کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كارتێكەریی لەشکەرکێشیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین لەسەر نەزمی جیهانی

02:22 - 1 جۆزەردان 2722

زیاتر لە دوو مانگە ئەرتەشی ڕووسیە هێرشێكی بەڕبلاوی كردۆتە سەر ئۆکراین و بەم هۆیەوە بێجگە لەوەی زیان و زەرەرێكی زۆری لە ژێرخانی ئابووریی ئۆکراین داوە، كارتێكەرییەکی زۆریشی کردۆتە سەر وەزعی ئابووری و سیاسیی جیهان بە گشتی و ئورووپا بەتایبەتی. وا دێتە بەرچاو كە ئەو شەڕە تا ئێستا چارەسەرێکی سیاسیی بەردەستی نەبێ و كۆتایی‌هاتنی شەڕ بە سەرنجدان بە ویست و داخوازییەكانی هەردولا لانیكەم بەمزووانە چاوەڕوان ناكرێ. لە لایەك دەوڵەتی ڕووسیە لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوكەوتی ئۆکراین و هەروەها سیاسەتی ئورووپا، ئەمریكا و ناتۆ بەرامبەر بە خۆی ڕێگایەكی گرتۆتەبەر كە پاشگەزبوونەوە لەو ڕێگایە بۆی زەحمەتە. لە لایەكی دیكەوە ئۆکراینیش لەپێناو دیاریكردنی چارەنووسی وڵاتەكەیدا، بە لەت‌وپەت‌كردنی خاكەكەی لەلایەن ڕووسیەوە باجی ڕێگاێك دەدا كە، پشت‌كردنە لە ڕووسیە و ڕووكردنە لە ڕۆژئاوا. لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی ئۆکراین مافی خۆیەتی كە ڕوو لە ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵات بكا و ئاقاری سیاسیی وڵاتەكەی بۆ خۆی دیاری بكا، بەڵام دەكرا بەر لە داگیركردنی دووڕگەی كریمە و بە دووربینی و زیرەكی خۆی لەو شەڕە لابدا. ئەو شەڕە بێجگە لەوەی كە بۆ ئەو وڵاتە شەڕی مان و مەوجوودیەتە، بۆ ڕۆژئاواش شەڕێكی حەیسییەتیە. بۆ سەرۆكی ڕووسیەش، ئەو شەڕە شەڕێكی چارەنووسسازە، بەجۆرێك كە ئەگەر لەو شەڕەدا سوپای ڕووسیە بشكێ، هەم بۆ خۆی وەک کاراکتەرێکی سیاسیی دیار دەدۆڕێ و هەم پێگەی ڕووسیە وەك گەورەهێزێك لە سیاسەتی نێونەتەوییدا دادەبەزێ. بۆیە وەختێك ئەو دوو فاكتۆرە لە پەنا یەك دادەنێن، نابێ مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی سێهەمی جیهانی و كەڵك‌وەرگرتن لە چەکی ناوکی بە كەم بگرین.   كاریگەریی شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین لەسەر نەزمی جیهانی كاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەیی و نەزمی ئارایی جیهانی زۆرە. بێتوو ڕووسیە لەو شەڕەدا سەر بكەوێ، نەزمی ئارایی جیهانی كە لەسەر بنەڕەتی مافی مرۆڤ، ڕێزگرتنی بەرانبەر و دەستێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان دامەزراوە، جێی پی لێژ دەبێ، بەجۆرێك هەر دەوڵەتێك دەستی بڕوا و هێز دەخۆیدا شك بەرێ، پەلاماری وڵات و دەوڵەتانی لاوازتر لە خۆی دەدا و خاكەكەی داگیر دەكا. بەكورتی یاسای جەنگەڵ كە بریتییە لە بەهێزەكان لاوازەكان قوت دەدەن زاڵ دەبێ و بۆ شێواندنی ئەو نەزمە جێگرتووی جیهانییە ڕووسیەش بەتەنیا نییە، بەڵكو چینیش پشتیوانیی لێ دەكا. چین و ڕووسیە بێجگە لەوی ڕووبەرێكی زۆری خاكی جیهانیان هەیە، لە ڕووی پیشەسازی و كەرەسەی خاو و وزەوە، پێویستییەكی زۆریان بەیەکتر هەیە. ڕووسیە سەرچاوەی وزە و كەرەستەی خاوە و چینیش وڵاتێكی سەنعەتییە و پێویستییەكی زۆری بە نەوت و گاز و كەرەسیەی خاوی ڕووسیە هەیە. بۆیە لەو بارەوە بێجگە لەوەی پێویستییان پێك هەیە، هەردوكیشیان سەرچاوەی داهاتن بۆ ئەویتر. بێجگە لەوە ئەو دوو وڵاتە لەمەڕ پرسی دێموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی كەمایەتییەكانیش هەم وەكوو یەك بیر دەكەنەوە و هەم لەو بارەوە سیاسەتێكی هاوبەشیان هەیە. هەردوو ئەو گەورەهێزانە نە لە نێوماڵی خۆیاندا باوەڕیان بە دێموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی كەمایەتییەكان هەیە و نە لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆشیاندا. ڕووسیە دوای ڕووخانی سیستەمی سۆسیالیستی لەگەڵ ئەوەی پێی ناوەتە نێو بازاری ئازاد و سەرمایەدارییەوە، بەڵام لە ڕووی سیستەمی بەڕێوەبەری و پرسی دێموكراسی كرانەوەیەكی ئەتۆی بەخۆوە نەدیوە. ئەوە بۆ چینیش هەربەو جۆرە و تەنانەت بەولاوەتریشە. هەردووک ئەو وڵاتە بەهۆی تەماحێك بۆ سەر خاكی تایوان و ئۆکراین و شوێنەكانی دیكە هەیانە، هەم لە شوڕای ئەمنییەتدا سیاسەتەكانی ڕۆژئاوا بلۆك دەكەن و هەم پشتیوانی لە سیاسەتی یەكتر دەكەن لەو پەیوەندییەدا . سیستەمی ڕۆژئاواش ( ئەمریكا و ئورووپا ) وەكوو ڕوسیە و چین سیستەمێكی كاپیتالیستییە، كە جۆرێك لە دێموكراسی بە ناوی دێموكراسیی ڕۆژئاوایی بەرێوەی دەبا. ئەو دێموكراسییە لەسەر بنەڕەتی نیزامی پارلمانی، سیستەمی چەند حیزبی (پلورالیزمی سیاسی) و هەروها لەسەر بنەمای پاراستنی مافی مرۆڤ بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە هەڵدەسووڕێ، هەڵبەت وەخۆگرتنی ئەو هەمووە پەنابەر لە گۆشە و كەناری جیهان خۆی یەكێك لە پێوەرەکانی پاراستنی مافی مرۆڤە. جیاوازیی دیكەی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕووسیە و چین لەوەدایە كە ڕۆژئاوا ئەگەر بۆی بگوونجێ لە دەرەوەی خۆشیدا پێی خۆشە نیزامی دێموكراسی و مافی مرۆڤ جێگیر بکا، هەرچەند لەو بارەوە ڕوانگەی و پڕاکتیکی ئەمریكا و ئورووپا بۆ جێگیرکردنی دێموكراسی لە جیهاندا وەكوو یەك نییە. لە حاڵێكدا ئەمریكا بۆ گۆڕانكاریی دێموكراتیك هەتا ئێستا تەنانەت لە هێزی سەربازییش كەڵكی وەرگرتوە، ئورووپا پێی وایە نابێ بە هێزی ئەرتەش ئەو كارە بكرێ، بەڵكوو پێویستە یارمەتیی حكوومەت و دامەزراوە سیاسییەكان بدا كە بۆخۆیان دێموكراسی و مافی مرۆڤ جێگیر بکەن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا جیاوازییەكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو بلووكە لە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیان ئەوەیە: لە حاڵێكدا ڕووسیە و چین بەبێ دیكتاتۆرەكان ناژین، ئورووپا و ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی پێیان خۆشە لەگەڵ وڵاتانی دێموكراتیک هەڵسوكەوت بكەن، بەڵام لەگەڵ دیكتاتۆرەکانیش هەڵدەکەن. پێكگرتنی سیستەمی ئەو دوو بلووكە لەوبارەوە گرینگە و مەبەستی ئەو نووسینەش ئەوەیە كە، كێ و چ هێزگەڵێك جەمسەری سیاسەت و نەزمی جیهانیان بەدەستەوەیە؟ دوای شەڕی ئۆکراین بیرۆكەی ئەوە لە لایەن ڕووسیە و چین هەتا دێ زیاتر بەهێز دەبێ كە ئەو دوو گەورە هێزە بە شێوازی خۆیان بیانەوێ دەست لە دۆخی نەزمی جیهانی وەربدەن و نەزمێك جێ بخەن كە بۆ خۆیان گەرەکیانە. ئەو ناتەبایی و شەڕەی ئێستای نێوان ڕۆئاوا و ڕووسیە و چین، دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكاری بنەڕەتی: زیندووكردنەوەی شکۆ و دەسەڵاتی پێشووی سۆڤییەت و بەرژەوەندیی ئابووری و داگیركردنی بازارەكانی جیهان. بۆ چین پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و دەست‌ڕاگەیشتن بە سەرچاوەی كەرەستەی خاو و بازاڕەكان جیهان پرسێکی ژیانەکییە و بۆ ڕووسیەش زیندووكردنەوەی دەسەڵات و ئەتۆریتە لەسەر بنەڕەتی یەكیەتیی سۆڤیەتی پێشوو، بۆتە مەزنەخەون. دیارە لە بلووك‌بەندیی ئێستادا وەكوو پێشوو ناتەباییەكی ئیدئۆلۆژیك لە ئارادا نییە کە یەكیان سۆسیالیستی و ئەویتریان كاپیتالیستی بێ و، لەو بارەوە شەرعییەتێك بدەن بە ناتەباییەكە. لەگەڵ ئەوەی هەردووك بلووك لە نێوەرۆكدا كاپیتالیستین، بەڵام سەرمایەداری لە ڕۆژئاوادا ڕەگ و ڕیشەیەكی قووڵ و دوورودرێژتری هەیە، بە جۆرێك هەم پەرەگرتووترە و هەم پێشكەوتووترە لە ڕووسیە و چین. لە حاڵێكدا ڕۆژئاوا بۆ وەدەست‌هێنانی بازار بۆ بەبازاڕکردنی كاڵا و شتومەكەكانی پێویستیی بەوە نییە بە زەبری هێز (سوپا) وڵاتان داگیر بكا، بەڵام بۆ ڕووسیە داگیركردنی بازاڕەكانی جیهان لە ڕێگای هێزەوە گرینگیی تایبەتی هەیە. بۆیە گاز و وزەش وەك چەک بەکار دێنێ و هەر جارناجارێ بۆڕییەکانی گاز بەسەر ئەو وڵاتانەدا دادەخا کە گرفتی لەگەڵیان هەیە! چینیش ئەگەر چی بۆ دابین‌كردنی بازاڕەكانی جیهان بۆخۆی كەڵك لە هێزی زبر و زۆر وەرناگرێ، بەڵام لە ڕێگای دانی قەرز و پووڵی نەغد، وڵاتان قەرزداری خۆی دەكا و دەست بەسەر بنكە و بنیاتە ئابووری و پیشەسازییەكان دادەگرێ. كەوابوو هەر هێزێك لەو گەورەهێزانە سیاست و نەزمی جیهانی دیاری بكا، نەزم و سیاستەكە ئاوێنەێكی باڵانوێنە لە هەڵسوكەوتی ئەو هێزە لەمەڕ دێموكراسی و پڕەنسیپە دێموکراتیک و جیهانداگرەکان هەم لەنێو خۆی و هەم لە دەرەوەی خۆیدا.   كاریگەریی شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین لەسەر پرسی كورد ئەگەر ڕووسیە وەك گەورەهێزێك قەرارە خاك و نەتەوە لێک‌دابڕاوەكان بخاتەوە سەریەك، شتێكی زۆر باشە، بەڵام بۆ ئەو كارە لەپێشدا پێویستە وەك گەورەهێزێك ڕوانگەی خۆی لەمەڕ خاك و نەتەوە دابڕاوەكان بەبێ جیاوازی بۆ خەڵكی جیهان ڕوون كاتەوە و لەو بارەوە دۆكتۆرینی خۆی بداتە دەرێ. هەرچەند بێتوو سیاسەت و ستراتیژییەكی ئەوتۆش بگرێتەبەر، نەک بە بەکارهێنانی زەبر و هێز، بەڵكو پێویستە لە ڕێگای پشتیوانی‌كردنی سیاسی لەو نەتەوانە بۆ ئەو کارە یارمەتیدەریان بێت. سیاسەتێكی ئەوتۆ كە خاك و نەتەوە دابڕاوەكان پێكەوە دەلكێنێتەوە، بەر لە هەر نەتەویەك بە قازانجی كورد و پرسە نەتەوایەتییەکەیەتی؛ نەتەوەیەك كە بەپێچەوانەی ویست و ئیرادەی خۆی بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەدا دابەش كراوە. بەڵام بە پێچەوانە ئەو ڕوانگەیە لە سیاسەتی ڕووسیەدا هەر بە تەنیا نەتەوەی ڕووس دەگرێتەوە! لە ڕاستیدا بوونی كەمایەتیی ڕووس لەو وڵاتانەی دوای تێكچوونی یەكیەتیی سۆڤیەتی پێشوو سەربەخۆ بوون، بۆتە بیانوویەکی بنەڕەتی بۆ دەستێوردان و داگیركردنی خاكی ئەو وڵاتانە لەلایەن ڕووسیەوە. ڕووسیە نەك هیچ بەرگرییەك لە مافی كەمایەتییەكانی غەیرە ڕووس لە نێوخۆی و جیهاندا ناكا، بەڵكوو تەنانەت خۆی بە توندترین شێوەش سەركوتیان دەكا، یان ڕێگا دەدا سەركوت بکرێن و ئەوەش ناتەباییەكی زۆری لە سیاسەتی ڕووسیە لەمەڕ پرسی نەتەوەكان پێك‌هێناوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەش كەمایەتیی ڕووس لە ئۆکراین و شوێنەكانی دیكەی جیهان مافی خۆیانە لە چوارچێوەی ئۆکراین و وڵاتانی دیكەدا مافە نەتەوایەتییەكانیان دەستەبەر ببێت. ئەو داگیركارییەی ڕووسیە کە لەو چەند ساڵەدا بە بیانووی بەرگری لە مافی كەمایەتیی ڕووس دیكا، زیانێکی زۆری بۆ پرسی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەكان بەگشتی و یەك لەوان كورد هەیە. ڕووسیە بە گرتنەبەری سیاسەتێكی ئەوتۆ ئاوێك دەڕێژێ كە، ئەوانەی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هێزێك لەخۆیاندا شك دەبەن، پەلاماری بێ‌هێزەكان بدەن و خاكەكەیان داگیر بكەن. هاوکات ئەو هەڵسوكەوتەی ڕووسیە لەگەڵ دراوسێیەكانی، كارتێكەرییەكی زۆری لەسەر دوو دەوڵەتی بەهێزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تورکیە و كۆماری ئیسلامی هەیە. هەم توركیە و هەم كۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە تا ئێستا نەیانشاردۆتەوە كە چاوی تەماحیان لە خاكی دەوڵەتان و نەتەوەكانی دیكەی ئەو ناوچەیە و یەك لەوان كورد بڕیوە. هەردووكیان بە بەئەمنیەتی‌کردنی پرسی كورد ئەو ئیزنەیان بە خۆیان داوە خاکی دراوسێیەکان -عێڕاق و سووریە- داگیر بکەن. ساڵهایە توركیە بە بیانووی هەبوونی پارتی كریكارانی كوردستان بەشێك لە خاكی باشووری كوردستان و چوار ساڵیشە عەفرین و بەشێكی بەرچاو لە خاکی كوردستانی سووریەی داگیر كردوە. لەگەڵ ئەوەی شێوازی داگیركاریی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ توركیە جیاوازیی هەیە، بە چەشنێك كە كۆماری ئیسلامی زیاتر هەوڵی ئەویە لە ڕێگای هێزە نیابەتییەكانەوە سیاسەتی دەوڵەتانی ناوچە بهێنێتە ژێر ڕەكێفی خۆیەوە، بەڵام دەكرێ بڵێن لە نێوەرۆكدا ئامانج و مەبەستی هەردووك لایەن هەر یەكە. ئەوەش كە كەی كڵاوی ئەو دووانەش -توركیە و ئێران- لەسەر فراوانخوازییەکانیان لە ناوچەدا تێك دەگیرێ، جارێ ڕوون نییە، بەڵام مادام هەردوك لا لەسەر ئەو سیاسەتەیان بەردەوام بن، ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر تێک دەگیرێن. ئێستا بە سەرنجدان بەو کەڵەوەکێشییانەی ڕووسیە لە ئاستی جیهان بۆ شێواندنی نەزمی ئارایی دەیكا و چینیش بە جۆرێك پشتیوانیی لێ دەكا و، بە سەرنجدان بە کشانەوەی ڕێژەیی سەربازیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا، دەست بۆ تەڕاتێنی زیاتر كۆماری ئیسلامی و تورکیە لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و مەسەلەی كورد بە تایبەتی ئاوەڵاتر دەبێت. هەربۆیە لەو قۆناغەدا گرینگە كە كورد و هێزە سیاسییەكانی زۆر لە جاران زیاتر خەم لەو پرسە هەستیارە بخۆن و لەو بارەوە دوو ئەكی بنەڕەتییان دەكەوێتە سەرشان: ئەركی یەكەم ئەوەیە كە سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوون و جیاوازیی دۆخی سیاسیی بەشەكانی كوردستان لەگەڵ یەكتری، پێویستە جووڵانەوەی كورد لە هەموو سەردەمێكی‌تر یەكگرتووتر و تۆکمەتر بێت. ئەركی دوهەمیش ئەوەیە هێزەكانی نێو جووڵانەوەی كورد هیچ بەیانوویەک نەدەن بە دەست دوو دەوڵەتی فراوانخوازی تورکیە و كۆماری ئیسلامی كە لەشكركێشی بۆ سەر خاكی بەشەكانی دیكەی كوردستان بكا و خاكەكەیان داگیر بكا .