتوو دەوڵەتەکان و بە تایبەتی زلهێزەکان بیانەوێ و ئیرادە بکەن، دەکرێ و دەتوانن هەر بە ڕێی قانوونی و دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێش بە سەرەڕۆیی ڕێژیمەکانی وەک کۆماری ئیسلامی بگرن، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆش لەگەڵیان تووشی شەڕ و لێکدان بن. لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دادگای مێکونووس و دوای دەرچوونی ئەو حوکمە زۆر باس لەوە کرا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش کارەساتی تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات لە ڕێستورانتی میکۆنووس، لانی کەم شەش تێرۆری دیکەی لە دژبەرانی خۆی لە خاکی ئاڵماندا کردبوو، و لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئەمنییەتی و پۆلیسی ئاڵمان بەو ئاکامە گەیشتبوون کە ئەو شەش تێرۆرە یا ڕاستەوخۆ بەهۆی دامودەزگای ئەمنییەتیی ڕێژیمەوە، یا بە هاریکاریی حیزبوڵڵای لوبنان (بە شێوەی نیابەتی بۆ ئێران) کراون؛ بەڵام بەداخەوە ئیدارەی فیدراڵی پارێزگاری لە قانوونی ئەساسیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەدا ڕاپۆرتی هەموو لێکۆڵێنەوەکانی پۆلیس و دەزگای ئەمنییەتیی ئەو وڵاتەی لەسەر شێوازی جێبەجێ‌کردن و سەرکەوتنی ئەو تێرۆرانە بەدەست گەیشتبوو، هیچ کات بڕیار یا فەرمانێکی ئیجرایی بۆ پۆلیس و دەزگای ئەمنی ئەو وڵاتە دەرنەکرد. هەروەها کار و کردەوەکانی دەزگای ئەمنییەتی و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی نەخرانە ژێر چاوەدێری تا لە کاتی پێویستدا دژکردەوەیان هەبێ و ئیزن نەدەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران خاکی ئاڵمان بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانیان بەکار بێنن. ئەگەرچی تا پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای مێکونووس لە کەس شاراوە نەبوو کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لەپێناو هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیدا سپۆنسەریی هەموو ئەو گرووپ و تاقمە توندئاژۆیانەی سەرانسەری جیهان دەکا، بەڵام دادگای میکۆنووس لەو بابەتەشدا سیاسەتی دەسەڵاتدارانی تارانی لەقاو دا. لە حوکمی دادگادا هاتبوو کە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لەو گرووپانە بە مەبەستی پێکانی ئامانجەکانی خۆیەتی، واتا ئەو گرووپانە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا وەک ئامراز بەکار دێنێ. کاتیک ئەو بابەتە بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە کە دەبینین لە پێنج تاوانباری سەرەکیی تێرۆری میکۆنووس چواریان هاووڵاتی لوبنانین و لە هەموو ڕەوتی دادگادا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دا خۆ لەو کەسانە بێبەری بکەن. لە هەمان کاتدا بەپیچەوانەی لێدوانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی خودی ڕێبەری ئەو نیزامە کە لە لێدوانەکانی خۆیاندا هەوڵیان دەدا حوکمی دادگای میکۆنووس کەم‌بایەخ بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە لە هاکێشە نێوخۆییەکانی ئێرانیشدا زۆرترین کاریگەریی دانا. هەر ئەوەش ئەو دەرفەتەی بۆ محەممەد خاتەمی (پاڵێوراوی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری) دروست کرد هەتا بە دروشمی ڕێفۆڕمخوازی و گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەدا گرەوی هەڵبژاردنەکان لە ناتقی نووری، پاڵێوراوی ئەسڵیی بازنەی دەسەڵات بباتەوە. بە واتایەکی دی بڕیاری دادگای مێکونووس بوو بە هۆکارێکی گرینگ کە هەتا ڕادەیەک فەزای سیاسیی ئێران بەناچار بکرێتەوە. دوای دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی پێوەندیی سیاسی و دیپلۆماتیکی خۆیان بۆ ماوەی حەوت مانگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگرت و ئەو قەیرانە دیپلۆماتیکەی ڕێژیم تووشی ببوو، پەیامێکی ڕوون بوو کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتی خەڵکی ئێرانیش دانا. بۆیە کۆماری ئیسلامی ناچار بوو هەتا ڕادەیەک لەژێر چەتری ڕیفۆرمخوازەکاندا فەزای سیاسیی نێوخۆی ئێران بکاتەوە و لە هەمان کاتدا هەوڵ بدا لەسەر بنەمای بەڵێندان بە ڕاگرتنی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە خاکی ئورووپادا، پێوەندییەکانی لەگەڵ ئورووپا ئاسایی بکاتەوە. کۆماری ئیسلامی یەک لەو حکومەت و ڕێژیمە سیاسییانەیە کە لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵاتی وڵات لە چەکی تێرۆر و تێرۆریزم وەک کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بە شێوەیەکی بەربەرین چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوی وڵات کەلکی وەرگرت. تێرۆریزم لە چوار دەیەی ڕابردوودا بۆتە بەشێک لە جەستەی ئەو نیزامە بە چەشنێک کە بە فتوای دینیی ڕێبەری نیزام، تێرۆرکردنی دژبەران و تەنانەت ئەو هونەرمە نوسەر و جیابیرانەی کە بەدڵی دەسەڵاتدارانی نیزام نانووسن، ناجووڵێنەوە و بیر ناکەنەوە؛ ئەرکیکی شەرعی و دینییە و ئەنجامدانی وەک ئەرک و ئیلتیزامی دینی خراوەتە سەر شانی تاکی باوەڕدار بەنیزامی کۆماری ئیسلامی. بەڵام تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات لە ڕیستورانتی میکۆنووس لەگەڵ ئەوەدا کە خەسارێکی گەورە بوو بۆ جووڵانەوەی کورد بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، بوو بە هۆی ئەوەی کە چیدی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیتسلامیی ئێران وەک جاری جاران نەتوانن بەئاسانی بۆی دەربچن. بەمجۆرە تێرۆری میکۆنووس بوو بە مەیدانی دادگایی‌کردنی ئەو نیزامە لەسەر کردەوە تێرۆریستیەکانی و بۆ یەکەم جار لە دادگایەکی دادپەروەردا پەردە لەسەر کردەوە تێرۆریستییەکانی دەسەڵاتدارانی تاران هەڵدەرایەوە و ڕوخساری ڕاستەقینەی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆمەڵگەی جیهانی دەرخرا و بڕیاری لەسەر درا. لە ساڵیادی دەرچوونی ئەو بڕیارە ئازایانەدا دەبێ بڵێین کە حوکمی دادگای مێکونووس لاپەڕەیەکی زێرینی لە مێژووی دادوەری و دادپەروەری لەم جیهانە ئالۆزەدا تۆمارکرد. ڕاستە ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆی کردەوە تێرۆریستییەکەی مێکونووس سزای خۆیان وەرگرت و بە زیندان مەحکووم کران، بەڵام ئەو پەروەندەیە هەتا ئیستا دانەخراوە و نەگەیشتۆتە دواقۆناغی خۆی؛ چونکە بریاردەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە کە لە حوکمی دادگادا ناویان هاتوە، لە بەردەم دادگادا ئامادە نەبوون و هێشتا سزای خۆیان وە نەگرتوە. لە هەمان کاتدا دادگا هێشتا ئەو بەڵگانەی نەخستۆتە ڕوو کە چ کەس یا کەسانێک زانیاریی ئاوا ڕوون و دەقیقیان لەسەر شوێنی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و بەشێک لە ئوپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی هەبووە هەتا پیلانی تێرۆرەکەی لەسەر دابڕێژرێ؟ ئەوەش ئەرک دەخاتە سەرشانی تێکۆشەرانی دێموکرات و هەموو ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان کە نابێ ئێزن بدەن کردەوە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی لەبیر بچنەوە. پێویستە بەدایمە کار بۆ ئەوە بکرێ کە ئەو کردەوە تێرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بیر وزینی گەڵانی ئێران و گەلی کورد و بیروڕای جیهاندا بەزیندووی بمێننەوە و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی پتر و پتر لەقاو بدرێ.