کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مرۆڤ‌کوژی لە کوردستان پەیژەی سەرکەوتنی کاربەدەستانی رێژیم

00:42 - 16 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بانەمەڕ دوایین کۆبوونەوەی دادگایی‌کردنی حەمید نووری (عەباسی) لە سوئێد بەڕێوە چوو و لەلایەن دادگاوە ڕاگەیەنڕا کە ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ حوکمی کۆتایی لەسەر ئەم تاوانبارە دەردەچێ. حەمید نووری یەکێک لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەجە کە بەپێی بەڵگەکان و شایەتیدانی شایەتەکان دەستی لە کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ٦٧دا بووە. داواکاری گشتیی سوئێد ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پاش دوایین بەرگری و هەوڵەکانی خۆی لە دادگا، داوای حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری بە تاوانی جینایەتی جەنگی و کوشتنی بەئەنقەست کرد. کۆتایی دادگا پاش ٩٢ دانیشتن دوای ئەوە هات کە حەمید نووری خەزەڵوەری ٩٨ بۆ سەفەرێک کە دەوترێ داوێک بووە کە بەتەماحی ڕابواردن لەگەڵ ژنان و سەفەری دەریایی بۆی دانرابوو، لە سوئێد دەسبەسەر کرا. لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا لەگەڵ بەڵگەی زۆر، زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسیی پێشوو دژی نووری شایەتییان دا کە ئەم کەسەیان لە جەریانی دادگاییە چەند خولەکییەکانی خۆیاندا لە دادگا دیبوو یان تەنانەت بە دەستی ئەو ئەشکەنجە کرابوون. کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کە لەودا هەزاران زیندانیی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی کۆمەڵکوژ کران،خۆی یەکێک لە گرینگترین ڕووداو و لە هەمان کاتدا یەکێک لە گەورەترین جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە دادگای سوئێدیشدا بە جینایەتی جەنگی ناوی هات. ئەم جینایەتە جەنگییە بە فەرمانی خومەینی و بە سەرپەرستیی تیمێک بەڕێوە چوو کە هەموویان لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت بوون و یەک لەوان ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری ئێستای ئێرانە. بۆیە پێکهاتنی ئەم دادگایە و کێشانی یەکێک لە تاوانبارانی هاوینی ٦٧ بۆ بەردەم دادگا خۆی یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکان و دەسکەوتێکی گەورە بۆ ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە کە لە پاش دادگای میکۆنۆس بۆ جارێکی دیکەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی تێدا بە سزا دەگەیەندرێن و ئەمە بە ڕادەیەکی زۆر بووەتە مایەی خۆشحاڵیی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی ئەو بنەماڵانەی کە ئازیزانیان لەو ساڵەدا بە دەستی ئینسان‌کوژەکانی کۆماری ئیسلامی گیان و ژیانیان لێ ئەستێنرا. هاوکات لەگەڵ داوای داوکاری گشتیی سوئێد و گوێنەدانی دادگای سوئێد بە دژکردەوەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری دەرچوونی حوکمی کۆتایی لە مانگی پوشپەڕدا، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییش ڕایگەیاندوە کە تا کۆتایی ئەم مانگە ئەحمەدڕەزا جەلالی لە زیندانی ئێوین لە تاران لە سێدارە دەدا. ئەحمەد ڕەزا جەلالی پزیشک و لێکۆڵەرێکی ئێرانی_ سوئێدییە کە بانەمەڕی ساڵی ٩٥ دوای بەشداریی لە کۆنفرانسێکی زانستی لە تاران، بە تۆمەتی جاسووسی بۆ ئیسرائیل لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەندین مانگ زیندانی تاکەکەسی و شکەنجەی زۆر حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. هەڵبەت دەسبەسەرکردنی کەسانی وەکوو جەلالی و لە ڕاستیدا بە بارمتەگرتنیان بە مەبەستی تایبەتی و بەرچەسپ لێدانیان بە تاوانی جاسووسی بۆ ئیسرائیل، ڕووداوێکی تازە نییە و لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا زۆر وێنەی هاوشێوە دەبینرێ کە کۆماری ئیسلامی بۆ باجگیری و مەبەستەکانی خۆی بەکاریان دێنێ. تازەترین نموونە بۆ ئەوە ئازادکردنی نازەنین زاغەری و ئەنووشە ئەنساری دوو کەسی ئیرانی – بریتانیایی بوو کە چەند ساڵ لەوەپێش لە تاران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر و پاش ئازار و ئەزیەتی زۆر لە کۆتاییدا لە بەرانبەر وەرگرتنی باجێکی ٥٣٠ میلیۆن دولاری لە بریتانیا ئازاد کران. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و لە هەمان کاتدا ڕەخنەیە ئەوەیە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دادگای دادی نێودەوڵەتی هەتا ئێستاش لە بەرانبەر ئەو باجگیری و جینایەتانەی ئێراندا نەرمییان نواندوە، هەر ئەوەش بووتە هۆی ئەوەی ئێران بەردەوام لەو چەکە بەرانبەر بە خەڵکی خۆی و خەڵکی دیکەش کەڵک وەربگرێ. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە قەزیەی حەمیدی نووریدا ئەوەیە کە وەک لە قسەکانی ئەم تاوانبارەدا دەردەکەوێ و بەئاشکرا باسی دەکا، حەمیدی نووری پاسدارێک بووە کە لە سەرەتای فەرمان و فتوای خومەینی و هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کورد هاتۆتە کوردستان و لە ماوەی ساڵانی ١٣٥٩ تا ١٣٦١ لە کوردستان بووە و شەڕی خەڵکی کوردستانی کردوە، لە پاشان بردوویانەتەوە بۆ تاران و لە زیندانی گەوهەردەشت و لە شوێنەکانی دیکە کاریان پێ سپاردوە. ئەو ساڵانە و دواتریش هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕێگەی کەسانی وەک حەمیدی نوورییەوە لە کوردستان دەیان و سەدان تاوانی دژە مرۆییان بە دژی خەڵکی کوردستان، هەر لە ئێعدام و کوشتنی بە کۆمەڵەوە بگرە تا کۆچی زۆرەملێ و سووتان و وێرانکردنی ئاواییەکانی کوردستان ئەنجام داوە. لە ڕاستیدا حەمید نووری یەکێک لەو تاوانبارانەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە جینایەتی دژە مرۆیی لە کوردستانە و بێگومان خەڵکی کوردستانیش بە ئاکامی حوکمی دادگای سوئێد خۆشحاڵن بەڵام بەداخەوە جگە لە دادگای میکۆنۆس هەتا ئێستا هیچ جینایەتکارێکی ڕژیم لە هیچ کوێ و لە هیچ دادگایەک لەسەر ئەو جینایەتانە داگایی نەکراون. ئەڵبەتە خاڵی جیددی و جێی ڕەخنە لە سەر بزووتنەوەی کوردستانیش ئەوەیە تا ئێستا هیچ جینایەتێکی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەڵگەمەند نەکراوە هیچ ناوەندێکیش بۆ بەڵگەمەندکردنی ئەو جینایاتانە لە کوردستان بوونی نییە و دادگاش لە هەر وڵات و ڕێکخراوێکیش بێ، بەبێ بەڵگە دەست بۆ هیچ کەس و هیچ کەیسێک نابا.