کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی میکۆنووس لەسەر سیاسەتی نێوخۆی ئێران و ڕەوتی ٢ی جۆزەردان

22:12 - 31 خاکەلێوه 2722

٢٥ ساڵ لە دەرکردنی بڕیارە مێژووییەکەی دادگای میکۆنۆس تێپەڕی. ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ پاش ٥ ساڵ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و پێکهێنانی ٢٥٠ کۆبوونەوەی دادگا، دادگای میکۆنووس تیمی تێرۆری سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەک لەوان کازم دارابیی بە تاوانبارانی سەرەکیی تێرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی ناساند. ئەم دادگایە هەروەها ڕێبەر و سەرۆک‌کۆمار و وەزیری ئیتلاعات و وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی بە نەخشەداڕێژ و بڕیاردەرانی ئەم تێرۆرە ناو برد و حوکمی دەسبەسەرکرانی نێودەوڵەتیی بۆ عەلی فەلاحیان دەرکرد. ئەوکات هەم دەوڵەتی ئێران و هەم دەوڵەتی ئاڵمان هەوڵی زۆریان دا کە کار و بڕیاری دادگا بوەستێنن، بەڵام دادوەری بوێری بەرلین لە هەمبەر هەموو ئەم گوشارانە خۆڕاگریی کرد و بڕیارێکی مێژوویی لەمەڕ تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرکرد. ئەم ڕووداوە ئورووپاییەکانی ناچار کرد مل بۆ ڕاستییەکان ڕاکێشن و لەگەڵ ئەمری واقع بەرەڕوو ببنەوە. لە ئەنجامدا هەموو ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران کشاندەوە و ئێران لە دوای بارمتەگرییەکەی باڵوێزخانەی ئەمریکاوە بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی دیپلوماتیکی ژیانی خۆی بۆوە. ئەم قەیرانە هاوکات لەسەر بارودۆخی نێوخۆی ئێرانیش کاریگەریی زۆری هەبوو بەڵام کە هەتا ئێستا کەمتر باس کراوە. قەیرانی میکۆنووس لەکاتێکدا بەرۆکی ئێرانی گرت کە کەمتر لە ٢ مانگی دی دەبوا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە جۆزەردانی ١٣٧٦دا بەڕێوە بچن. ئەوکات ناتقی نوری زۆرترین شانسی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا هەبوو، چونکی هەم سەرۆکی مەجلیسی ئەوکاتی ئێران بوو، هاوکات لەلایەن ڕەفسەنجانی و خامنەییشەوە پشتیوانیی لێ‌دەکرا، بەڵام لە پاش بڕیاری دادگای میکۆنۆس وردە وردە وێژمان و دیسکۆرسی هەڵسوکەوت لەگەڵ دونیای دەرەوە، پێویستیی یاسامەندی، چاوەدێریی پتر بە سەر ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بایەخی کۆمەڵگەی مەدەنی و... کە پێشتر پشتگوێ خرابوون، بوو بە وێژمانی سەرەکی و بنێشتەخۆشکەی سەر زاران. هەر بۆیە خۆڕانان بەم ئاڵوگۆڕە پێویستی بە سەلماندنی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بوو لە ڕەفتاری تاکوو ئێستای کۆماری ئیسلامیدا و ناتقی نووری کارەکتەرێکی گونجاو نەبوو بۆ ئەم ڕوخسار گۆڕینە؛ چونکوو ئەو هێما و نوێنەری بارودۆخی ئارایی ڕژێم بوو. ئەوە بوو کە پاڵێوراوێکی نەناسراو بە ناوی محەممەد خاتەمی کە کەس پێشبینیی نەدەکرد خۆی لە دەوری دووهەمیشدا ببینێتەوە، بە هێنانەوەی بیست میلیون دەنگ هەر لە خولی یەکەمدا گرەوی هەڵبژاردنەکانی ٢ی جۆزەردانی بردەوە. هێشتا چەند مانگێک لە هاتنەسەرکاری خاتەمی تێ‌نەپەڕیبوو کە زۆربەی وڵاتە ئورووپاییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ ئاسایی‌کردنەوەی دۆخی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە سیگناڵی ئاڵوگۆڕەکانیان لە کۆماری ئیسلامیدا پێ گەیشتبوو. بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لە ئارادا نییە بیسەلمێنێ کە ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆماری ئیسلامیدا بڕیارێکی پێشوەختە بووبێ و لە ژووری بڕیاردانەکانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەم ئاکامە گەیشتبێتن کە ناڕاستەوخۆ خەڵک بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشت بکەن. بەڵام ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی بەبێ ئەم بڕیارە توانای مانەوەی لە گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانیدا نەبوو. لەلایەک ئورووپا لە بایکوت‌کردنی ئێراندا ڕەگەڵ ئامریکا کەوتبوو، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو حەز و تاسە شۆڕشگێڕییەی سەردەمی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە ئێراندا نەمابوو. هەربۆیە ڕەفسەنجانی پێشتریش سیاسەتی خۆگونجاندنی ئابووریی لەگەڵ دنیای دەرەوە گرتبووە بەر. ئەو شتەی تا ڕادەیەکی زۆر سەلمێنەری ئەم شیمانەیەیە، سەرلەنوێ مهەندیسی‌کردنی هەڵبژاردنەکانی ١٦ ساڵ دەاتر و دەستنیشان‌کردنی حەسەن ڕوحانی بوو بۆ ئاڵوگۆڕێکی دیکە لە ڕەفتار و سیاسەتی دەرەکیی ئێراندا. لە هەڵبژاردنەکانی ١٣٩٢دا سەرەڕای ئەوەی بڕیاری وتووێژ لەگەڵ ئامریکا پێشتر درابوو و کاریشی لەسەر کرابوو، تەنیا حەوجێ بە بەڕێوبەرێکی کارامە هەبوو بۆ جێبەجێ‌کردنی ڕێکوپێکی پلان و بەرنامەداڕێژراوەکان. بۆیە نەتەنیا وردەکاریی وتووێژەکانی عەمان و بەڵێنیی کۆکردنەوەی سانتریفیوژەکان بەتەواوی لە نهێنیدا ڕاگیرابوو، تەنانەت لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکاندا وایان دەنواند و جێیان دەخست کە ڕەنگە ڕوحانی بەپێچەوانەی قۆڵی دەسەڵات شێلگیرترین پاڵێوراوێکە کە مژاری وتووێژە ئەتومییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژاوای لە سەرووی لیستی پلانەکانی خۆیدا داناوە. دواتر باس لەوە دەکرا کە کاتێک عەلی‌ئەکبەر ساڵحی، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران فایلی وتووێژەکانی ڕادەستی ڕوحانی کردووە، بە دیتنی ڕادەی پێشکەوتنەکان سەری سوڕماوە. لە هەر‌‌حاڵدا لەپاش قەیران و کارەساتەکەی میکۆنووس و هەڵبژاردنەکانی ٢ی جۆزەردان، ئاڵوگۆڕێکی ڕواڵەتی لە سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی دا، بەڵام مۆرە سەرەکییەکان و قەوارەی حکوومەت هەر لەجێی خۆیان مانەوە. لەو چوار تۆمەتبارەی ڕێژێم تەنیا فەلاحیان لە پۆست و پایە هەستیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی و بەیتی ڕێبەری وەلا نرا. خامنەیی لە پاش ٢٥ ساڵ هێشتا لە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیدا ماوەتەوە، ویلایەتی ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەرە لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، ڕەفسەنجانیش تا کاتی مردنەکەی بەشێکی گرینگ لە پێکهاتەی دەسەڵات بوو. دوای بڕیاری دادگای مێکونووس وا وێدەچوو کە سنوورەکانی تێرۆر و سیاسەتی دەستێوەردانی ڕیژیم لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێهەمدا بەرتەسک کرایەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا تۆڕ و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا و تەنانەت ئامریکاش سەرلەنوێ دەستیان بە چالاکی کردوە. لەم نیوەدا کۆماری ئیسلامی ٢٥ ساڵی کات بۆخۆی و پلانە ستراتیژییەژانی دەست کەوت. ***   * وەرگێڕان لە فارسییەوە: هێمن تەرواڵ