کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکاندن یان لەقاودان

02:14 - 1 جۆزەردان 2722

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ژن، کچ و زاواکەی قالیباف لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران بە بارێکی زۆر و قورس کە لە بیست جانتای گەورەدا جێ کرابوونەوە و هەروەها کەلوپەلی ژووری منداڵ کە بە "سیسمونیی گەیت" ناوبانگی دەرکرد؛ شەپۆلێکی بەربڵاوی ڕەخنە و توانج بەرەوڕووی سەرۆکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی کران کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە. باسەکە سەرەتا ئەوە بوو کە چۆن دەبێ بنەماڵەی سەرۆکی یەکێک لە سێ دەزگای سەرەکیی وڵات بۆ کڕینی کەلوپەلی منداڵ سەردانی ئیستانبوڵ بکەن، بەڵام دواتر هەواڵدەری و مێدیاکان لەقاویان دا کە لیستی کڕینی بنەماڵەی قالیباف هەر ئەوەندە نەبووە و مڵک و ماڵ و خانووشی تێدا بووە. سروشتییە کە قالیباف سەرەتا حاشا لەوە بکا و دواتر لە کۆبوونەوەی مەجلیسدا ئەمەی بە بەشێک لە پڕۆژەی شکاندنی خۆی دانا. تەنانەت دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە و شوێنی ئەو دوو خانووبەرەیە لە ئیستانبوڵ کە لە شارۆچکەی "سکای لەند" لە گەڕەکی ماسلاک بە ناوی محەممەدڕەزا بوحەیرانی و محەممەد بوحەیرانی، زاوا و برای زاواکەی کڕدراوە و مێدیاکانی تورکیەش پشتڕاستیان کردەوە؛ دیسان قالیباف پێی چەقاند کە خۆی و بنەماڵەکەی لە ئاوی شەو پاکترن! ئەو گوتی بەڵگەنامەکان ساختەن و باندێکی ئەمنییەتی لەدژی ئەو دروستیان کردوە، هەر ئەو گرووپەی کە پێشتر ئەحمەدی‌نژاد، سەرۆک‌کۆماری پێشووی ڕێژیمیش زۆر جار ئاماژەیان خۆی گوتەنی ئەوەی بن بەڕەیان بۆ دێنێتە سەر بەڕە. بەڵام ڕوونە کە لەوبەری گەندەڵییەکان شتی تریش لە ئارادایە. چەندفاقێتیی دامودەزگا ئەمنیەتی و بەڕێوەبەری لە ئێراندا فۆڕمی حاکمییەتی سیاسیی لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی لاداوە و ئەم فۆڕمە ویکچووییەکی زیاتری لەگەڵ گرووپە مافیاییە چەکدارەکان هەیە تا حکوومەت. ئەو گرووپە ڕکەبەرانەی کە بۆ مانەوەی پتریان لە قووچەکی دەسەڵاتدا خوێنی خەڵک لە شووشە دەکەن، سەروەت و سامانی گشتیی وڵات بەتاڵان دەبەن و لە کێبرکێی دەسەڵات و ستاتوی خۆیاندا ڕەکەبەرەکانیان دەشکێنن و هەوڵ دەدەن بە لەقاودانی گەندەڵییە ماڵی و ئەخلاقییەکانیان مەیدانیان پێ چۆڵ بکەن؛ ئەمە سروشتی مافیای حکوومەت لە ئێران و باندە هاوتەریبە ئەمنییەتییەکانە لەو ڕێژیمەدا. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە ئەرکە ڕێکخراوەییەکانیان پڕۆژەی شکاندنە کە لە دەیەی یەکەمی دوای شۆڕشدا ئەو ئەرکە بە کەسانێک سپێردرا کە دەسەڵاتی سیاسی بۆخۆی دواتر بە شاڕلاتان و گەندەڵکار ناوی بردن. لەگەڵ پەرەسەندن و هەمەگیریی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم ئەرک و بەرپرسایەتییە خرایە سەر شانی مێدیاکارە بەکرێگیراو و سایبێرییەکان. شکاندنی کەسایەتیی کەسانی ڕەخنەگر و دژبەری ڕێژیم ئەرکێک بووە کە بەهۆی چەندفاقێتیی ناوەندە ئەمنیەتییەکان زیان و خەسارەکانی ئەوکی خودییەکانی نێو دەسەڵاتیشی گرت. هەوڵی پاوانخوازانەی باندە مافیاییەکانی حکوومەت بۆ گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی یان مانەوەی ئەو جڵەوە لە دەستیاندا کە بە نرخی هەڵلووشین و بەتاڵانبردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵات بەدی هاتوە، چارەنووسێکی سەخت و لەتاقەت‌بەدەری بۆ خەڵکی وڵات بەدیاری هێناوە. بارودۆخێک کە بە سەرنجدان بە چەندفاقێتیی بەرژەوەندییەکانی باندەکانی نێو حکوومەت نەک هیوا بە چارەسەرکردنی ناکرێ، بەڵکوو دوورەدیمەنەکانی قوڵبوونەوەی قەیرانەکان لەسەر حسێبی خەڵک پتر خۆی دەنوێنێ. چەند فاقێتییەک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا کە ڕێگەی بۆ دزەکردنی ڕێکخراوی هەواڵگریی وڵاتانی دیکەی وەک مووسادی ئیسڕائیل خۆش کردوە کە دەرکەوتەکانی ڕوونن: بەتاڵانبردنی بەڵگە و زانیارییە نهێنییەکان، کوشتنی مۆرە گرینگەکانی ڕێژیم لە کەرتی زانستی ناوکی، بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و دێکیۆمێنتە هەرە هەستیارە ئەمنیەتییەکان، هێرشی وێرانکەر بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتومییەکانی ڕێژیم. گەرای ئەو پڕۆژەیە کە سەرەتا بە مەبەستی تۆکمەکردنی دەسەڵات و نەهێشتنی کەسی دژبەر داندرا، ئێستا بۆتە هۆکاری کەلێن و دابڕانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە قەوارەی حکوومەتدا. تەنانەت هەوڵی دوو سەرۆک‌کۆماری نێو بەرەی ڕێفۆڕمخوازی حکوومەت بۆ پاکسازی و یەکخستنی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیش ئاسنی ساردکوتان بوو. کەلێن و کەلەبەرێک کە سەرەتا کاتێک ڕێبەری ڕێژیم بە پشتیوانی‌کردن لە ئیتلاعاتی سپا و دامەزراندنی ناوەندێکی ئەمنیەتیی هاوتەریب چرژی خستە نێو پێکهاتەی ڕێژیم، ئێستا ئەو چڕژە سەرلەبەری قەوارەی دەسەڵاتی ڕێژیمی داگرتوە. ناوەندە ئەمنیەتییە ڕکەبەر و هاوتەریبەکان، دەوڵەتی سێبەر، دەسەڵاتی جێبەجێکاری پشتی پەردە وای کردوە کە قەیرانەکان لە ئێران و تەنانەت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پتر و پەرەسەندووتر و چارەسەرنەکراو بن. بارودۆخێک کە هەم ژیانی ئابووری و ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی خەڵکی بەئامانج گرتوە، هەم زەبرێکی قورسیشی لە پێکهاتەی خودی دەسەڵات داوە.