کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند وێستگەیەکی مێژوویی حیزبی دێموکرات لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی (٣ـ٣)

22:24 - 31 خاکەلێوه 2722

حیزبی دێموکرات و پێوەندی لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق و شوڕای میللی بەرگری ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، هەر بەوە ئۆقرەی نەگرت کە کوردستان خەڵتانی خوێن بکا و دەنگی ئازادیخوازنی کوردستان کپ بکا، بەڵکوو لە تارانیش ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵقەی دەسەڵاتی بچووک دەکردەوە و هەر کەس و لایەنێک کە بەجۆریک باسی لە دێموکراسی و سێکۆلاریزم و مافی نەتەوەکان دەکرد، لەلایەن دەسەڵاتی پاوانخوازەوە دەخرایە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات. موجاهیدینی خەڵق یەکێک لەو ڕێکخراوانە بوو کە لە سەرخستنی شۆڕشدا دەوری بەرچاوی گێڕا، بەڵام دواتر کەوتە بەر تیغی غەزەبی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی. موجاهیدینی خەڵق کە ئیتر وەک نەتەوەی کورد ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ناسیبوو، لە کۆماری ئیسلامی کەوتە نەبان و دەستی دۆستایەتیی بۆ لای حیزبی دێموکرات درێژ کرد. مجاهیدین سەرەتا بە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ دوکتور قاسملوو لە ڕۆژنامەی "مجاهد" کە ئۆرگانی ئەو سازمانە بوو، ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و نێوەرۆکی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیان بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران ناساند. ئەم چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییە پێشی بە زۆر چەواشەکاریی ڕێژیم لەدژی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد گرت. هێزە ڕزگاریخوازەکان بۆ وەلانانی ڕێژیمی خومەینی لەسەراسەری ئێران دەبوا لە دەوری یەکتری کۆ ببنەوە، ئەمەش بوو بە هەوێنی دامەزرانی شوڕای میللیی بەرگری. مەسعودی ڕەجەوی بەمەبەستی بەشداری‌کردنی حیزبی دێموکرات لەو شوڕایەدا کە دەیویست ببیتە بەدیلی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٦٠، وێنەیەکی ڕوونووسی بەرنامەی شوڕای میللی بەرگری بۆ حیزبی دێموکرات نارد، حیزبی دێموکرات دوای وتووێژی چڕ لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق، ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ وەڵامی نامەکەی دایەوە و بەفەرمی چوونی خۆی بۆ نێو شوڕای میللیی بەرگری ڕاگەیاند. لە درێژەی هاوکاری و پێوەندی لایەنە ئێرانییەکان و حیزبی دێموکرات لەو شوڕایەدا، ئەندامانی شوڕا لەسەر تەفسیری هەڵە لە بەندێکی پێڕەوی نێوخۆی ئەم شوڕایەدا، لە هەوڵێکی دوور لە ئەساسنامەییدا ئەندامەتی حیزبی دێموکراتیان خستە ژێر پرسیار! حیزبی دێموکرات وێڕای هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی یەکیەتیی نێوان ئەندامانی شوڕا، ئەم هەوڵەی ئەندامانی شوڕای پێ نایاسایی و دوور لە پڕەنسیپە پەسەندکراوەکانی شۆڕا دەدی، هەربۆیە لەکۆتاییدا ١٠ی بانەمەڕی ١٣٦٤ کشانەوەی خۆی لە شوڕای میللیی بەرگری ڕاگەیاند.   تاقمی حەوت کەسی و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی چارەنووسی کورد، لەلایەک دەبوا ڕوو بە دەوڵەتی ناوەندی قایم‌و‌قۆڵ ڕابوەستێ و، لەلایەکیش لە کوردستان بەردەوام تووشی تەنگ‌و‌چەڵەمەی زۆر دەبۆوە و سەر‌ئێشەیان بۆ ئەو حیزبە دروست دەکرد. حیزبی توودە کە لە نێوەرۆکدا بەتاڵ ببۆوە و خاوەنی تەشکیلاتێکی هەڕۆڵ بوو، کاتێک کە بێهیوا بوو لەوەیکە حیزبی دێموکرات بخاتە ژێر فەرمانی خۆی، دەستی بە ئاژاوەگێڕی و بنکۆڵ‌کردنی حیزب کرد. دوای ڕازیکردن و هەڵخەڵەتاندنی ٧ کەس لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، بەیاننامەیەکیان پێ بڵاو کردنەوە و حیزبی دێموکراتیان تاوانبار کرد بەوەیکە شەڕخوازە و نایهەوێ پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتیانەوە چارەسەر بکا و گرێدراوی دەوڵەتی عێراقە! تاقمی حەوت کەسی کە پێیان وابوو کلیلی چارەسەری پرسی کورد بەدەست ئەوانە، پاش ڕوون‌بوونەوەی نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی و دیتنی ئەو هەموو جینایەتەش، بڕیاریان دابوو کە بگەڕێنەوە نێو باوەشی ڕێژیم! لەبەرامبەردا پەیام و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کە لەلایەن خەڵکەوە پشتیوانی لێ دەکرا، زۆر دەقیق و ڕوون بوو. هەر بۆیە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات کردەوەی تاقمی حەوت کەسی بە خیانەت ناوبرد و بڕیاری دا لەقاویان بدا. خەڵکی مەهاباد لەسەر داوای حیزبی دێموکرات لە چەشنی میتینگی ١١ی ڕەشەمە جارێکی دیکە کۆ بوونەوە. دەرزیت هەڵاویشتبا وەعەرز نەدەکەوت، دوکتور قاسملوو لە سەرشاخان (بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات)ڕا هاتبۆوە نێو شار و وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا نێورۆکی ئەم تاقمە و سیاسەتەکانی پشت ئەم کارەی بۆ خەڵک شی کردەوە.   شەڕی ئێران و عێراق و هەڵوێستی حیزب بەنیسبەت ئیران، پێوەندی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ڕێژیمی عێراق ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو وەها لە خەیاڵ‌پڵاوەکانی خۆیدا نغرۆ ببوو کە لەلایەک دەستی لە سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران نەدەپاراست و لەلایەکیش دەرگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لەخۆی داخستبوو، ئەمجارەیان پێشنوێژەکانی نوێژی هەینی لە تاران پێیان ئەسپێردرابوو کە لە وتارەکانی نوێژی هەینیدا، باس لە ڕزگارکردنی عێراق بکەن لە دەست بەعس و دەیانگوت کە ڕێگای قودس بە کەربەلا دایە! دیارە کێشەی نێوان عێراق و ئێران تازە نەبوو و میراتی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتیی پاڵەوی و ئەحمەد حەسەن بەکر بوو، هەروەها جوابکردنی خومەینی لە نەجەف لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراق بیانوو بوو بۆ پەرەپێدان بەو دوژمنکارییە لەلایەن ئێرانەوە و لە ئەنجامی تۆپ‌باران کردنی پاسگاکانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، سەدام تووڕە بوو و لە بەرچاوی بیروڕای گشتی، ڕێکەوتننامەی ئەلجەزایری دڕاند و ٣١ی خەرمانانی ١٣٥٩، هێرشی بۆسەر خاکی ئێران دەست پێ کرد. حیزبی دێموکرات ئەوکات وێڕای هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، ڕەزبەری ١٣٥٩ لە پەیامێکدا دەستدرێژیی دەوڵەتی عێراق بۆسەر خاکی ئیرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر دەوڵەتی مەرکەزی داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە ڕەسمی بناسێ، حیزبی دێموکرات ئامادەیە تەواوی هێزی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلاماری ئەرتەشی عێراق وەکار بخا. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا کە بۆ لێ‌فێربوون دەبێ، ئەوەبوو کە بە پێچەوانەی زۆر کەسایەتیی ئێرانی و تەنانەت باشووری کوردستانیش، بەرپرسانی حیزبی دێموکرات هەرگیز هەڵپەی دەرکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هیچ داگیرکەرێکی کوردستانیان نەبووە، هەروەها حیزبی دێموکرات هەرگیز داوای دەوڵەتی عێراقی سەبارەت بە دژایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باشوور قەبووڵ نەکردوە. گەورەترین شانازی حیزبی دێموکرات ئەویە کە خاڵی ڕەشی لە کارنامەی پێوەندی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکدا نییە و لەسەر حیسابی تێکدانی خەبات و تێکۆشانی هیچ پارچەیەک، خەباتی خۆی درێژە پێ نەداوە. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە سیاسەتمەدار و ئەدیبی بەناوبانگی گەلی کورد لە کتێبی "حەقیقەتی مێژوو"دا لەبارەی پێوەندی دوکتور قاسملوو و سەدام حوسێن‌دا دەڵێ: "سەدام حوسێن مرد، قاسملوو حازر نەبوو بیبینێ و لە تەلەفزیۆن دەگەڵی دەركەوێ. زۆرجار بەیەکەوە دانیشتوون بە تایبەتی لە جەریانی ئەو موفاوەزاتەی كە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و یەكیەتیی نیشتمانیدا هەبوو، بەڵام ئامادە نەبوو لە تەلەفزیۆن دەربكەوێ. قاسملوو دەیگوت: "چۆن دەکرێ ئەمن لە تەلەفزیۆن دەربكەوم و كوردی عێراقیش هەموو ڕۆژێ جەنازەی بۆ بێتەوە!؟" هەروەها دوکتور مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردی باشووری کوردستان، سەبارەت بە ڕابردووی پێوەندی حیزبی دێموکرات و دەوڵەتی عێراق پەردە لەسەر زۆر ڕاستی هەڵدەداتەوە کە لە ئارشیوی موخابەراتی عێراقدا دەست کەوتبوون و بە ئاماژە بە ڕابردووی پاک و بیگەردی حیزبی دێموکرات دەڵێ: "ئەوەی گرنگە شێوازی هەڵسوکەوتی دێموکرات لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بوو، ئەوکاتە ئێمە لە بەر سنوورەکە پێوەندیمان لەگەڵ ئێران هەبوو و ئەوانیش لەگەڵ عێراق بەڵام هیچ وەختێک شتێکیان لەگەڵ حکوومەتی سەدام و عێراق نەکردوە کە زەرەری بۆ کوردی عێراق هەبێ، ئەوە زۆر موهیمە. بیرم دێتەوە دوکتور قاسملوو بەڕەحمەت بێ زۆر ئەهات و ئەچوو دەیانەویست لە بەغدا تەرتیبی چاوپێکەوتنێکی بۆ بکەن لەگەڵ سەدام، چەند جارێک خۆی لێ دزیەوە، نەیدەویست تێکەڵاو بێ و ئەیوت من ئەگەر سەددام ببینم لە تەلەڤیزیون دەرئەچێ و ئەویش ئەیهەوێ مەدحی بکەین، منیش ناتوانم ئەوە بکەم. کەم هەیە سەرکردەی کورد بەو شێوەیە فکر بکاتەوە، ئەو دەیتوانی زیاتر کەڵک وەربگرێ، دەیانتوانی چەک وەربگرن، پارە وەرگرن بەڵام قەت نەیانویست بچنە ئەو خانەیە کە بە زەرەری کوردی عێراق بێ، ئەوە شتێکی گرینگە بە قەناعەتی من لەبەر ئەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس و لە گەڵ سەددام کەم بوو بچووک ببوو، دەسکەوتی کەم بوو، بەڵام گوێیان نەئەدایە. ئەوە کارێکی نیشتمانپەروەرانە و باشە. حیزبی دێموکرات نەیویستووە دەسکەوتێکیان هەبێ لەسەر حیسابی کوردی پارچەیەکی تر. بمانهەوێ و نەمانهەوێ جوغرافیا وای کردوە کوردی عێراق دەبێ پەیوەندیی بە ئێران و تورکیە هەبێ، کوردی ئێران لەگەڵ عێراقی هەبێ و ئەویتر لەگەڵ ئەوەیتر، جوغرافیاکەمان وایە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە دەبێ بە شێوەیەک بێ لەسەر حیسابی کوردی ئەو پارچەیە نەبێ. ئێستا ئێمە پەیوەندی بە ئێرانەوە دەکەین نابێ لەسەر حیسابی کوردی ئێران بێ و زەرەر بە کوردی ئێران بگەیەنین و تورکیەش عەینی شت. حیزبی دێموکرات ڕەچاوی ئەوەیان کردوە و توانیویانە لەو پەیوەندییە کە هەیانە ئەو باڵانسە ڕابگرن. ئەوە گرینگە، حیزبی تر هەبوو لە کوردستانی عێراق ئەو باڵانسەیان ڕانەگرتوە، نەیانتوانیوە ڕایبگرن، لەبەر ئەوە بە ڕەئی من ئەو کارەی حیزبی دێموکرات یەکێکە لە خاڵە گرینگەکان و خاڵە ئەرێنیەکانی ئەو حیزبە، ئەوەش لە خەباتدا جێگای تەقدیرە." سەرباری ئەمەش حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو دەوری باشیان گێڕا لە سەرخستنی موفاوەزاتی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی باشوور و دەوڵەتی عێراق.   مانگی دیفاع لە ئازادی هێشتا دوو ساڵ بەسەر دەسپێکی شەڕی نگریسی نێوان ئێران و عێراق تێنەپەڕیبوو کە ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بەردەوام بوو لە هێرش بۆ سەر کوردستان. لەونێوەدا ڕێگای نێوان سەردەشت-پیرانشار بایەخێکی ستراتێژیکی هەبوو بۆ گەیاندنی یارمەتی و تەداروکات بۆ هێزی پێشمەرگە، هەربۆیە ڕێژیم دەیهەویست دەستی بەسەردا بگرێ. ئەوکات حیزبی دێموکرات لەپەیامێکدا بۆ دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان داوای هێزی یارمەتی دەکا بۆ پاراستنی ئەو جادەیە. لەوەڵامی ئەو داوایەی حیزبی دێموکرات یەکیەتیی نیشتمانی ١٥٠٠ پێشمەرگەی خۆی بۆ ئەو ناوچەیە ڕەوانە کرد و لەژیر ناوی هێزی پشتیوان قارەمانەتیی زۆریان نواند. هێرشەکانی ڕێژیم بۆسەر کوردستان دڕندانە بوو و پێویست بوو کە کۆمەڵانی خەڵک بۆ دیفاع لە ماف و ئازادییەکانیان هەڵوێست بگرن. هەربۆیە دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزب لەپەیامیکی ڕادیۆییدا ماوەی ٢٠ی خەرمانان تاکوو ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٦١ی، وەک "مانگی دیفاع لە ئازادی و مەوجودییەتی گەلی کورد" ڕاگەیاند. دوکتور قاسملوو داوای لە کۆمەڵانی خەڵک کرد کە لە هەموو ناوچەکان‌ بۆ دیفاع لە ئازادی و شەرەفی خۆیان وەکار کەون و " کچ و کوڕ و ژن و پیاو و گەنج و پیر لەو دیفاعەدا بەشدار بن". لەو پەیامەدا دوکتور قاسملوو ئەرکەکانی کۆمەڵانی خەڵک، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزی بەرگریی میللی و بەرپرسان و ئەندامانی حیزبی بە وردی دەست‌نیشان کردبوو. هەر لەو پەیامەدا دوکتور قاسملوو ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی ئەرکدار کرد کە پەیوەستی هێزی پێشمەرگە بن و چەکی دیفاع لە خاک و خەڵکی کوردستان هەڵبگرن: "هەموو شتێک بۆ جەبهە، هەموو ئیمکانێک بۆ سەنگەر" ببوو بە دروشمی گشتیی خەڵک لەبەرگری ڕەوادا.   بەشداری و ئەندامەتی لە ئینتێر‌ناسیۆناڵ سوسیالیست‌دا حیزبی دێموکرات وێڕای تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، بەردەوام هەوڵی ‌دەدا کە کۆڕ و کۆمەڵە نێو‌نەتەوەییەکان لە دۆخی کورد ئاگادار بکاتەوە، لەم پێوەندییەشدا دوکتور قاسملوو بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی و هەروەها بە کەڵک‌وەرگرتن لە پاشخانی دۆستایەتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبە سوسیالیست و سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپا، دەرگای ڕێکخراوی جیهانی "ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست"ی بە ڕووی کورد و حیزبی دێموکراتدا کردەوە و بۆ یەکەم جار دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٣٦٥ وەک نوێنەری حیزبی دێموکرات لە حەڤدەهەمین کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست، لە لیمای پایتختی وڵاتی پێرۆ بەشدار بوو. لەدرێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانە و بەشداریی بەردەوامی حیزبی دێموکرات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە، سەرەنجام ساڵی ١٣٧٥ لە بیستەمین کۆنگرەی ئەو ڕێکخراوەدا کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرکی ئامریکا پێک‌هاتبوو، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بانگهێشت دەکرێن و حیزبی دێموکرات لەو کۆنگرەیەدا بە ئەندامی چاودێر وەردەگیرێ و هەنووکە ئەندامی ئەسڵییە لەو ڕێکخراوە جیهانییە. بەشداریی حیزبی دێموکرات لە وەها ڕێکخراوێکی جیهانیدا کە حیزب و لایەنە پێشکەوتووخوازەکانی دنیا و بە تایبەت ئورووپای لە خۆیدا کۆکردبۆوە، ئەوکات و ئێستاش پڕبایەخە، بەتایبەت ئێستا کە کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان نوێنەری نییە، ئەوا ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست باشترین دەرفەت و سەکۆیە بۆ ناساندن و پەیداکردنی دۆست بۆ دۆزی ڕەوای کورد.   بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە و هەڵوێستی حیزب لە گەرمەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا کە هەردوو ڕێژیمی ئێران و عێراق لە شەڕدابوون، خاکی کوردستانیان کردبوو بە مەیدانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە، کە دەکرێ بڵێین شەڕی ئێران و عێراق لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە یەکێک لە پڕخەسارترین شەڕەکان هەژمار دەکرا. لەکاتێکدا کە بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕاگیرانی شەڕ دەرچووبوو، بەڵام هەردوو ڕێژیم بەردەوام بوون لە شەڕ و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ و شیمیایی لە دژی یەکتر. بێ فەڕق و جیاوازی، هەردوولا ئەو چەکانەیان بەسەر خەڵکی کورددا دەباراند. هەڵەبجە و سەردەشت و زەردەی داڵاهۆ، ئەو ناوچانەن کە ڕێژیمی عێراق بە چەکی شیمیایی بۆردومانی کردن و هەر ئەوکات حیزبی دێموکرات زۆر بوێرانە و بەڕوونی ئەم کردەوەی ڕێژیمی عێراقی مەحکوم کرد. دوای ‌ئەوەیکە شاری هەڵەبجە لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٦٦ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە کیمیاباران کرا، دوکتور قاسملوو کە تەنیا سەرکردەیەکی کورد بوو کە لەدەرەوەی وڵات دەنگی دەبیسرا دەستبەجێ لە ڕێگای ڕاگەیاندنە نێونەتەوەییەکان و هەروەها لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە درەوەی وڵات، ئەم جینایەتەی ڕێژیمی عێراقی لەقاو دا و هەروەها زۆر بە توندی ئەم کردەوەی ڕێژیمی مەحکووم کرد.   ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و هەڵوێستی حیزبی دیموکرات دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دەوڵەتی عێراق هەدادانی نەبوو و لە هێرشێکی کتوپڕدا دەستی بەسەر خاکی کوێت‌دا گرت. ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی سەدام، تووڕەیی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، و شەڕێکی پڕخەسار و ماندووکەری جارێکی دیکە تووشی سپای عێراق کرد و ئەمجارەیان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گورزی سەربازی لەسپای عێراق وەشاند. ئاکامی ئەو لەشکرکێشییە بوو بە هۆکاری ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین ( هێڵی ٣٦ دەرەجە). ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە ئاواتەکانی خۆی بگا. ئەوکات بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی باشوور لە چیاکان دەرفەتێکی مێژوویی چارەنووسسازیان بۆ هەڵکەوت، وەک ڕێبەران و فەرماندەکانی ئەوکاتی شۆڕشی کوردی باشوور دەیگێڕنەوە، بزووتنەوەکەیان لەوپەڕی دەسکورتیدا بوو کە پەنا بۆ حیزبی دێموکرات دەبەن و حیزبی دێموکراتیش سەرجەم سەرمایەی خۆی دەخاتە خزمەتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان.   تێرۆری ڕێبەرانی حیزب لە ئورووپا و باشووری کوردستان حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی خەباتی خۆیدا هەوراز و نشێوی زۆری دیوە و هەوڵی داوە کە پرسی کورد لە ڕێگای  ئاشتییانەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چارەسەر بکا، بەڵام مخابن دەوڵەتی ئیسلامیی تاران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانە نەبووە. ئەم ڕێژیمە لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا ئێستا وتووێژی وەک دەرفەت بەکارهێناوە هەم بۆ خۆڕێکخستنەوە و هەمیش بۆ زەربە لێدان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. ئەم ڕێژیمە بە بیانووی دیالۆگ بۆ چارەسەری پرسی کورد، ساڵی ١٣٦٨ دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد، ساڵی ١٣٧١ و بۆ جارێکی دیکە دوکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی لە ڕێستورانی میکۆنووسی ئاڵمان تێرۆر کرد. جیا لەوانە تێرۆری دەیان کادر و پێشمەرگە و ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان بە نیازی سڕینەوەی حیزبی دێموکرات، هەمیشە لەبەرنامەی کاری ئەو ڕێژیمەدا بووە. ئەم ڕێژیمە بێ ئەوەی بۆ جارێک بە خەیاڵیدا بێ ئاوڕێک لە چارەسەری پرسی کورد بداتەوە، تەنیا لەبیری پیلانگیڕێ و تێرۆر و سڕینەوەی ئەم حیزبەدا بووە و بەردەوام ڕێبەرانی بزووتنەوەی کردۆتە ئامانج. دوایین جار ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، سپای پاسدارانی ڕێژیم بە نییەتی کۆتایی‌هێنانی یەکجاریی بە ویست و داوا ڕەواکانی کورد، قورسترین چەکی لەدژی حیزبی دێموکرات بەکار هێنا و لە ڕێگای مووشەک و درۆن پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە ئامانج کە بەداخەوە ١٦ تێکۆشەری دڵسۆز شەهید و بەدەیان کەسیش بریندار بوون کە شەش کەس لە شەهیدەکان ئەندامی ڕێبەری حیزب بوون. لەوەڵامی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامی‌دا، خەڵکی کوردستان ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ بە مانگرتنی گشتیی وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین بەم کارەی سپا، جارێکی دیکە بە ڕێژیمیان سەلماند کە حیزبی دێموکرات حیزبی گەلی کوردە و گەلی کورد خاوەندارییەتی لە ڕۆڵەکانی خۆی دەکا. لە ڕاستیدا مانگرتنی خەڵکی کوردستان دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، لە نەوعی خۆیدا ڕێفراندۆمێک بوو کە جارێکی دیکەش خەیاڵ‌پڵاویی کۆماری ئیسلامیی بۆ لەناوبردنی حیزبی دێموکرات تاهەتایە لە گۆڕ نا. لەکۆتاییدا ئەوە حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ئەو حیزبەن کە بە یەکیەتیی و یەکگرتوویی خۆیان ئەو ڕێژیمە ڕادەماڵن و داهاتوویەکی گەش بونیات دەنێن.