کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەلانانی هاوبەشە سیاسییەکان لە بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

02:26 - 1 جۆزەردان 2722

تێرۆر، کوشتن و زیندانی‌کردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە تەنانەت پێش سەقامگیربوونی ئەم ڕێژێمه. لە ڕاستیدا ئەم وشانە لەگەڵ بیرۆکەی سازبوونی کۆماری ئیسلامی لەدایک بوون وبەشێکی جیانەکراوەی ژیانی سەراسەر ڕەشی ڕژێمی ئاخوندین. وەک تەواوی حکوومەتەکانی دیکتاتۆر و دژی مرۆڤایەتی، سیاسەتی کوشتن و زیندانی‌کردن تەنانەت ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی نەگرتۆتەوە و زۆرجار کەسانی پێوەندیدار و نۆکەرانی ڕێژیم کەوتوونەتە بەڕ قین و غەزەبی دیکتاتۆر. بێدەنگ‌کردن و حەزفی فیزیکیی بەشێک لە کەسانی زۆر شوێندانەر لە ساڵەکانی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی 57، یان لە چەند ساڵی سەرەتای کۆماری ئیسلامی دەسپێکی ئەم مێژوو ڕەش و تاریکەن، لە مردنی گوماناویی "تاڵەقانی" تا تێرۆری "بەهەشتی"، "ڕەجایی" و "موتەهەری" هەموو بەشێک لەم سیاسەتە چەپەڵەن. هەرچەندە پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی هەمیشە تێکۆشاوە ئەم کارە بخاتە سەر شانی تاقمێک گرووپی نەیار وەک "موجاهیدینی خەڵق" یان "فورقان"، بەڵام ڕۆڵی خامنەیی و هاشمیی ڕەفسەنجانی لەم پاکتاوە حیزبیەدا بەئاشکرا ڕوون بۆتەوە و بەبێ یارمەتی ئەوان ڕەنگە هیچ کام لەوانە ڕووی نەدابا. لە مەجبوورکردنی "بازەرگان" بە دەست‌لەکارکێشانەوە تا لابردنی "بەنی سەدر"، یەکەمین سەرۆک‌کۆماری ڕێژیم تا دوورخستنەوە و خانەنشینکردنی "مونتەزیری"، جێگری ڕێبەری، بەباشی نیشانی دا کە لای دیکتاتۆر و ڕێژێمی دیکتاتۆری هەر کەسێک تا کاتێکی دیاریکراو دەبێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و مانەوە لە دەسەڵاتدا تەنیا بە لەناوبردن و دوورخستنەوەی کەسانی دیکە دەبێت. دوای مردنی خومەینی و هاتنەسەرکاری خامنەیی، ئەم سیاسەتە زۆر زیاتر لە ڕابردوو درێژەی پێ درا و کەڵکی لێ وەرگیرا. خامنەیی بە دەرس‌وەرگرتن لە ساڵەکانی ڕێبەریی خومەینی و بە ئاگاداربوون لەو ڕاستییە کە ئەو پێگەی خومەینیی لەنێو لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیدا نییە، بە دوورخستنەوەی تەواوی ئەو کەسانەی کە پێش خامنەیی لە کۆماری ئیسلامیدا بەشدار بوون یان لەلایەن خومەینییەوە ڕیزیان لێ گرابوو، زۆر زوو دەورووبەری دەسەڵاتەکەی لەو کەسانە چۆڵ کرد. "مووسەویی ئەردەبیلی"، "مووسەویی خۆئینی‌ها"، "میر حوسێن مووسەوی" و ... تا "هاشمیی ڕەفسەنجانی"ی ڕەفیقی پەنجا ساڵەی کە هەر بە گێڕانەوەی تەواو ناڕاستی وی بوو بە ڕێبەر، تاقمێک لەم کەسانە بوون کە هەموویان لە لایەن خامنەییەوە وەلا نران.   بنەماڵەی لاریجانی هاشم ئەردەشیر لاریجانی ناسراو بە میرزا هاشم لاریجانی لەدایکبووی لاریجان شارۆچکەیەک لە پارێزگای مازەندەران و دەورووبەری شاری "ئامول"ە. سەرەتا بۆ خوێندنی دەرسی مەلایەتی لە تەمەنی منداڵیدا ڕووی لە تاران کرد و دواتر چوو بۆ قوم و لەوێ گەیشتە پلەی ئیجتیهادی شیعە. هاشم لاریجانی دواتر ڕووی کردە نەجەف و ساڵانێک لەوێ نیشتەجێ بوو و لە کۆتاییدا لە شاری قوم مرد. جێگە لە واژۆکردنی چەندین نامە دژی ڕژێمی شا و لایەنگریی لە خومەینی هیچ کات ڕۆڵێکی بەرچاوی لەنێو دارودەستەی ڕێژیمدا نەبوو. پێچەوانەوە مناڵەکانی تەواو لەگەڵ لانیکەم بەشێک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا تێکەڵاو بوون بە تایبەت لە قۆناغی دوای خومەینیدا بەشێکی جیانەکراوەی دەسەڵات بوون. تێکەڵاوی بنەماڵەی لاریجانی لەگەڵ مێژووی کۆماری ئیسلامی لە چەند بواری جیاوازدا جێی سەرنج و بایەخ‌پێدانە: یەکەم: بەشداریی پێنج برا هاوکات لە پرۆسەی حوکمڕانیی وڵاتێک و وەرگرتنی دەیان پلەوپۆستی جوراوجۆر، یان بوونی دوبرا هاوکات لە دوو پۆستی سەرۆکی پارلمان و سەرۆکی دەزگای دادوەریی وڵاتێک ئەگەر نەڵێین بێ‌وێنەیە، بەڕاستی زۆر کەم و دەگمەنە. فەریدە فەرەهی، مامۆستای زانکۆی هاوایی و نووسەری نیزیک لە کۆماری ئێسلامی لە وتووێژ لەگەڵ ئەلجەزیرەدا دەڵێ: "هەرچەند بوونی بنەماڵە لە سیاسەتی ئێران چ پێش کۆماری ئێسلامی و چ ئێستا شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی بنەماڵەی لاریجانی جیاواز دەکا، بوونی پێنج برا هاوکات لە سیاسەت‌دایە. ئەوان بەباشی دەزانن چۆن خۆیان لەگەڵ بارودۆخی وڵات بگونجێنن تا لە سیاسەتدا بمێننەوە. مارشا بی کۆهێن، مامۆستای زانکۆ لە فلۆریدا دەڵێ: "ئەوەی بنەماڵەی لاریجانی (بۆ لایەنی حوکمڕان) سەرنجڕاکێش و خۆشەویست دەکا توانایی بێ‌وێنەیانە لە خۆڕێکخستن لەگەڵ جەهەتی بایە، ئەوان فێر بوون کە چ بکەن کە لەلای حکومەت هەمیشە باش و بەکەڵک بەرچاو بکەون". گۆڤاری تایم ساڵی 2009 دوای تێکهەڵچوونی نێوان ئەحمەدی‌نەژاد و بنەماڵەی لاریجانی دەنوسێ: "پنج برا بە موو و ڕیشی کاڵ، بنەماڵەی "کێنێدی"‌ی نێو سیاسەتی ئێستای ئێرانن کە ساڵانێکە لاقیان لەنێو دەسەڵاتدا قایم کردوە". دووهەم: ئەگەر تاقمێک تێرۆر و لەنێوبردنی سەرەتای کۆماری ئێسلامی کە بە مەبەستی پاکتاوی حزبی و لە ڕاستیدا بۆ لادانی ڕکەبەر لە کەسانی نیزیک لە خومەینی ڕووی دا، وەلانێین، تەواوی ئەم کەسانەی کە لە بازنەی یارانیی نزیکی ڕێبەر دوورخرانەوە، زیندانی یان خانەنشین کراون لە کاتێکدا بووه کە سەربەخۆ یان پێچەوانەی قسە و ڕاسپاردەکانی ڕێبەری جووڵانەوە و کاریان کردوە. لە"مونتەزیری"، "مووسەوی"، "کەڕروبی" تا "ئەحمەدی‌نەژاد" هەتا ئەوکاتەی بەپێی ڕێنوێنییەکانی ڕێبەری و لە چوارچێوەی دیاریکراودا کاریان کردوە، کەسانی دەستڕۆیشتووی نێو دەسەڵات بوون و تەنیا ئەو کاتە لە بەرچاوی ڕێبەری کەوتوون کە لە بەرانبەر ئەودا ڕاوەستاون. بەڵام ئەوەی کەیسیی بنەماڵەی لاریجانی تەواو جیاواز دەکا ئەوەیە کە ئەوان لە کاتێکدا لە بازنەی یارانی نزیک لە ڕێبەری و پۆستە گرینەکان دوورخرانەوە کە تەواو بەپێی دەستوری ئاغا دەچوونە پێشێ و هیچ کات بەرانبەر جەنابی دیکتاتۆردا ڕانەوەستاون و هەمیشە گوێ لە زاری ئاغا بوون. لە ڕاستیدا لە کارنامەی بنەماڵەی لاریجانیدا جگە لە نۆکەری و خزمەتگوزاری بۆ ڕێبەری هیچی دیکەی تێدا نابیندرێ. هەڵبەت وەک تەواوی کەسانی نزیک لە دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی دزین و ڕاوورووت وداگیرکردنی زەوی و سامانی خەڵک بۆ بنەماڵەی لاریجانیش ڕێگەپێدراوە و زۆر ئاسایییە. لێرەدا وێرای ناساندنی زیاتری بنەماڵەی لاریجانی، ئاماژە بە بەشێک لە داستانی نۆکەری و خزمەت‌کردنی ئەم بنەماڵەیە بۆ دیکتاتۆری ڕێژیم دەکەین.   فازڵە لاریجانی گەورەترین منداڵ و تەنیا کچی هاشم لاریجانی لەدایکبووی نەجەف، پێچەوانەی براکانی هیچ کات بە شێوەیەکی دیار لە نێو سیاسەتدا نەبووە. فازڵە ژنی "موستەفا موحەقێق داماد"ە کە ساڵانێکی زۆر سەرۆکی سازمانی بازرەسی بوو. موستەفا نەوەی شێخ "عەبدولکەریم حائێری" بناغەدانەری حەوزەی قومێیە. میرزا هاشم لاریجانی لە زەماوەندی منداڵەکانیدا دەیەویست لەگەڵ بنەماڵەی ناودارەکان (نزیک لە دەسەڵات) پێوەندی ساز بکات. هەر ئەوەش بووتە هۆی ئەوەی کە لاریجانێکان بتوانن پێوەندێکی بەربڵاویان هەبێت، بە تابیەت لەگەڵ مەلاکانی قوم.   محەممەد جەواد لاریجانی کوڕی گەورە و مناڵی دووهەمی هاشم لاریجانی، لەدایکبووی نەجەف، جگە لە نوێنەرایەتیی سێ جارەی مەجلیسی ڕێژیم و جێگری وزارەتی کاروباری دەرەوە، بە ئایدۆلۆگ و بیرداڕێژی لایەنی ڕاستی ڕێژیم دەناسرێ. سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕێژیم! لە سەرەتای دامەزرانی تا ساڵی 98 و بناغەداری بنکەی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس لە کارەکانی دیکەی محەممەد جەوادە. پاکانە بۆ ڕێژیم و تێکۆشان بۆ سڕینەوەی کارنامەی ڕەشی کۆماری ئێسلامی بە گشتی و بەتایبەت ڕێبەری کۆماری ئێسلامی بە هەر شێوەیەک گەورەترین کار و ئەرکی سەر شانی کوڕە گەورەی بنەماڵەی لاریجانییە. محەممەد جەواد میوانی هەمیشەیی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئێسلامییە، گرینگ نییە باسەکە چ بێت، کاتێک بۆ باسکردن لە مافی مرۆڤی ئیسلامی!، زەمانێک بۆ دژایەتی لەگەڵ هاشمیی ڕەفسەنجانی، مووسەوی، خاتەمی، ئەحمەدی‌نیژاد و بەگشتی هەر کەسێک کە دژی قسەکانی ئاغا ڕاوەستا بێ. کاتێک وەک کارناسیی وەرزشی باس لە ئەخلاقی ئێسلامی و پێداویستیی ڕەچاوکردنی لە یاریگاکان و کاتێکیش باس لە فەلسەفەی ئیسلامی لە زانکۆکان دەکا. گرینگ ئەوەیە ئەمرۆ ئاغا باسی چی کردوە و چی دەوێ، ئەوە کاری  موحەممەد جەوادە.   عەلی لاریجانی عەلی شەش ساڵ لە محەممەد جەواد چکۆلەترە و لە نەجەف لەدایک بووە. عەلی لە سپای پاسداران ڕا هاتە نێو سیاسەت. دوای لابردنی خاتەمی لە وزارەتی ئیرشادی دەوڵەتی هاشمیی ڕەفسەنجانی بوو بە وەزیر و دواتر بە حوکمی خامنەیی بوو بە سەرۆکی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئێسلامی. ئەوە سەرەتای نزیک‌بوونەی عەلی بوو لە ئاغا و پێشکەوتنەکانی دواتر و وەرگرتنی دەیان پۆستی جوراوجۆر، دەبیری شۆرای ئەمنیەتی میللی، بەرپرسی پەروەندەی هەستەیی و سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و... . لەنێو بنەماڵەی لاریجانیدا ڕەنگە هیچ کامیان وەک عەلی لە خزمەتکردنی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیدا نەبووبێ. کاتێک بە یارمەتیی حوسێن شەریعەتمەداری، سەرۆکی ڕۆژنامەی کەیهان بە سازکردنی بەرنامەی "هویت" و "چراغ" بۆ فشار لەسەر نووسەران و ڕووناکبیران و کەسانی خاوەن بیروڕا و کاتێک بە بڵاوکردنەوەی "کۆنفڕانسی بێرلین" بوو بەهۆی دەسبەسەرکردن و زیندانی‌کردنی تاقمێک لە بەشدارانی ئەم کۆنفرانسە و فشارخستنە سەر داروودەستە خاتەمی. عەلی هەمیشە و هەموو کات فەدایی ئاغا بووه. لە کاتی ڕووداوەکانی ساڵی 88 بەتەواوی دژی لایەنی بەرامبەر ڕاوەستا. لەکاتی" نەرمیشی قارەمانانە"ی ئاغا بوو بە هۆی ئەوەی کە مەجلیس تەنیا لە پانزدە خولەکدا بەرجام پەسند بکا، دواتر کە بەرجام سەرنەکەوت عەلی و حەسەن ڕۆحانی وەک تاوانبار ناسران و کەس باسی "نەرمێشی قارەمانانەی"ی ئاغای نەکرد! عەلی زاوای "مورتەزا موتەهەری"، مەلای دەستڕۆیشتوو و کەسایەتیی نزیک لە خومەینییە.   سادق لاریجانی لە دایکبووی نەجەف و تەنیا کوڕی هاشم لاریجانی کە وانەی مەلایەتیی خوێند و ڕێگەی بابی هەڵبژارد. سادق سەرەتا لە لایەن خامنەیی بوو بە ئەندامی شۆڕای نیگەهبان و دواتر بوو بە سەرۆک دەزگای داد! و لە کۆتاییدا بوو بە سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی بالای ڕێژێم. گرتن و دەسبەسەرکردنی هەزاران ڕۆژنامەنووس، چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئێعدام و لە سێدارەدانی سەدان کەسی بێتاوان بەشێک لە خزمەتەکانی سادق بە ڕێبەری ڕێژیمە. گردەنشین‌کردنی تەنانەت کەسانی نێو دەسەڵات وەک "مووسەوی" و "کەڕووبی" بەشێکی تر لە کارنامەی ڕەشی شێخ سادق لاریجانییە. سادق زاوای مەلا وەحید خوراسانی، موجتەهیدی شیعە و کەسایەتی دەستڕۆیشتووی حۆزەی قومێیە.   باقر کوری چوارەمی بنەماڵەی لاریجانی لەدایکبووی قوم، تەواوی ژیانی لە پۆستەکانی جۆراوجۆری وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمدا کاری کردوە. پێچەوانەی براکانی دیکەی، باقر کەمتر لە میدیا و ڕۆژنامەکاندا بیندراوە. باقر وەک براکانی دیکەی ڕەسمی بنەماڵەی لاریجانی لە هەڵبژاردنی خێزان درێژە داوە و زاوای مەلا حەسەن حەسەنزادەی ئامولی ڕۆحانی ناسەراوی شیعەیە.   فازڵ چکۆلەترین مناڵی میرزا هاشم لەدایک بووی قوم، بە بەراوەرد لەگەڵ براکانی زۆر کەم ناوی بیسراوە. باشترە بڵێین تا کاتی نیشاندانی فیلمی بەرتیل‌وەرگرتنی لە لایەن مەحموود ئەحمەدی‌نیژاد زۆر کەس لە بوونی تەنانەت ئاگاداریش نەبوون. فازڵ ساڵانێک لەژێر سێبەری براکانیدا بەئاشکرا خەریکی دزی و ڕاوورووت بوو. پاشەبەرەی میرزا هاشم بوو بە پاشنەی ئاشیل و سەرەتای کەوتنەخوارێی بنەماڵەی لاریجانی. هەرچەندە دواتر باسی لێ دەکەین کە هۆی ڕاستەقینەی دوورخستنەوەی بنەماڵەی لاریجانی چی بوو، بەڵام دەتوانێن بڵێین کە فازڵ ڕۆڵی کاتالیزۆری لەم پرۆسەیەدا هەبوو و بوو بە هۆی ئەوەی ئەم دوورخستنەوە زۆر زووتر جێبەجێ بکرێ.   چێرۆکی دوورخستنەوە هەروەک گوتمان بنەماڵەی لاریجانی بە کارنامەی سەرانسەر ڕەش و پڕ لە خەیانەتیان، هەمیشە لە خزمەتی ئاغادا بوون. بۆیەش زۆرکەس لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە سادق دەبێتە جێگری ئاغا و عەلی دەبێتە سەرۆک‌کۆماری داهاتوو. کاتێک بە حوکمی خامنەیی سادق هاوکات لەگەڵ سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، سەرۆکایەتیی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی بالای ڕێژێمیشی پێ سپێردرا، زۆر کەس باسیان لەوە دەکرد تازە بنەماڵەی لاریجانی بە کەس لاناچن. بەڵام بەپێچەوانە ئەمە سەرەتای دوورخستنەوەیان بوو. زۆر زوو سادق لە دەزگای دادوەری دوورخرایەوە، دواتر بە فشارێکی بێ‌وێنە وایان کرد کە عەلی نەوێرێ تەنانەت خۆی بۆ مەجلیسی ڕێژێمیش کاندید بکات! محەممەد جەواد کە خۆی بناغەدانەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕێژیم بوو دوای ساڵانێک لە 1398 لەم پۆستە لادرا. بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو و نییە. گرتن و دادگایی‌کردنی "ئەکبەر تەبەری" دوای ساڵانێک لە دادگایەکدا کە زۆرتر لە شۆی تەلویزیۆنی دەچوو بە مەبەستی بێ‌ئابڕووکردنی سادق لە مێدیاکانی سەر بە سپا بەشێکی تر لەم چێروکەیە. هەرچەندە خامنەیی لە چەند ڕستەی سادە دوای ماوەیەکی زۆر دڵداریی دایەوە، بەڵام کێیە نەزانێ ئەمە تاکتیکی هەمیشەیی خامنەییە. ساڵانێک پێش، کاتێک ئەحمەدی‌نیژاد باسی لە هاشمیی ڕەفسەنجانی و بنەماڵەکەی کرد و بە فەرمانی ئاغا ڕیسوای کردن، خامنەیی لە نوێژی هەینیدا وێڕای ئەوەی پاڵپشتیی خۆی لە ئەحمەدی‌نیژاد دووپات کردووە، لە دوو ڕستەدا دڵداری دا بە ڕەفسەنجانی و گوتی: هاشمیی ڕەفسەنجانی هاوڕێی پەنجا ساڵەی منە! ڕەنگە کۆتابزمار لە تابووتی بنەماڵەی لاریجانی چێرۆکی بەشداریی عەلی لە دواییترین هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری ڕێژێم بێ. لە کاتێکدا بەپێی زۆر سەرچاوەی باوەڕپێکراو، عەلی بە قسەی موجتەبا خامنەیی و بۆ گەرمکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی کۆتاییدا خۆی کاندید کرد، بەڵام لەلایەن شوڕای نیگەهبانەوە کە سادق یەکێک لە ئەندامەکانی بوو، ناوی لە لیستی پاڵێوراوانی کۆتاییدا نەهات. ئەمە بوو مایەی سەرسووڕمانی زۆر پسپۆڕ و شارەزایانی بواری سیاسی. چۆنکە کارنامەی عەلی لاریجانی جگە لە نۆکەریی ئاغا هیچی تێدا نەبوو. عەلی موتەهەری لەم بارەیەوە دەڵێ:" من لە نەبوونی ناوی خۆم سەرسام نەبووم، ئەوەی ئەمنی زۆر سەرسام کرد نەبوونی ناوی عەلی لاریجانییە کە لە تەواوی ژیانیدا بەپێی قسەکانی ڕێبەری جووڵاوەتەوە." دواتر خامنەیی دیسان لە چەند ڕستەی کورتدا وەک هەمیشە ئەم جار بێ‌ئەوەی بەڕوونی ناوی کەس بێنێ، دڵداری دا بەو کەسانەی کە لەلایەن شوڕای نیگەهبان بنەماڵەکەیان سووکایەتیی پێ کراوە! هەڵبەت تێپەڕبوونی کات نیشانی دا کە هیچ شتێکی تازە لە گۆڕێدا نییە و هەموو شتێک بەپێی دەستوری ئاغا کراوە. دەست‌لەکارکێشانەوەی سادق لە شوڕای نیگەهبان و باشتر بڵێین دوورخستنەوەی دوای ئەوەی حازر نەبوو بروانامەی سەرۆک‌کۆماریی "ڕەئیسی" واژۆ بکا، تازەترین بەشی ئەم چێرۆکەیە. بنەماڵەی لاریجانی کە کاتێک هاوکات سەرۆکی دەزگای دادوەری، سەرۆکی مەجلیس، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی باڵای نیزام و دەیان پۆستی گەورەو چکۆلەی تر لایان بوو، ئیستا تەواو خانە نشین کراون.   هۆکاری دوورخستنەوە وەک دەگێڕنەوە قەزافی، دیکتاتۆری لیبی دژایەتیی یەکجار زۆری لەگەڵ بەشار ئەسەد، دیکتاتۆری سووریەدا هەبوو. لە دانیشتنەکانی سەرۆکانی وڵاتانی عەرەب، قەزافی بە دیتنی بەشار ئەسەد زۆر تێک دەچوو، هۆکاری ئەم دژایەتی‌کردنە و ڕق و قینە نە باسی سیاسی بوو، نە پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات. قەزافی لە تەواوی سەرۆکانی وڵاتانی عەرەب باڵابەرزتر بوو جگە لە بەشارئەسەد، نەیدەتوانی ببینێ کەسێک لەوی باڵای بەرزترە، بەتایبەت ئەوەی کە ئەسەد زۆر جوانتریش و بوو! ئەمە چێرۆکی تەواوی دیکتاتۆرەکانی دنیایە. هیچ کەس بۆی نییە بە هیچ شێوەیەک لە ڕیزی دیکتاتۆردا بێت. بنەماڵەی لاریجانی بە پێوەندی‌گرتن بە تاقمێک بنەماڵەی دەستڕۆیشتوو هاتنه نێو ئاڵقەی یارانی ئاغا و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر خۆیان لەنێو سیاسەتی ڕێژیمدا بڵاوکردەوە. بوونی بنەماڵەیەکی وەها بەربڵاو لەنێو سیاسەت ا مەترسیی گەورەیە بۆ جێگریی موجتەبا خامنەیی. لەنێو قاموسی دیکتاتۆرەکاندا هەر نۆکەرێک هەرچەندیش وەفادار و گوێ لە زار بێت، ڕۆژێک ماوەی بەسەر دێت. بۆیە بەردەوامیی ژیانی سیاسیی بنەماڵەی لاریجانی مەترسییەک بوو بۆ سەر جەنابی دیکتاتۆر! نابێ ئیزن بیدەی کەس ئەوەندە گەورە بێ کە بتوانێ داواکاریی هەبێت، یان هەست بکا کەسێکە بۆ خۆی، ئاغا تەنیا نۆکەری دەوێ، ئەویش نۆکەری بێ‌دەسەڵات!