کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داستانی ڕاستان

00:37 - 16 بانەمەڕ 2722

لە فیلمی بە ناوبانگی ''پدر خواندە'' (باوەپیارە) ، شاکاری سینەمایی فرانسیس فۆردکاپۆلادا کۆبوونەوەیەک لەنێوان بنەماڵە مافیاییەکاندا بە ڕێوە دەچێ بۆ ئەوەی ساغ ببنەوە چەندی دەکرێ ناکۆکییەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لە کاتی قسەکردندا کوڕە گەورەکەی مارلۆن براندۆ بە تووڕەیی قسەیەک بە یەکێک لە ''باوە پیارەکانی''تر دەڵێ کە هەر لەگەڵ گوتنەکەی باوکی شەپڵاخەیەکی توندی لە بناگوێی دەسرەوێنی. ئەو وتووێژە و ئەو شەپڵاخەیە دەبێتە دەسپێکێک بۆ ناکۆکی و کوشتارێکی بێ‌وێنە بە جۆرێک کە کاریگەریی قووڵ لەسەر کۆمەڵی مافیاکانی ئەمریکا دادەنێ. هاوکێشەکانی دەسەڵات لە نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا وەبیرخەرەوەی دیمەنێکی ئەوهایە، ئەویش لەم ڕۆژە نائارامانەی کە دانوستانەکانی بەرجامی بێ ئەنجامی تێدا بەڕێوە دەچێت. عەلی موتەهەری کە بە بناژۆخوازێکی میانەڕەو ناسراوە، لەم دواییانەدا نیازی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە بەرهەم‌هێنانی چەکی ناوکیدا لەقاو داوە. کوڕە گەورەکەی موڕتەزا موتەهەری کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ ''باهونەر'' لە مەجلیس بە ڕەخنەگرتن لە ئاکاری دەسەڵات‌بەدەستان کار و پیشەیان دامرکاندنەوەی ڕق و تووڕەیی خەڵک و لەو ڕێگەیەوە یارمەتیدان بە درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێژیمەکەیان بوو ، ئێستا کە لە بازنەی دەسەڵات دوور خراوەتەوە، بە تانە و تەشەر هەڵدەکوتێتە سەر ئەم و ئەو و شانە زەرگەتەکان دەورووژێنێ. هەم لە پێک‌دان و هەم لە ماپێک شێوازی عەلی موتەهەری بوو ڕاگرتنی تۆسقاڵە پیوەندییەکانی لەگەڵ بەرەی رێفۆڕمخوازەکان بوو؛  بەڵام دوایین ڕووداوەکان بوون بە هۆی ئەوەی کە بناژۆخوازە توندڕەوەکان چیتر لەگەڵ  ئەو هێڵە هەڵ نەکەن و عەلی موتەهەرییەکانیان خستە پەراوێزەوە تاکوو  ڕووداوەکان بەرەو ئاقارێکی‌تر بڕۆن. دنیای ئەمڕۆ بەدەست ئەو ئاڵۆزییانەی رووسیە دروستی کردوە پێوە بووە و گێرەوکێشەکانی ئۆکڕاین ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر زۆربەی هاوکێشەکان داناوە. وزەی ناوکی کە ڕێژیمی ئیسلامی بە ''مافی بێ ئەملاوئەولا'' ناوی دێنی، ئێستا ئاواری بەرەو ''داماویی بێ ئەملاوئەولا'' گۆڕیوە. قسە و لێدوانەکانی خامنەیی کە حوکمی فتوایەکی بۆ بە حەرام زانینی بەرهەم‌‌هێنانی چەکی ناوکی وەرگرتبوو، لە دوای قسەکانی موتەهەری و وەلانراوەکانی دی، ڕەنگی تڕاژیدییەکی تاڵ و کارەساتباریان لە چارەنووسی ئێستای ئێراندا  بە خۆیانەوە گرتوە. بە فیڕۆدانی چەندین میلیارد دۆلار لە گیرفانی خەڵکی ئێران کە لەو سۆنگەیەوە کەوتوونەتە قەیراناویترین دۆخی ئابووریی ژیانیانەوە، لە کەس شاراوە نییە و شوێنەونکەی پێ ناکرێ. خامنەیی هەر وەکوو ڕابردوو بە وتە بەلاڕێدابەرەکانی خۆی کە بە حاشا کردن لێیان  هەموو کات سووک‌وچرووکیان دەکا، بێ گومان لەم دۆخەدا  و لە ئاڵۆزییەکانی چواردەوری خۆیدا پتر چۆتە قاوغی ''باوە پیارە''کەی فیلمی کاپۆلا.لەم نێوانەدا ئەوەی وەبەر چاو نایا چارەنووسی ژیان و بژێوی خەڵکی ئێرانە  و کۆماری ئیسلامی لێ ‌براوە کە باشتر وایە چیدی گەندەڵی و ناکارامەییەکانی خۆی لەبەر چاوی خەڵک نەشارێتەوە. قسەکانی موتەهەری بە دیوێکی تردا دەکرێ کایەیەکی بێ‌سوود و بێ بەرەنجامی تر بێ کە دەسەڵات لە چەق‌وەستانی بەرجامدا بە گوێی لایەنەکانی تری هەڵدێنێ. موتەهەری هەرچەند ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی وتووێژەکەی لەگەڵ ''ئیسکانیووز'' وەکوو ڕێبەرەکەی، قسەکەی خۆی خواردەوە و پینەوپەڕۆی کرد، بەڵام ئەو هەواڵە دە میدیاکان‌ گەڕابوو و کاریگەریی خۆی دانابوو. کاکڵی ئەو وتووێژە کە موتەهەری خۆی لە تویتێرەکەشیدا بڵاوی کردبۆوە ئەوە بوو ''ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە دوای بەرهەم‌هێنانی چەکی ناوکیدا بووین، بەڵام لەقاودانەکەی منافقین لێی لەهەڵڵا داین." ئیتر حاشاکردن و پینەوپەڕۆ چار نەبوو، چونکی لە دونیای سۆشیال میدیای ئەمڕۆدا ناکرێ پێش بە خێرایی بڵاوبوونەوەی هەواڵ بگیرێ. سەنگی ئەم لەقاودانە کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە ئەمریکا وەکوو لایەنی سەرەکیی بەرجام لە هەموو ئاستەکانی کارگێڕیی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە بە گرتنەبەری هەر شێوازێک بووبێ بەرەنگاری مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی دەبێتەوە. ئیسرائیلیش وەک هاوپەیمانێکی لەمێژینەی ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی لەرزۆکی و ڕاڕایی بایدێن لەسۆنگەی بەساڵاچووییەکەی بۆتە جێی سەرنجی میدیاکان، لە هەڕەشە سەربازییەکانی خۆی دژی ئێران بەردەوامە و بە کردەوەش لێرەولەوێ جێبەجێی کردوون. تەخشان‌پەخشانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لە نێوبردنی ئیسرائیل وەکوو تەشییەک دەچێ کە ڕێستنەکەی کۆتایی پێ نایە و هەر لەم دواییانەشدا بوو کە حەسەن نەسڕوڵا داوای لە خامنەیی کرد بیست و پێنج میلیۆن دۆلاری زێدەیارمەتی بداتێ بەشکوو بتوانێ هەر وەکوو پێشوو لە ئاژاوەنانەوە لە لوبناندا کاراکتەری سەرەکی بێت. تێکچوونی باڵانسی هێز لە نێوان دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی ئەو ناکۆکیە یەک لە دوای یەکانە دۆخێکە کە پێشتر کارناسانی سیاسی خوێندنەوەیان بۆ کردبوو و ئێستاش ئاماژەگەلی مۆرەکانی خۆیان پشتڕاست‌کەرەوەی ئەو بارودۆخەن. هەڵسوکەوتی ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکاندا و نیازی بۆ دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتوم وەک ئەوە وایە شمشێرت دابێتە دەست قولەڕەشی مەست و، هەربۆیەشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرنامە و پلانی خۆی دەگرێتە بەر. هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و زێدەڕۆیی لە تەیارکردنی سەربازیی خۆی بە جۆرێک کە گیرفانی خەڵکی ئێرانیشی پێ تاڵان کردووە، بە نرخی برسیکردنی خەڵکی وڵات  سیستمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی دۆخێکی ناهاوسەنگ کردوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا و خستنەڕوو و فرۆشی لە ڕادەبەدەریشی بە وڵاتی چین نەیتوانیوە  گرێ‌پوچکەی کێشەکانی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە و ڕێژیم بەهەر جۆرێک تەمایەتی ژیاندنەوەی بەرجام لە بەرژەوەندیی ئەودا بشکێتەوە. لەو نێوەدا ڕووسییەش کە لە داگیرکردنی ئۆکرایندا بەهۆی لێکدانەوەی چەوت و هەڵە دۆشداماوە، لە بنەوە بەرجام و باسە پەراوێزەکانی بەبارمتە گرتووە و نوشتووی بان‌بەرجامی بۆ ئێران پێچاوەتەوە و داویەتە ڕێبەرانی ئەو وڵاتە. پڕکێشییەک کە لایەنی ئەمریکاییش لەئاستیان نیگەرانە و چاوەڕوانی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان لە هەمبەر نوشتووی تازە پێچراوی بەرجامی هەیە. ئێستا کۆماری ئیسلامی تووشی دووڕێیانی سەرلێشێواوییەک بووە و توانای چارەسەر و دەربازبوو لێ لەخۆیدا شک نابا. تۆ دەبێ نرخی ئەو شتەی کە وەدەستهێنانی خۆی بۆ هەڵدەسووڕێنی، بدەی، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە هاوکێشەکەی بۆ ئێران ئاڵۆز کردوە. لەگەڵ ئەوەدا کە عەلی موتەهەری پاش ماوەیەکی کورت قسەی خۆی خواردە و گوتی: ''بە سەرنجدان بە سەرەتا و کۆتایی قسەکانم و ئەو پرسیارانەی لێم کراون، بابەتەکە وەک خۆی بڵاو نەکراوەتەوە؛ لەوێ گوتراوە کە لە سەرەتاوە کەسانێک هەبوون کە بڕوایان وابوو بەرهەم‌هێنانی ئەو چەکە بۆ تۆقاندنی دوژمنانی خودا پێویستە، هەر وەک چۆن قورئان دەڵێ (ترهبون بە عدو اللە) بەڵام بەکارهێنان و کەڵک‌وەرگرت لێیی کێشەی خۆی هەیە. ئەو بابەتە بوو بە هۆی ئەوەی کە منافقین چالاکیی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ناو ببەن و لەقاوی بدەن. بەڵام سیاسیەت و ئامانجی نیزام قەت بەرهەم‌هێنانی چەکی ناوکی نەبووە. هەر بەو جۆرەی کە ڕێبەری(خامنەیی) بەرهەم‌هێنانەکەی بە حەرام زانیوە!'' هەموو نووسینەکەی موتەهەریمان بە ئەمانەتەوە هێنایەوە بۆوەی بڵێین کە مەگەر بەرپرسانی ڕێژیم بۆخۆیان بزانن چ قوڕێکیان بۆ خۆیان و بۆ یەکتری گرتۆتەوە و مەبەست لەو هەمووە شێر و ڕێوی هێنانەوەیە چییە و دەتوانێ چ قازانجێکی بۆ وان هەبێ و ئەو سەفسەتانە چییان لێ شین دەبێت! بە هەرحاڵ عەلی موتەهەری وەبیر ڕستەیەکی باوکی دێنینەوە  کە لە ''داستان راستان''دا باسی دەکا و نەوەی پێشوو ناسیاریی باشیان لەو کتێبە پڕ دروشمەی ئەو مەلایە هەیە. لەو شوێنەدا کە دەیگوت: ئێمە هەموو کات دەپاڕێینەوە کە خودایە بماندەیە، بەڵام هیچ کات ناپاڕێینەوە کە خودایە لێمانی بستێنەوە، لە حاڵێکدا ئێمە زیاتر پێویستیمان بەو دوعایە هەیە هەتاکوو ئەوانەی کە دەبێ لێمانی بستێنێتەوە نەیباتەوە، چونکی هیچ شتێک بۆ پێدان نییە... بێگومان خامنەیی دەبێ بەهای ئەو ناپاکی و نیازپیسییانەی خۆی لە ناوچە و لە جیهاندا بدات.