کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵی لەنێو گەندەڵیدا

02:03 - 1 جۆزەردان 2722

بەپێی ئاماری بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری گەندەڵیی نێوخۆییدا بە یەکێک بە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان دادەنرێ. هەر لە سۆنگەی گەندەڵی و سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم لە جومگەکانی دیکەی ئابوورییە کە خەڵکانی ئێران جارێکی تر ڕژاونە سەر شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی دروشم‌گەلێکی توند بەدژی ڕێژیم و بەتایبەت عەلی خامنەیی (ڕێبەری ڕێژیم) و ئیبراهیم ڕەئیسی (سەرۆک‌کۆماری ڕێژیم)، خوازیاری ئاڵوگۆڕ لەو ڕێژیمەدا بوون. بەپێی ڕووماڵ و ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، ڕێژیمی ئاخوندی هیچ کۆنترۆڵێکی بە سەر بازار و نرخی بازاردا نییە و هەڵاوسان و گرانییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشانە و گوشارێکی لەڕادەبەدەر لەسەر خەڵکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت خەڵکی کەم‌داهاتی کۆمەڵگەی ئێرانە، هەروەها بارودۆخی ئەو خەڵکە لە هەموو سەردەمێک شپرزەترە و سفرەکانیان لە هەموو سەردەمەکان بەتاڵترن. د. ئالبێرت بەغزیەن، ئابووریناسی تارانی، دەبێژێ: "دەوڵەتی سێزدەهەم برێنجی ٣٠ هەزار تمەنی وەر دەگرێ و نرخی هەمان ئەو برێنجە دەگەیەنێتە زیاتر لە ١١٠ هەزار تمەن". ڕێژیمی ئێران بەفەرمی نرخی مریشک، هێلکە، شیرەمەنییەکان و خواردەمەنییەکانی تری زۆر زیاتر گران کردوە و، هەر بەپێی ئەو نرخە ڕاگەیەندراوە نوێیانەی خودی ڕیژیم، نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتووەتە نزیک بە ٦٠ هەزار تمەن، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژەی ٨١٠ گرەمی گەیشتووەتە ٦٣ هەزار تمەن، کیلۆیەک هێلکە نزیک بە ٤٠ هەزار تمەن، پەنێری بەستەی ٣٨ هەزار تمەن و شیری پاکەتی گەیشتووەتە پانزە هەزار تمەن. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی نێوخۆی ئێران، بەهای هەر دۆلارێک لە سنووری ٣٠ هەزار تمەن تێپەڕیوە. گەندەڵیی ماڵی و ئابووری لە سەردەمی ڕێژیمی ئاخوندیدا گەیشتووەتە ئاستێکی لەڕادەبەدەر و بارودۆخی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو شڵەژاوی و خراپی دەڕوا و هەروەها دۆخی کۆمەڵگەش زیاتر بەرەو شپرزەیی، ئالۆزی و شێواوی دەکشێ و، قەیران لەسەر قەیران، گەندەڵی، هەژاری و نادادپەروەریی زیاتر ئەوکی خەڵک و کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی گوشیوە. ئەو گەندەڵییانەی کە لە بانکەکانی ڕێژیم و بەگشتی سیستەمی بانکیی ڕێژیمدا دەکرێ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاندانی سەرمایەدار و دەستڕۆیشتووەکانی ئێرانە بەرەو گەندەڵی و هەر ئەم هۆکارەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گەندەڵیی ئابووریی بەلێشاو و گەندڵکارانی ئابووری لەو وڵاتەدا. بۆیەشە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم گەندەڵییە بۆ سیستەمی بانکیی هەنووکەی ڕێژیمی ئاخوندی دەگەڕێتەوە. پەرەگرتنی گەندەڵی لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئاخوندیدا گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت نوێنەرانی دەستنیشان‌کراوی ئەو ڕێژیمە لە مەجلیسدا بۆ بەدواداچوون و جێبەجێ‌کردنی کارەکانی ڕۆژانەیان، ناچارن بەرتیل بدەن یان بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵک بەرتیل وەربگرن. لە ڕێژیمی ئیسلامیدا گەندەڵی و بەرتیل‌وەرگرتن و ئاکارپیسی و بێ‌ڕەوشتی بەتەواوی سیستەماتیک کراوە و بووەتە نۆرمێکی ئەو ڕێژیمە. گەندەڵیی ئابووری لە بنەماڵەی ئاخوندەکاندا و دیاردەیەکی هاوشێوەش لەنێو بنەماڵەی چینەکانی تری ئەو ڕێژیمە کە هەنووکە منداڵەکانیان بەرپرسی دامەزراوە و ناوەندە جیاوازەکانی ئە ڕێژیمەن، بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و گرێدراویی بنەماڵەی سەران و بەڕێوەبەرانی ڕێژیم و گشت ئاخوندەکان. تەنانەت گەندەڵیی دارایی و ماڵی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و ... بە جۆرێک بووەتە سیستەمێکی ڕەوا لەنێو خۆیاندا کە دەکرێ ناوی بە ڕێکخراوەیی‌بوونی گەندەڵی پێ بڵێین. گەندەڵیی سیستەماتیک بە بارودۆخێک دەگوترێ کە مانەوەی ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان بەو گەندەڵییانەوە گرێ درابێتن و وەها دۆخێکیش لە ڕێکخراوەکان، یاساکان و نۆرمی هەڵسوکەوتەکە کۆمەڵایەتییەکانیان دەگاتە ئاستێک کە ئاشکرابوون و بڵاوبوونەوەی دزی، کەڵکاژۆی ماڵی و دارایی، بەرتیل‌خۆریی وەزیرەکان و بەرپرسانی تری ئەو ڕێژیمە لە ڕاگەیاندنەکاندا ئاسایی دەبێتەوە و هیچ بایەخێکی پێ نادرێ. جۆرەکانی تاوان وەکوو؛ کوشتن، مرۆڤ‌دزین و بارمتەگرتن، دزی‌کردن، کڵاولەسەرنان، سپی‌کردنەوەی پارە، فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، فرۆشتن و بەکارهێنانی جۆرەکانی خواردنەوە هۆشبەرەکان و قاچاخی نەوت و زۆر دیاردە و تاوانی تر کە لە ئێراندا ئاسایی بوونەتەنەوە و تاوانبار و تاوانکاران تووشیان دەبن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەیان پێ دەدرێ. بەپێی یاسای لێپرسینەوە و سزادانی ئیسلامی کە لە ئێراندا باوە، ئەو خاڵانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، بە تاوان ئەژمار دەکرێن و دەبێت تاوانباران و تاوانکارانیان سزا بدرێن. بەڵام ئەو جۆرە یاساگەلە بەڕێوەبەرانی ڕێژیم، بەرپرسان، وەزیرەکان، منداڵانی بەرپرسان و سەرانی ئە ڕێژیمە یان هەمان ئاغازادەکان ناگرێتەوە کە هەموو سامان و دارایی و داهاتی خەڵکانی ئێرانیان بەتاڵان بردوە و بەکردەوە دەبینین ئەوان لە هەموو سزا و لێپرسینەوەیەک پارێزراون. دزی‌کردن و گەندەڵیی بەرپرسانی لە سەرەوە بۆ خوارەوەی ڕێژیم، نەشیاوبوون و نەبوونی شایستەتەوەری و دەیان هۆکاری تری هاوشێوە کۆمەڵگەی بەرەو گەندەڵی و ئاڵۆزی و تێکدان ڕاکێشاوە و دەبینین کە دابڕانێکی گەورە لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا هاتووەتە ئاراوە و هاوکاتیش هەژاری و بێڕەوشتی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر بە چڕوپڕی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەدا کێشاوە. بارودۆخی شپرز و داڕووخاوی ئابووری لە ئێراندا نەک هەر ڕەخنەگرانی ڕێژیمی تووڕە کردوە، بەڵکوو دەنگی لە لایەنگرانی ئەو ڕێژیمەشی بەرز کردۆتەوە و ئەم توورەیییانەش گەیشتووە بەو ئاستەی کە بەئاشکرا ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕیوە و لەسەر هەڵاوسان و گرانییەکان ڕێژیمیان وریا کردۆتەوە. "ترۆمۆبیل گران بووە"، "نان گران بووە"، "شیرەمەنی گران بووە"، "ماکارونی گران بووە"، "ڕۆن گران بووە"، "خانووبەرە گران بووە" و ... لەم ڕۆژانەدا ئەم هەواڵانە هێندە بڵاو بوونەتەوە کە ئیتر گوێمان بەو جۆرە هەوڵانە ڕاهاتوە. ڕەخنەگرتن لە بارودۆخی گرانییەکان لە دەروانی سەرۆککۆماریی "ئیبراهیم ڕەئیسی" و کابینەکەیدا تەنیا لە بازنەی لایەنگرانی ڕەوتە فۆرماڵیتەکەی و بەگشتی لایەنگرانی ڕێژیمدا بەرتەسک نەکراوەتەوە، هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، ئەو ڕەخنەگرانەش کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕەئیسی و کابینەکەیدا گەرەکیان بوو بێدەنگی هەڵبژێرن، ئەوانیشی تووڕە کردوە و بارودۆخەکە گەیشتووە بە ئاستێک کە ئیتر ئەوانیش بێدەنگیی خۆیان بشکێنن. محەمەدڕەزا بادامچی، نوێنەری دەستنیشان‌کراوی پێشووی ڕێژیم بۆ مجلیس لە ترسی ڕووخانی ڕێژیمەکەیان بەهۆی کڵپەی ناڕەزایەتییەکان دەڵێ "چیی دیکە خەڵک بەرگەی هەڵکشانی چەند بەرانبەری نرخەکان ناگرن و ئازاری گرانییەکان لەسەر ڕێژەیەکی زۆری خەڵک گەیشتووەتە سەر ئێسقانیان." ناوبراو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە؛ دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی ڕێژیم دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە، چونکی سەرەڕای بارودۆخ و ئەو باسانەی کە لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات هەیە، دامەزراندن و هاوردنەسەرکاری کەسانی ناشارەزا و نەزان شەرمەزارییە و دەبێ لەوەش ئاگادار بن کە ئەم جۆرە کارانەیان زیان و خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەکراو بە کۆمەڵگە دەگەیەنن." ئەو نوێنەرە دەستنیشان‌کراوەی پێشووی ڕێژیم وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە خەڵک توانایی قەبووڵکردنی شەش تاکوو حەوت هیندەی هەڵکشانی گرانبوونی نرخی کەرەستە سەرەکی و پێویستەکانیان نییە و دەبێ لەسەر ئەم بارودۆخە ئاگاداری بە بەرپرسان بدرێ، بەرپرسانی ڕێژیمەکەی لە مەترسیی ئەو دۆخە ئاگادار کردۆتەوە و دەڵێ ئیبراهیم ڕەئیسی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی بە خەڵک دەدا و ئەیوت؛ لە دەورانی سەرۆک‌کۆماریی مندا گرانییەک نامێنێ، چونکە ئێمە بەرنامەمان هەیە و چاودێری و کۆنترۆڵی هەموو شتێک دەکەین؛ ئەدی کوا؟" هەشت مانگ لە هاتنەسەرکاری ڕەئیسی و کابینەکەی تێپەڕ بووە، بەڵام نرخی شتە سەرەتایییەکان و بۆ نموونە نرخی پراید لە ١٢٨ میلیۆن گەیشتووە بە ٢٠٠ میلیۆن تمەن، ئەمە تەنیا نموونەیەکی سادەیە و دەکرێ بە زۆر شت و کەرەستەی تر ئاماژە بکرێ کە نرخەکانیان زۆرتر هەڵکشاون. هەر لەم پێوەندییەدا محەممەد مەهاجری، بناژۆخوازێکی ڕەخنەگری دەوڵەتی ڕێژیم لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێری خۆیدا بە بەکارهێنانی هەشتاگی (دەوڵەتی ئیفلیج-دولت علیل) نووسیویەتی: "بەڕێز ڕەئیسی! وێڕاری سڵاو، دەمهەوێ لە بەڕێزتان بپرسم چەندە کاتتان پێویستە و دەبێت چە کارەساتێک لە ئابووریی وڵات ڕوو بدات تاکوو تێ بگەن کە ئێوە و دەوڵەتەکەتان شیاوی دەسەڵاتداری نین؟". هەروەها ڕەحمەتوڵڵا بیگدلی، کەسێکی ناسراوی ڕیفۆرمخوازی ڕێژیم، لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێری خۆیدا نووسیوەیەتی: "تاکوو چەند مانگی پێش هێزی سایبێری دەیوت: سێ دانە ماکارونی، نە سوویا، نە کەشک، پانزە دانە هێلکە، نە پەنێر، دەبنە ٩٦ هەزار تمەن! لەعنەتت لێ بێت ڕوحانی، لەعنەتت لێ بێت خاتەمی! بەڵام هێشتا ڕەئسی نەهاتووە کەچی سێ دانە ماکارونیی کردووە بە ١٠٢ هەزار تمەن! ئایا بەم دەوڵەتی ئینقلابییەی ڕەئیسی، دەگەین بە ئاستێک کە بە تەڵ ماکارونی بکڕین؟ هەر وەکوو لە ڕاگەیاندنەکاندا ئاگادار بووینەوە، ئەوە تەنیا خەڵک نین کە تووڕە و ناڕازین و سەبریان نەماوە، بەڵکوو لایەنگرە ڕادیکاڵەکانی ڕێژیمیش تووڕەن و ئەوانیش بێدەنگییان شکاندوە و دەنگی خۆیانیان بەرز کردووەتەوە، لە نوێنەرە دەسنیشان کراوەکانەوە بگرە تاکوو سیاسەتوانە بناژۆخوازەکان و تەنانەت ئەو مەداحانەیش کە بەردەوام لە خزمەتی ڕەئیسیدا بوون و پێدا هەڵیاندەوت، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بووەتەوە. هاتنەسەرکاری رەئیسی، بەو شیوە بڕیار و کاردانەوەی شورای نیگابانی ڕێژیم، چاوەڕوانکراو بوو و سەرەڕای ئەوەی کە ڕەخنەیەکی یەکجار زۆر لەسەر ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەبوو، بەڕیوەبردن و دەسەڵاتداری بە شێوەی هەڵسوکەوتی ڕەئیسی لە کاتی بەرپرسیارەتیی ناوبراو لە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمدا دیار بوو، بەڵام ئیتر بڕیار درابوو کە لە پاش حەسەن ڕوحانی، بەرپرسیارەتیی دەوڵەت بدرێ بە ناوبراو و هەر وەک دەزانین پێشی درا. بەڵام پاش هاتنەسەرکاری ڕەئیسی، هەموو لایەکمان ئاگادارین کە بارودۆخی خەڵک و ئێران بەگشتی تووشی چە کێشە و گرفتگەلێک، تووشی چە گەندەڵی و دیاردە و کارەساتگەلێک بوون و ڕێژیمیش زیاتر لە جاران باوەڕپێنەکراتر و بێ‌متمانەتر بووە.