کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له " ئاسمیلاسیۆن " ڕا هەتا "زەویی سووتاو" (زامەکانی سەرزەوییەکی بەندکراو)

00:23 - 16 بانەمەڕ 2722

مێژووی چەند هەزار ساڵەی کورد و کوردستان لە پەنا تایبەتمەندییە کولتووری، زمانی و ئەدەبییە دەوڵەمەندەکەی لە تەنیشت شوێنەوار و بینا دێرینەکان، ئاسەوارە سەرنجڕاکێشەکان و سروشتی جوان و دڵڕفێنی کوردستان هەمیشە و هەموو کات وەک چەقڵێک لە چاوی دوژمنانی ئەو نەتەوە و نیشتمانەدا بووە. بەهەڵە نەچووین ئەگەر بڵێین ڕق و دڵگرانی داگیرکەران دژ به مێژوو، کولتوور و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لە دژایەتی بەرانبەر بە خەڵکی کورد نەتەنیا کەمتر نەبووە، بە بەراورد زیاتریش بووە. ئەم دوژمنایەتییە ڕوون و بەئاشکرایە بە پانتایی ئەو جوغڕافیا بەندکراوه لە دەیان فۆرم و شێوەی جۆراوجۆردا دەبینرێ. لەو نووسینەدا بەکورتی باس لە بەشێک لەو سیاسەتە نامرۆڤانە و داگیرکەرانەی نەیارانی کورد لە ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ خەڵکی کورد و نیشتمان کوردان دەکەین. دیارە هەر لەجێدا هەرکام لەو کورتە باسانە خۆیان دەتوانن هەوێنی باسێکی دەوڵەمەند بن کە ئێمە لێرەدا کورتمان کردوونەوە.   ئاسمیلاسیۆن (Assimilation culturelle) ئاسمیلاسیۆن به مانای یەک‌کردنی فەرهەنگییە و مەبەست لێی تێکۆشانێکە بۆ سڕینەوەی زمان و کولتووری کەمینەکان و داسەپاندنی زمان و کولتووری دیاریکراوی لایەن حوکمڕان بۆ هەرچی زیاتر زاڵبوون بە سەر کەمینەکاندا. هەروەها بە مانای تێدابردنی داب و فەرهەنگی خەڵکانی وڵاتی داگیرکراو لەلایەن داگیرکەرانیشەوە دەکار دەکرێت کە دیارە ئێمە لەو نووسینەدا مەبەستمان ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگییە. ڕەنگە بکرێ هەوڵی کۆچەره ئوڕووپیەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوورپێستەکانی ئامریکادا بۆ دوورخستنەوەیان لە زێد و نیشتیمانیان لە کوتایی هەشتاکان بە یەکەمین هەوڵی داگیرکەران بۆ تێدابردنی زمان و کولتووری نەتەوەیەک دابندرێت. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە لە زۆربەی کەیسەکانی پێوەندیدار بە ئاسمیلاسیۆندا ئەوە داگیرکەران بوون کە خەریکی سڕینەوەی مێژووی و نەریتی وڵاتی داگیرکەراو بوون. میوانی بانگ‌نەکراو کە تەنانەت چاوی بینینی زمان و کولتووری خانەخوێی نییە. دیاره داگیرکەران هەر له سەرەتاوە زانیویانە که زمان و کولتووری هەر میللەتێک گەورەترین و بەهێزترین فاکتەری ڕێگر لە بەرانبەر بەچۆکداهاتن و خۆبەدەستەوەدانە. ئاسمیلاسیۆن لە کوردستان چیرۆکێکی خەمناک و دوورودرێژە. بەسەرهاتێکی تاڵ کە زیاتر لە هەر ڕووداوێکی تر جەستەی ئەو جوغڕافیا بەندکراوەی ئازار داوە. برینێک کە هەرچەند ساڵ جارێک لە شوێنێکی تر سەرهەڵدەداتەوه. لە قەدەغەبوونی قسەکردن بە زمانی دایکی و تەنانەت کەڵک‌وەرگرتن لە وشەی کوردی لە باکوور، تا بوونی هەزاران کوردی بێ‌ناسنامە لە ڕۆژئاوا، لە ئەنفال و ژێنۆساید و کۆمەڵکووژی لە باشوور، هەتا شەڕی نەرم و ڕەقی تاران لە دژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. بەداخەوە وەک تەواوی ڕووداوە تاڵەکانی تر ئەمجارەش ئەم وڵاتە بێ‌پەنایە لە پانتاییەکی زۆر گەورەتردا کەوتۆتە بەر هێرش و ئازاری داگیرکەران، لە بێدەنگی و پاسیڤ‌بوونی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا کاری ئاسمیلاسیۆن و یەکدەست‌کردن گەیوەتە توندوتیژییەکی ئاشکرا، سڕینەوە و نەهێشتن، ژینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی نیشتمان شێوەیەکی زۆر نەرم و ڕووخێنەری لە ئاسمیلاسیۆن بە خۆیەوە دیوە. هەرچەند دژایەتی لەگەڵ زمان و کولتووری کورد هەر لە سەرەتای سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامییەوە دیار بوو، بەڵام دەتوانین بڵێین بەشی زۆری ئەم دژایەتیکردنە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و بەپێی پلانێکی لەپێشدا داڕێژاو، دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی ئێران و عێراق. لەڕاستیدا داگیرکەران شەڕیان وەک فاکتەرێک بەکار هێنا بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیی شارەکانی شەڕلێدراو، ئەویش بە بیانووی نیشتەجێ‌کردنی ئاوارەکانی شارەکانی دیکە و بەمجۆرە جێخستنی پلان و پیلانی سازکردنی تێکەڵاوییەکی تەواو ناڕێکی زمانی، فەرهەنگی و داسەپاندنی جۆرێک چەند بەرەکایەتی و لە کۆتاییدا ڕێگا خۆشکردن بۆ سیاسەتی لەپێشدا داڕێژراوی لایەنی حوکمڕان. کرماشان زیاتر لە هەر شارێکی دیکەی ڕۆژهەڵات لە سۆنگەی ئەو سیاسەتە چەپەڵەی داگیرکەرانەوە زیان و خەساری بەرکەوت. بێ سەرەوبەرەیی و دابەشکردنی دانیشتووان لەسەر بنەمای هوز و ئایینی جیا کاری گەیاندە ئەم ئاستە کە بەشێک لە خەڵکانی ڕەسەنی شارەکە بە ناچار زێد و ماڵی خۆیان جێ بهێڵن و ڕێگا پتر بۆ سێناریۆی داگیرکەران خۆش ببێت. هاوتای ئەم سیاسەتە شۆڤینییە، واتە لەنێوبردنی بەشێک لە شوناس و ناسنامەی شارێک لە پێوانەیەکی بچووکتردا لە ئیلام و شارەکانی ئەم پارێزگایەشدا دەبینرێت. ئاسمیلاسیۆن بە شێوەی جۆراوجۆری دیکەش لە بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات کراوە. لە ڕاستیدا ئەوجار داگیرکەران بە شێوەیەکی زۆر ئاشکراتر قوڵیان لە تێکدانی جوغڕافیایی، کومەڵایەتی و فەرهەنگی و، گوڕینی دێمۆگرافی و پێکهاتەی ناوچەکان هاوکات لەگەڵ ترساندن و هەڕەشە و دەرکردنی خەڵکی کورد و سازکردنی دووبەرەکیی دینی و میللیەتی و داسپاندنی حوکمی کەمینە لەسەر زۆرێنەی کورد لەو ناوچانەدا هەڵماڵیوە. بۆ گەڕان بەدوای شوێن‌پێی ئەم‌جۆره لە ئاسمیلاسییۆن دەتوانین ئاماژە بە شارەکانی نەغەدە و ورمێ بکەین کە ئێستا لە سێبەری ساڵانێک سیاسەتی نەرمی تواندنەوە و بڵاوکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی و قین، جێگای میوان و خانەخوێ گۆڕاوە!   زەویی سووتاو (Scorched earth policy) سیاسەتی زەویی سووتاو پلان و پیلانێکە بۆ نەهێشتن و خاپورکردنی تەواوی سەرچاوە و سامانە سروشتی و کشت‌وکاڵییەکانی پێوەندیدار به ژینگە و هاتوچۆ و... . بە واتایەکی گشتی بێبەری کردنی خەڵکی وڵاتی داگیرکەراو لە خاک و سامان و سەرچاوەکانی. لە ڕاستیدا ئەوجار داگیرکەران داماو و دەستەوەستان لە گۆڕینی دێمۆگرافیی وڵاتی مەبەست و داسەپاندنی زمان، کولتوور و فەرهەنگی خۆیان بە سەر خەڵکی داگیراودا، ڕاستەوخۆ چوونە شەڕی جوغرافیایی بەندکراو. لەبەین‌بردنی سامان و سەرچاوەکان و تەنانەت ئاگرتێبەردانی دارستانەکان لە کاتێ پاشەکشەی هێزەکانی ئامریکا لە ویتنام بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست شەڕکەرەکانی "ویت کۆنگ"، تێکدان و خاپورکردنی پرد و ڕێگاوبان و ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵاتانی داگیرکراو لە کاتی چۆڵکردنیان لەلایەن ئەرتەشی ئاڵمانی نازی، ئاگرتێبەردانی چاڵە نەوتییەکانی کوێت لەلایەن ئەرتەشی عێراق و... بەشێک لەو سیاسەتی زەویی سووتاون. هەرچەند "زەویی سووتاو" وەک پلانێکی نیزامی و زۆرتر لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی داگیرکراودا باسی لێ دەکرێ، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا شێوەیەکی تر لەم سیاسەتە نەگریسە دنیای داگرتوە. وەک ئاماژەیەک بۆ ئەم سیاسەتە، دەوڵەتی میانمار بە ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و زەویی موسڵمانانی ڕوهینیگا ئەوانی ناچار کرد زێد و نیشتمانی خۆیان جێ بهێڵن. ئەوەی لە درێژەی ئەو باسە لە دو بەشدا دێ ڕوونی دەکاتەوە ئەوەی ساڵانێک لەلایەن داگیرکەرانەوە بە سەر ڕۆژهەڵات هاتوە، دەقی ئەم سیاسەتە چەپەڵەیە.   بەشی یەکەم: سامانە سروشتییەکانی کوردستان سروشتی جوان و دڵڕفێنی کوردستان هیچ کات لە دەستدرێژی و تاڵانی داگیرکەران دوور نەبووە و بە شێوەی جۆراوجۆر کەوتۆتە بەر تاڵانی و ڕاووڕووت و لەنێو بردن و خاپوورکردن. وەک میناک: - ئاگرتێبەربوونی دەیان جارەی لێڕەوار و دارستانەکان بەهۆی کەمتەرخەمی و هەڵبەت ئاگرتێبەردانی بەئانقەستی دارستانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوه. - دەستبەسەرداگرتن و پاوانکردنی زەوی‌وزار، کانگا بەردەکان و زەوییە میللییەکان و دابەشکردنی لە نێوان کەسان و بەکرێگیراوانی سەر بە دەسەڵات. کاولکردنی شوێنە سەرنجڕاکێشە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵات بە هۆی دەستێوەردان و گۆڕانکاریی ناڕاست. - سازکردنی نازانستی و بێ‌بنەما و بێ‌سەرەوبەرەی بەنداو لەسەر زێ و ڕووبارەکانی کوردستان و ڕاگواستنی بەشی زۆری ئاوی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران و سازکردنی قەیرانی بێ‌ئاوی و گیروگرفت بۆ وەرزێران. - دانی سەدان جەواز و مۆڵەت بێ‌بنەما بۆ دەرهێنانی کانی بەرد و ڕاگواستنی ماتریاڵی خاو بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵات کە جگە لە کاولکردنی ژینگە و بەتاڵانبردنی سامانەکانی کوردستان هیچی دیکەی بۆ خەڵکی کورد بەدیاری نەهیناوە. - تێکدانی پێکهاتە و بافتی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات بەهۆی دانی بێ‌بنەمای جەواز و مۆڵەت بۆ بیناسازیی نایاسایی و لەڕاستیدا فرۆشتنی شار. لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەبێ ئاماژە بکەین بە گرتن و بەندکردنی سەرەڕۆیانەی دەیان چالاکی ژینگەپارێز کە گەورەترین تاوانیان! هەوڵدان بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان و هەڵبەت لەقاودانی سیاسەتی داگیرکەرانەی کۆماری ئیسلامییە.   بەشی دوهەم: شۆنەوارە و بینا دێرینەکانی کوردستان بەشێکی دیکە لە ستراتیژیی "زەویی سووتاو" دزین و تاڵانی ئاسەوارە دێرینەکان، یان لەنێوبردن و خاپوورکردنی شۆنەوارە مێژووییەکانە. لە کاتی بەزینی ئەرتەشی فەڕانسە و داگیرکردنی لەلایەن ئاڵمانی نازی بە فەرمانی هیتلێردا، دەبوا تەواوی ئاسەوارەکانی مێژوویی فەڕانسە کۆ بکرێنەوە و بۆ ئاڵمان و ئوتریش ڕاگوێزرێن. دەڵێن کاتێک سەربازەکانی نازی گەیشتنە پاریس پێش هەموو جێیەک چوونە موزەی لوور، بەڵام بە دیتنی هۆڵ و ژوورە چۆڵەکانی موزە سەرسام بوون؛ چونکی بەڕێوەبەرایەتیی "لوور" لە هەوڵێکی ژیرانەدا و ڕەنگە بە هۆی ئاگاداری لە ڕێوشوێن و خوو و خدەی داگیرکەران، تەواوی ئاسەوارەکانی بۆ شوێنی دیکە ڕاگواستبوو. هەرچەندە لوور لە دزی و تاڵانی ڕزگاری بوو، بەڵام بەداخەوە هەزاران ئاسەواری دیکە لە فەڕانسە و وڵاتانی دیکەی داگیرکەراو بەتاڵان چوون یان خاپورکران. لەنێوبردنی شوێنەوار و بینا دێرینەکان بەشێکی تر لە دژایەتی‌کردنی ئەرتەشی نازی دژ بەم وڵاتە داگیرکەراوانە بوو. مێژووی هەزاران ساڵەی کورد هەرچەند هەوراز و نشێوی زۆری دیوە، بەڵام هەر سەردەمێک تاقمێک یادگاری بێ‌وێنەی لە خۆی بەجێ هێشتوە. وەک سروشتی کوردستان ئەم شوێنەوار و ئاسەوارە مێژووییانە لە دەستدرێژیی داگیرکەران له ئەماندا نەبوون، ڕەنگە مێتۆد و شێوازەکان جیاواز بن، بەڵام ئامانجی هەموویان یەک بووە. لە ڕاستیدا داگیرکەران  به ڕاووڕووت و بەتاڵانبردنی ئاسەوارە دێرینەکان و یان کاولکردن خاپوورکردنی شوێنەراوی کەونار و بینا مێژووییەکان شوناس و ناسنامەی کوردیان کردۆتەوە ئامانج. پرۆسەی تاڵانی و لەنێوبردنی ئەو میراتە پڕبایەخانه دەتوانین لە سێ بەشدا باس بکەین:   تاڵان و دزینی ئاسە وارەکانی کوردستان: شێوەی ڕوون و ئاشکرای ئەو ئامانجە شۆڤینییە، کۆڵین و هەڵقەندنی دەیان جارەی زۆربەی شوێنەوار و بینا و گرد و تەپۆڵکە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاته بۆ دەرهێنان و ڕاگواستن و بازرگانی‌کردن بەم میراتە پڕبایەخە. زۆربەی هەرەزۆری ئەم ڕاووڕووت و بەتاڵان‌بردنە سیستماتیک و ڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵات یان  کەسانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی و؛ بە ئامانجی سڕینەوەی بەشێک لە مێژووی کورد کراوە.   پێڕانەگەیشتن هەتا هەوڵی بەئانقەست بۆ لەنێوبردن: لە سۆنگەی ساڵانێک کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی لایەنە پێوەندیدارەکان، بەشێکی زۆر لە شوێنەوار و بینا دێرینەکانی ڕۆژهەڵات مەترسیی کاوڵبوونیان لەسەرە. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە بەشێک لەم میراتە پڕبایەخانە ناوبانگی جیهانییان هەیە. ئەگەرچی ئەژماری ئەم بینایانە زۆرن بەڵام تەنیا باسی دوو نموونە  دەکەین: تاق‌وە‌سان: تاق‌وەسان یەکێک لە بێ‌وێنەترین شوێنەوارە مێژووییەکانی ئێران و جیهانه و بە بەشێک لە مێراتی جیهانی دادەنرێ. خاوەنی گەورەترین ئەنیمەیشنی بەردینەی دونیا باس لە گەورەیی و شکۆی سەردەمی دێرین دەکا. یەکێک لە شاکارەکانی مێژوویی دونیا و گەورەترین نەقش و نیگارەکانی سەردەمی ساسانی که ئێستا لەسۆنگەی کەمتەرخەمی و هەڵبەت بەئانقەست هەر ڕۆژە تووشی زیان و خەسارێکی نوێتر و زیاتر دەبێ. لە وشکبوونی لەناکاوی کانییەکان تا قەڵشانی پەیکەرەکان بە هۆی بیناسازی و دەستێوەردانی نازانستی. بەشی تاڵتری ئەو چیرۆکە نۆژەنکردنەوەی ئەو میراتە پڕبایەخەیە بە شێوەیەکی تەواو سەرەتایی و بێ‌پلان. لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارە لە سەرەتای هەشتاکان دەستی پێ کرد و لە نەوەدەکاندا چووە بواری جێبەجێکردن. ئەو لێکۆڵینەوەیەی که قەرار بوو بێتە هۆی زیندووبوونەوە و بووژانەوەی تاق‌وەسان، ئێستا دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ لە دەسپێکی هەموو ڕۆژێک زامێکی نوێ دەنێ بە جەستەی بێ‌گیانی ئەو شوێنەوارە مێژووییە.   بەرده کونتە: شوێنەواری مێژوویی بەرده کونتە لە باکووری شاری مەهاباد هەڵکەوتوە. بە پێی لێکۆڵینەوەکان پێشینەی ئەو شوێنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "مانا" کان. شوێنەوارێک بە مێژووی چەند هەزار ساڵ کە بۆتە شوێنی چەقاندنی دەکەڵی تەلەیفوون و بەشێکیشی لە کاتی گەورەکردنەوەی ڕێگای مەهەباد بۆ ورمێ‌دا خاپورکرا.   تێکدانی چوارچێوە و پێکهاتەی شوێنەوار و بینا دێرینەکان بە بیانووی نۆژەنکردنەوە: شێوەیەکی تازە و زۆر نامرۆڤانەتر لە خەسار گەیاندن بە شوێنەواره مێژووییەکان بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا، دەستێوەردان و گۆڕێنی شوناس و لەبەین‌بردنی ئەو میراتە پڕبایەخانەیە بە بیانووی نۆژەنکردنەوەیان. داگیرکەران بۆ بێدەنگکردنی ڕای گشتی سەبارەت بە کەمتەرخەمییەکانیان لە پاراستنی بینا دێرینەکان، بەپێی پیلانێکی لەپێشدا دیاریکراو و لەژێر ناوی پرۆسەی پاراستن و نۆێکردنەوە بە دەستێوەردان و گۆڕانکاریی بەئانقەست، دەبنە هۆی تێکدانی شوناس و پێناسەی ئەو شوێنەواره بۆ هەمیشە. گرینگیی ئەو باسە لەوەدایە کە بەهۆی چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو کارەساتە زۆر کەمتر دەکەوێتە بەر چاوی زۆربەی خەڵک و بە شێوەیەکی نەهێنی دەمێنێتەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن لەو پێویستیی بە زانستی تایبەت هەیە، بۆ نموونە: مزگەوتی سووری مەهاباد/ مزگەوتی سوور لە ناوەندی شاری مەهاباد هەڵکەوتوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوی و لەلایەن بوداق سوڵتان موکرییەوە ساز کراوە. لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی سووردا گومبەزەکانی کە سەدان ساڵ لە بەرامبەر باران و بەفردا بە ساغی مابوونەوە، بە ئیزۆگام داپۆشران کە بوو بە هۆی تێکدانی بافتی بیناکە و لەنێوبردنی بەشێک لە شوناسی ئەو بینا مێژووییە. ئەو دەستێوەردانه تا ئەو ڕادەیە کرێت و ناشیرین بوو کە بوو بە هۆی ناڕەزایەتی‌دەربڕینی تەنانەت بەشێک لە لایەنەکانی پێوەندیداری دەسەڵات. ‌جێگای باسە پێشووتر لە کاتێ نوێکردنەوەی حەمامی لەج ، بە داخەوە هەر بەو شێوەیە کار کرابوو کە بوو بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی کەسانی شارەزا، تەنانەت لە دەرەوە ی وڵات. *** ئەوەی لەو نووسینەدا ئاماژەی پێ کرا خۆێندنەوەیەکی کورت بوو لەسەر بەشێک لەو سیاسەتە فرەڕەهەندەی داگیرکەران بۆ لەبەین‌بردن و سڕینەوەی تەواوی فاکتەرەکانی پەیوەندیدار بە مێژوو و فەرهەنگی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات، سیاسەتێکی کە نەتەنیا خەڵکی کورد بەڵکوو خودی جۆغڕافیای ڕۆژهەڵاتی کردۆتە ئامانج. ئاشکراشە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو سیاسەتە چەپەڵە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی هەر ڕۆژە و تێکۆشانێکی ماندوویی‌نەناسانە هەیە.