کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆنبەستی گەندەڵی لە ڕێژیمی گەندەڵدا

00:21 - 16 بانەمەڕ 2722

ئەگەر بۆ دەستپێکی باسکردن لەسەر گەندەڵیی سیستەماتیک لە پێکهاتەی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێراندا پێناسەیەکی کورت و گشتگیر لە گەندەڵی بکەین؛ دەتوانین بێژین گەندەڵی بریتییە لە کۆمەڵێک کەڵکاژۆ و خراپ بەکارهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەیی، حیزب، کەسایەتی و دەوڵەتی یان هەر جۆرە دەسەڵاتێک کە تاک یان گرووپێک هەیانبێت، بە واتایەکی تر بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی پلە و پۆست لە ڕێکخراو، حیزب، دەوڵەت و وڵاتەکان یان بەکارهێنانی سەرچاوە دارایی و ئابووری و سیاسییەکان وەکوو فریۆدانی خەڵک، دزیکردن، بەرتیل‌وەرگرتن، کەڵکاژۆ لە سامانە گشتییەکان و بەتایبەت لە داهات و پارەی گشتیی خەڵک، مامەڵەکردن لەسەر سامانی گشتی بە نهێنی و بە قازانجی تاک، گرووپ یان کۆمەڵەکەسێکی دیاریکراو کە ئەمەش بە نەخۆشییەکی مەترسیدار بۆ ڕێکخراو، حیزب، دەڵەت و وڵاتەکان و کۆمەڵگە بەگشتی دادەنرێت، هەروەها کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی لەسەر چەرخی پێشکەوتنی ڕێکخراو، حیزب، دەوڵەت، وڵات و کۆمەڵگەکاندا دەبێت و دەتوانێت زۆر بە سانایی چەرخی پێشکەوتن و گەشەکردن لەکار بخات و درزێک لە بناغە و باوەڕ و متمانەی نێوخۆییی دەسەڵاتەکان هەر لە ڕێكخراوێکی بچووکەوە تاکوو دەسەڵاتی وڵاتێکی گەورە و لە هەمووی گرنگتر لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. جۆرەکانی گەندەڵیکردن زۆرن، بەڵام لێرەدا تەنیا چەند نموونەی بەرچاو ئاماژە پێ دەکەین؛ وەکوو گەندەڵیی سیاسی، ئابووری، پیشەیی، ئاکاری و ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی کە شرۆڤە و شیکردنەوەیان مژاری سەرەکیی ئەم نووسینە نییە. ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، بە شێوازێکی سادەتر پێناسەی گەندەڵی کردووە و دەڵێت گەندەڵی بریتییە لە خراپ کەڵک‌وەرگرتن لە پلە و پۆست و دەسەڵاتی باوەڕپێکراو و متمانەپێدراو لە پێناو بەرژەوەندی و بەدەستهێنانی دەسکەوتی تاکەکەسی یان کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراو.   گەندەڵیی سیستەماتیکی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمەوە بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر دۆخی ئەو سەردەمی وڵات و نەتەوەکانی چوارچێوەی ئەو وڵاتە و هەروەها پێکانی ئامانجە تاکەکەسی و گرووپییەکانی بازنەی دەسەڵاتێک کە پێشتر پلان و بەرنامەیان بۆ داڕێژرابوو، گەندەڵییان وەکوو چەکێک بۆ شەڕی نەرم لەگەڵ خەڵکانی وڵات بەکار هێنا. بە تێپەڕبوونی کات و سەردەمەکان بەڕێوەبەرانی سەرەکیی ئەو ڕێژیمە زیاتر پەرەیان بە گەندەڵییەکان دا و هەنووکەش بووە بە قەیرانێکی سەرتاپاداگر و لە سەرجەم دامودەزگاکانی خودی ڕێژیم لە سەرەوە تاکوو خوارەوە تەشەنەی کردووە. گەندەڵی جیا لەوەی کە خەڵکانی ئەو وڵاتەی بێزار و تووڕە کردوە، بووەتە خۆرکەش بۆ گیانی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم و لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمدا ڕەنگدانەوەی دیار و بەرەچاوی هەیە. گەندەڵی لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت نەک تەنیا بەهیچ شێوازێک بە میدیاکان و بەرپرسانی ڕێژیم پەردەپۆش ناکرێت و ناشاردرێتەوە، بەڵکوو زۆر جاریش کێشەی گەورەی لەنێوان بەڕێوەبەرانی ڕێژیم لە سەرەوە بۆ خوارەوە دروست کردووە کە داوای دادگاییکردنی یەکتر دەکەن و زۆر جاریش خودی بەرپرسانی ڕێژیم لەم دیاردەیە وەکوو هەلێک بۆ شەڕی باڵباڵێنی ڕواڵەتیی نێوان خۆیان کەڵک وەردەگرن. بەرپرسانی ڕیژیمی ئاخوندیی ئێران لە درێژەی هەمان سیاسەتی "تفرقە بینداز و حکومت کن"، واتە ئاژاوە بگێڕە و دەسەلات بەدەستەوە بگرە، بۆ تێکدانی شیرازەی بنەماڵەکان، بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگە و سەرجەم ئامانجە قڕێژەکانی ڕێژیم تاکوو بە ئاسانی درێژە بە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی خۆیان بدەن، گەندەڵی وەکوو بەشێکی سەرەکیی پیلان و بنەمای بەرنامە تێکدەرانەکانی خۆیان بۆ داپڵۆساندنی خەڵکانی چارەڕەشی چوارچێوەی ئێران پەرە پێ داوە. لەو نێوەدا بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەکوو بەشێکی کۆلۆنیکراوی ئێرانی سیاسیی هەنووکەیی، بێبەش نییە لەو دیاردە مەترسیدارە و بگرە لە کوردستاندا بە ئامانجگەلێکی جیاوازتر زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران پەرەیان پێ داوە.   گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و کەڵکاژۆ لە دەسەڵات و سامانی وڵات بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی تاڵانکەری ئێران هەنووکە دەستیان بەسەر گشت دارایی و سامان و داهاتی وڵات داگرتووە و پاوانی خۆیانیان کردووە. منداڵانی گشت بەرپرسانی سەرەوەی ئەو ڕێژیمە لەسەر سامانی گشتیی وڵات و داهاتی خەڵکی چارەڕشی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەت ئەمریکا و کانادا تەڕاتێن دەکەن و سەرەڕای ئەوەش؛ دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا بووەتە بنێشتەخۆشەی سەر زاریان. کار گەیشتووەتە جێیەک کە کارناسانی ئابووریی سەر بە خۆشیان دەڵێن کە نەبوونی یاسایەکی وەڵامدەر و بەرگێرەوە، سستی و لاوازیی دامودەزگاکان و بەتایبەت دەزگا چاوەدێرییەکان، نەبوونی شەفافسازی، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە تاکەکەسی و گرووپییەکان و خۆدزینەوەی بەرپرسان و کاربەدەستان زۆرترین هۆکاری گەندەڵین لە وڵاتدا و تاکوو ئەو کێشانەیش چارەسەر نەکرێن، ناکرێت گەندەڵییەکان بنەبڕ بکرێن، بۆ چارەسەریی ئەم دیاردەیەش دەبێت هەر لە سەرەوە دەست بە چاکسازی بکرێت. بەڵام ڕوونە کە بەپێی ئەوەی کە ئاڵاهەڵگرانی گەندەڵیی وڵات بەرپرسانی سەرەوەی ڕێژیم و لە قۆناغی یەکەمدا خودی خامنەیی، ڕیبەری ڕێژیمە و لە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی ئەو ڕێژیمە پاوانخوازەشدا هیچ ‌کات و هەر بە خەونیش دەرفەت بەو چاکسازی و بەربەرەکانێیە نادرێت. بەپێی ئامارێک کە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەیی تایبەت بە میرات و دارایی و سامانی تاکەکەسیی "خامنەیی"، لە ٢٠ی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٣ی کوردی (١١ی نۆڤامبری ٢٠١٣ی زایینیدا) بڵاوی کردووەتەوە، سامان و داراییی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران زیاتر لە ٩٥ میلیارد دۆلار مەزندە کراوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە ئاشکرای کردووە کە زۆرترین دارایی و سامانی ڕێبەری ڕێژیم لە ناوەندێکی فۆرماڵیتە بە ناوی "ستادی فەرمانەکانی خومەینی"دا هەنبانە بووە و بەشیکی زۆری سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵات و بەتایبەت نەوت و بازاڕی دراو لەژێر کنترۆڵی ئەو ناوەندەدایە و بناغەی ئابووریی وڵاتی ئێران، سامان، دارایی و داهاتی خەڵکانیش لەلایەن ئەو ناوەندەوە دەستی بەسەردا گیراوە. خاڵێکی گرنگ کە لەو لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەوەیە کە؛ بەشیکی زۆر لە دارایی و سامانی ئەو ناوەندە، ماڵ، مڵک، سامان و دارایی بەهایی و بازرگانەکان و ئەو هاووڵاتییانەی ئێران کە بە هەر هۆکارێک پەڕیوەی دەرەری وڵات بوون، هەروەها ئێرانییەکانی دژبەری ڕێژیم، بەندکراوانی سیاسی و ئایینی و بەتایبەت کەسایەتییە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم لە دەرەوەی وڵاتن و ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو ناوەندە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری و بە شیوەی ڕاستەوخۆ بۆی هەیە دەست بە سەر مڵک، دارایی، داهات و سامانی هاووڵاتییانی ئێران لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دابگرێت و بە بەردەوامییش ئەو کارەی کردووە. پێشتریش "بێهزاد نەبەوی" کە یەکێک لە کاربەدەستانی پێشووی ڕێژیم بووە و چەندین پۆست و بەرپرسیارەتیی گرنگ وەکوو وەزیری پیشەسازیی، چەند دەورە جێگری سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پارلەمان و ...هتد لە ئەستۆی بووە، لە پێوەندیی لەگەڵ گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە "ناوەندی فەرمانەکانی خومەینی"، "قەرارگای خاتەمولئەنبیا"، "ئاستانی قودس ڕەزەوی" و "بونیادی موستەزەعفان" کە ڕاستەوخۆ سەر بە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم و نووسینگەی خامنەیین، دەستیان بەسەر زیاتر لە سەتا ٦٠ی دارایی و سامان و داهاتی وڵاتی ئێراندا داگرتووە. هەر لەم پێوەندییەدا "پەرویز فاتێح"، سەرۆکی "بونیادی موستەزەعفان"، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی گەلاوێژی ٩٨، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ ئەو ناوەندە لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٦ هەزار میلیارد تمەن داهاتی بووە و زیاتر لە ٧ هەزار میلیارد تمەنی قازانج و داهاتی گەشتیاریی هەبووە. هەر بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم ئەو ئامارانەش ناڕاستن و داهاتەکان زۆر لەوە زیاترن کە ئاماژەیان پێ کراوە. هەر لەم پێوەندییەدا "ئەحمەد تەوەکۆلی"، کۆنەبەرپرسێکی بناژۆخوازی ڕێژیم کە پێشتر چەندین بەرپرسیارەتیی گرنگی لە ئەستۆ بووە، هەر لەو مانگەدا وێڕای ئاماژەدان بە گەندەڵییە لەڕادەبەدەرەکانی ئەو ناوەندە، بە میدیاکانی ڕێژیمی ڕاگەیاند کە پڕۆژەی چاکسازی و شەفافسازیی وڵات دەبێت لە بەیتی ڕێبەری و ناوەندە گرێدراوەکانییەوە دەستی پێ بکرێت و ئەو ئامارانەی کە لەسەر داهاتی ئەو ناوەندانە بڵاو دەکرێنەوە زۆر لەوە زیاترن، بەڵام ناوەند و نووسینگە گرێدراوەکانی بەیتی ڕێبەری، نەیانهێشتووە و ناهێڵنیش کاری لەو شیوەیە بکرێت. ئەوە بوو کە ڕۆژی هەینی، ٢٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ١٧ سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەر پیشنیار و هەوڵی سێناتۆر "تێد کرووز"، داوایان کرد کە گەمارۆکانی سەر ڕێژیم و بەتایبەت بۆ سەر ماڵ و داراییەکانی خامنەیی، کە سەرچاوەی گەندەڵی، دزیکردن و بە تاڵانبردنی ماڵ و مڵکی خەڵکانی ئێرانە، زیاتر بکرێت. ئەوە تەنیا ئاماژەیەکی زۆر کورت بوو بە گەندەڵی و بەتاڵان‌بردنەکانی خامنەیی، لە ماڵ، مڵک، دارایی و سامانی خەڵکانی ئێران. ئەم شیوازە گەندەڵی‌کردنە هەر لە سەرەوەی بۆ خوارەوەی ئەو ڕێژیمە شۆڕ بۆتەوە و سەرجەم بەڕێوەبەران بەرپرسان و گشت دامودەزگاکانی ڕێژیمی داگرتوە. هەر لەم پێوەندییە و لە ماوەی ڕابردووشدا، بەشی سەربازی و بەرگریی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر گەندەڵییەکانی ڕێژیمی ئێران، دۆخی بەرگری و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێرانی لە بواری گەندەڵییەوە بە قەیراناوی و کارەساتبار لەقەڵەم داوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە جگە لە پێوەری پەیوەندیدار بە فەرمانبەران کە دۆخێکی پڕمەترسیداری دروست کردووە، پێوەرەکانی بەشی سەربازی، سیاسی، ماڵی، ئۆپەراسیۆنی و لۆجیستیکیی ڕیژیمیش لە دۆخی قەیراناوی و کارەساتباردان. پێشتریش هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم و بەتایبەت ڕۆژنامەی "ئیقتساد"، بەپێی قسە و لێدوانەکانی بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی ئابووریی ڕێژیم بڵاویان کردبووە کە نێوەنجیی گەندەڵی و دزیکردن و بەرتیل‌وەرگرتن تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوودا بەپێی بەراورد لەگەڵ دوو ساڵ پێشتر، پەروەندەکان سەتا ٦١ و تاوانبارەکانیش سەتا ٩٤ و (بەتایبەتی بەرتیلخۆری کە زۆر پەرەی سەندووە) بەرتیل‌وەرگرتن سەتا ٣٥٧ زیادیان کردووە. دەبێت بڵێین گەندەڵییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، بەهۆی سیاسەتی میلیتاریزەکردن و ئەمنییەتیی ڕێژیم چەند قات لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاترن و بەتایبەت کە بە هۆی ڕوانگەی داگیرکەرانەی ڕێژیمەوە هیچ لێپرسینەوەیەک لە گەندەڵیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە کوردستان ناکرێت. *** تێبینی: بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئامار و داتای ناوەندەکانی ئامار، هەواڵدەری و ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانی نێوخۆی ئێران، ، ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و ناوەندە هەواڵدەرییە کوردییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە، هەروەها لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و ناوەندە هەواڵدەرییە فارسییەکانی دەرەوەی ئێران، وەکوو سەرچاوە کەڵک وەرگیراوە.