کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەزار و 412 میلیارد دۆلار داهاتی نەوتی ئێران، بە درێژایی 44 ساڵ چیی لێ هات؟

00:45 - 16 بانەمەڕ 2722

کۆماری ئیسلامی بە درێژایی 44 ساڵی ڕابردوو بایی هەزار و 412 میلیارد دۆلاری نەوت فرۆشتوە. ئاکامی بەدواداچوونەکان دەڵێن ڕێژیمی ئێران بەشێکی بەرچاو لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی بۆ برەودانی ئیدۆلۆژیی مەزهەبی، ڕکەبەرییە ناوچەییەکان و بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی پڕتێچووی خۆی بەکار هێناوە. بەپێی ئامارەکان زۆرترین داهاتی نەوتی ئێران لە دوو خولی دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدنژاددا و لەنێوان ساڵەکانی 1384 تا 1392 وەدەست ئێران کەوتوە کە بڕی 618 میلیارد دۆلار بووە. بەشی داهاتە نەوتییەکان لە دوو خولی دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی لە نێوان ساڵەکانی 1392 تا ساڵی1400یش، سەروو 350 میلیارد دۆلار ڕاگەیەندراوە. سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی محەممەد خاتەمی بە فرۆشتنی 157 میلیارد دۆلار و هاشم ڕەفسەنجانی بە 141میلیارد دۆلار لە ڕیزەکانی دوایی ئەم خشتەیەدا جێ دەگرن. کۆی داهاتە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە حکومەتەکانی بەر لە هاشم ڕەفسەنجانییش بە 146 میلیارد دۆلار مەزەندە کراوە. پێداچوونەوەکان دەری دەخەن زۆرترین داهات لە مێژووی فرۆشتنی نەوت لە ئێراندا، دەگەڕێتەوه بۆ ماوەی 44 ساڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی کە بە بڕوای کارناسان ئەم بڕە زۆر و زەوەندە لە داهاتی نیشتمانی دەیتوانی پاشخانێکی ئابووریی دەوڵەمەند بۆ ئەو وڵاتە دروست بکا و ئێران لە هەموو ڕەهەندەکانی پەرەسەندنەوە بەرەوپێش ببا. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و ئێران ئێستاکەش هەر لە ڕیزی وڵاتانی لە حاڵی گەشە و تەنانەت دواکەوتوودا خۆی دەبینێتەوە. یاساکانی تایبەت بە بودجە بەڵام هەر هەموو زانیارییەکانمان لەمەڕ شێوەی خەرجکردنی داهاتە نەوتییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا پێ نادەن. هۆکاری ئەمەش بۆ ناڕوونیی سیستمی ئابووری و سیاسی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە کە تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی زۆرێک لە خەرجی و کردەوەکانی ئەم ڕێژیمەی سەختتر کردوە. بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، یەکێک لە گرنگترین و باس‌هەڵگرترینی ئەم بەفیڕودانەیە کە تا ئێستاش بە ڕوونی دیار نییە کۆماری ئیسلامی چەندەی لەو پڕۆژە پڕ کێشە و قەیران‌خوڵقێنە بۆ خەڵکی ئێراندا خەرج کردوە و لەو سۆنگەیەوە چ گورزێکی لە ئابووریی ئێران داوە! تێچووی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر وەک پێشینەکەی لێڵ و نادیارە. جیاوازیی بڕ و ڕەقەمە ڕاگەیەندراوەکان کە هیچیان یەکدی ناخوێننەوە بە ڕێژەیەک زۆرن کە جاری وایە جیاوازییەکانیان سەر لە میلیاردان دۆلار دەدەن. ئەم تێچووانە لە 2 میلیارد دۆلارەوە تا40 میلیارد دۆلاریش بەراورد دەکرێن. مەحموود ئەحمەدی‌نیژاد، سەرکۆماری پێشووی ئێران یەک لەو کاربەدەستانەی ڕێژیمە کە لە کاتی خۆیدا گوتبووی بەرنامەی ئەتومیی ڕێژیمەکەی 30 میلیارد دۆلاری تێ‌چووە. ئەو پڕۆژە زەبەلاحەی کۆماری ئیسلامی بەو بڕە زۆرە تێچووە بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیم بچووکترین قازانجی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە هیچ، بەڵکوو بە سەدان میلیارد دۆلاریشی زەرەر لە ئابووریی وڵات داوە و خەساری زۆری هێناوەتە گۆڕ. خەزێنەداری ئەمریکا لە ساڵی1394دا، باڕستی ئەم خەسارانەی بە بڕی 500 میلیارد دۆلار بەراورد کردوە. "دنیای اقتصاد"یش کە ماڵپەڕێکی سیاسی-ئابوورییەوە لە نێوخۆی وڵاتدا دەردەچێ، لە بەفرانباری ساڵی 1395دا و لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی کە "تێچووی سزا ئابوورییەکان بۆ ئێران 400 میلیارد دۆلار بووە." ڕکەبەرییە ئایدیۆلۆژیک و ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پاڵپشتی‌کردن لە گرووپ و میلیشیاکان لە زۆت لە وڵاتانی ناوچە یەکێکی دیکە لە پرسگەلی گرینگە کە دیار نییە بەدرێژایی 44 ساڵی ڕابردوو، چ تێچووەکی بۆ ئابووریی ئێران هەبووە. ساڵی ڕابردوو، ناوەندی پێداچوونەوە ستراتیژیکییەکانی ڕێکخراوی سەرۆک‌کۆماری لە کاتێکدا کە،"حەسەن ڕوحانی" لە دەسەڵاتدا بوو، بە بڵاوکردنەوەی دەقێک بە شێوەی ناڕوون ڕەخنەی له پێشیەتییەکان (ئەولەوییەتەکان)ی حکومەت بۆ پشتیوانی‌ی هەمەلایەنە لە "ئۆممەتی ئیسلام" گرت و نووسیی: "پاڕادایمی سیستمی حوکمڕانیی ئێستا دەکرێ بە پاڕادایمی (ئۆممەت_گەل) ناو ببرێ، کە بەرهەمی لێکدانی دژبەیەک لە دوو پاڕادایمی (بەرژەوەندییەکانی ئۆممەت) و (بەرژەوەندییەکانی گەل)ە. ئەو ناوەندە ئاماژەی کردبوو کە لە پاڕادایمی ئێستای حکومەتدا بەرژەوەندییەکانی ئۆممەت گرینگتر و لەپێشترن لە بەرژەوەندییەکانی گەل! هەر لەو ڕووەوەیە کە کەسێکی دانیشتووی وڵاتێکی تر و بە بیر و بڕوای هاوبەش لەگەڵ "ئۆممەت" لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە بەبایەختر و لەپێشترە لە کەسێک که لە هەمان جوغرافیای_سیاسیدا لەدایک بووە و لێی دەژی و بەشێک لە گەلە."