کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژووی ڕۆژنامەگەریی جیهانی

17:46 - 5 بانەمەڕ 2722

کاری ڕۆژنامەگەری و دەرکردنی گۆڤار و بڵاڤۆک مێژوویەکی دێرین و کۆن و تایبەت بە خۆی هەیە. یەکەم ڕۆژنامە لە جیهاندا وەک ڕۆژنامەیەکی سەردەمی و چەند لاپەرەیی، لە ساڵی ١٦٠٥ی زائینی لە وڵاتی فەرانسە بە ناوی "Relation " ریلیشن لە لایەن کەسێک بە ناوی یوهان کارلۆس دەرکرا و تەمەنی لە چاپدان و بڵاوکرانەوەی ئەم ڕۆژنامەیە ٧٠ ساڵ بوو. حەمەڕەسووڵ کەریمی[/caption] هەڵبەت لە مێژووی ڕۆژنامەگەریدا، ڕۆژنامەی " گازتا " وەک یەکەمین ڕۆژنامە ناو دەبردرێ و لە سەردەمی حکوومەتی " ژولیوس سزار " ڕۆژنامەیەک بە ناوی " ئاکتادیوما " لە شاری ڕۆم لە یونان دەرچووە و کەم و زۆر لە وڵاتانی چین و یونان و میسر باس لە دەستنووسە کۆنەکان کراوە کە دواتر بوونە ڕێخۆشکەر بۆ کاری بڵاڤۆک و ڕۆژنامە. ئەوەی ڕۆژنامەی "ریلیشن" لە هەموو ڕۆژنامەکان جیا دەکاتەوە بەردەوامی لە کار و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەدا بووە و ئەم ڕۆژنامەیە هەموو حەوتوویەک لە ڕێگای پۆست و پۆستچییەوە گەیاندراوەتە دەست خوێنەران. هەر لەو سەردەمدا ئەوە پۆستچییەکان بوون کە هەواڵی جۆراوجۆریان دەگەیاندە بنکەی ڕۆژنامەی " ریلیشن " و بە گشتی لە مێژووی ڕۆژنامەگەریدا پۆستچییەکان وەک یەکەم هەواڵنێر و هەواڵهێنەر ناویان دەرکردوە. یوهان کارلوس بە کرینی دەزگای چاپی بەردین توانی کە ڕۆژنامەی "ریلیشن" لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ بە چاپ بگەیەنێ و لەو ماوە دوور درێژەدا بێ پسانەوە ئەم ڕۆژنامەیە بڵاو کراوەتەوە و ئێستا تەنیا یەک نوسخە لە ڕۆژنامەی "ریلیشن" لە موزەخانەی گوگنهایم‌دا ڕاگیراوە. لە ئێستادا زۆرترین خوێنەری ڕۆژنامە لە جیهاندا ژاپۆنییەکانن و هەروەها زۆرترین لە چاپدانی ڕۆژنامە لە جیهاندا وڵاتی ژاپۆنە. ڕێکەوتی یەکەمین ڕۆژنامەکانی جیهان بریتین ‌لە: ڕۆژنامەی "ڕیلیشن" (Relation) ساڵی ١٦٠٥ی زایینی لە فەرانسە ڕۆژنامەی " گزت " (Gazette) ساڵی ١٦٣١ی زایینی لە فەرانسە ڕۆژنامەی "پۆست و ئین‌ڕێکس تیدنینگار" (Post-och inrikes Tidningar ) ساڵی ١٦٤٥ی زائینی لە سوئێد ڕۆژنامەی "ئاکسفۆرد گزت" (Oxford Gazette) ساڵی ١٦٦٥ی زایینی لە ئینگلیس ڕۆژنامەی "پابلیک ئاکرنسز" (Public Occurrences) ساڵی ١٦٩٠ی زایینی لە ئامریکا ڕۆژنامەی "هالیفکس گزت" (Halifax Gazette)  ساڵی ١٧٥٢ی زائینی لە کانادا ڕۆژنامەی "سیدنی گزت و نیوساوت ئادورتایز" (Sydney Gazette and New South Wales Advertiser)  ساڵی ١٨٠٣ی زائینی لە ئوسترالیا ڕۆژنامەی "بەمبەئی ساماچار" (Bombay samachar) ساڵی ١٨٢٢ی زائینی لە هیندووستان ڕۆژنامەی "نیچی ـ نیچی" (Nichi-Nichi) ساڵی ١٨٧٢ی زائینی لە ژاپۆن یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی عەرەبی ڕۆژنامەی "الوقایع المصریە" ساڵی ١٨٢٨ی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە میسر بە چاپ گەیشتوە. یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی فارسی ساڵی ١٨٧٤ی زائینی لە سەر دەستی محەممەد ساڵح موهەندیس شیرازی لە حکوومەتی محەممەد شای قاجار بە چاپ گەیشتووە. یەکەم ڕۆژنامەی کوردی " کردستان " لە ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی لە قاهیرەی میسر لە لایەن بەدرخانییەکانەروە بە چاپ گەیشتووە. مێژووی ڕۆژنامەگەری زۆر لەو ڕێکەوتانەی ئاماژەیان پێکراوە، کۆنتر و بە مێژووترە، بەڵام ئەوانەی کە ئاماژەیان پێ کراوە دەستپێکی کاری ڕۆژنامەگەری‌ لە ماوەی نزیک بە ٤٢٠ ساڵی ڕابردوودایە. سەردەمانێک ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاڤۆک لە دەست حکوومەت و ناوەندەکانی حکوومەتیدا بووە و کۆنترۆڵی زۆری بە سەرەوە بووە، لە ماوەی سەد ساڵی رابردووشدا حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر کوردستان و حکوومەتەکانی دەوروبەری کوردستان نەیانهێشتووە کە کاری ڕۆژنامەوانی بە ویست و خواستی نووسەر و خوێنەران لە چاپ بدرێ و بەردەوام سانسۆر و حەزف و توڕدانی بابەتگەلێک کە پەیامی تایبەتی بۆ خەڵک پێ بووبێ لە لایەن سەر نووسەر و یا ساحەب بڵاڤۆک لە فیلتەر دراوە و وەک خۆی نەگەیشتۆتە دەستی خوێنەر. لە چوارسەدەمین ساڵی دەرچوونی ڕۆژنامەگەریدا باس لە چۆنیەتیی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە لە قەوارەی جۆراوجۆردا کراوە، بۆ نموونە باس لە دەوڵەمەندی بابەتەکان، فۆنت و دیزاین و لاپەرە و وێنە و سیمبول کراوە و بە گشتی یەک میلیارد نوسخەی لە ٢٠٠ وڵاتدا بڵاو دەکرێتەوە. ناوەندی جیهانی ڕۆژنامە (WAN) نوێنەرایەتی ١٨ هەزار ڕۆژنامە لە جیهاندا دەکا و بە گشتی ٦٥٠٠ دانەیان ڕۆژانە لە چاپ دەدرێن و بڵاو دەکرێنەوە. ئەم کورتە نووسینە تەنیا بۆ وەبیرهێنانەوەیە، بە خۆشییەوە ئێستا دونیا لە ڕێگای تیکنۆلۆژییەوە گەلێک بچووک بۆتەوە و لە جیاتی پۆستچی و دەستگێر و ڕۆژنامە فرۆش و دووکان زۆر بەئاسانی دەتوانی لە ڕێگای ماڵپەر و ئینترنێتەوە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە ڕێگای ئابوونەی مانگانە و ساڵانە وەدەست بێنی و ئەوانەی نووسەرن بە بێ ئەوەی لە سانسۆر و فیلتەری حکوومەت و ناوەندەکان دەربچن بۆ خۆیان لە لاپەری تایبەت بە خۆیان و یا ماڵپەر و ڕۆژنامە ئێلکترۆنی‌یەکان بابەت و نووسراوەکانیان بڵاو بکەنەوە. لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ڕێز لە خەبات و ماندوویینەناسی ناوەندەکانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو حیزب و لایەنە سیاسی و کەسایەتی و ئەنجوومەنانە دەگرم کە دەستیان بە ڕۆژنامەگەری کوردییەوە دیار بووە. سڵاو لە بەدرخانییەکان و سڵاو لە دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان کە ڕۆڵی سەرەکیان گێراوە بۆ دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار.