کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: نیشتمان‌پەروەری، خاک‌پارێزی و گەل‌خۆشەویستی، بەردی بناغەی پرسی نەتەوایەتیین

02:34 - 1 جۆزەردان 2722

(دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لە ڕێوڕەسمی ٤٠ ساڵەی یادی دامەزرانی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەدا)   هاوڕێیانی پێشمەرگە! ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان! پێشەکی بەبۆنەی یادی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکەم مەدرەسەی پەروەردەکردنی پێشمەرگە، کادر و فەرماندەرانی نیزامی لە حیزبی دێموکراتدا و بەردەوامیی تێکۆشانی ئەو مەکۆیە لەو ڕێبازەدا پیروزبایی لە هەموو ئێوە دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە کۆمیسیۆنی پێشمەرگە و لە ڕێگای کۆمیسیۆنی پێشمەرگەشەوە پێرۆزباییەکی گشتی بە هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان دەڵێم. لەو ڕۆژە‌دا جێگای خۆیەتی پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بکەم کە ئەو شانازییە بۆ ئەون دەگەڕێتەوە کە ٧٧ ساڵ لەوە پێش حیزبی دێموکراتی کوردستان دابمەزرێ و شانازییەکەش ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی تێکۆشەرانی دێموکرات تا لە ماوەیەکی کورتی دوای دامەزرانی حیزب، حکوومەت و کۆماری کوردستان ڕابگەیەنن. هۆکاری ئەمەش ڕوونە، چونکی فەلسەفەی وجوودیی دامەزرانی حیزبی دێـموکراتی کوردستان چێ‌کردنی حکوومەت و ئیدارەی وڵات بوو. ئەوە ئەسڵ و ئەساسی سیاسەتەکانی سەر کۆمار پێشەوا قازی محەممەد بوو. یەکێک لە دەسکەوت و یادگارەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان دامەزرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو کە دواتر ئەو نازناوە بۆ جەنگاوەری کورد لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان بوو بە ڕەمز. لە قوتابخانەی فکریی حیزبی دێموکراتدا و لە مەیدانی کردەوەشدا پێشمەرگە تێکەڵ کرا بە ڕوحی بەرگری، دیفاع لە مافە نەتەوایەتییەکان و خۆشەویستیی نیشتمان، بەگژداچوونی ئەو لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر کوردستان و، مافەکانی ئەو گەلە لەبەرچاو ناگرن. جا ئەگەر وایە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆیە چەکی هەڵگرتوە، ئاشقی وڵاتەکەیەتی و نیشتمان‌پەروەری، خاک‌پارێزی و خاک‌خۆشەویستی، بەردی بناغەی پرسی نەتەوایەتییە کە بە خۆشییەوە شانازیی ئەو پەروەردەیە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە. جێگای خۆیەتی هەر لەو ڕۆژە پیرۆزەدا کە یادی ٤٠ ساڵەی مەکۆی پەروەردە و فێرکردن لە حیزبی دێموکراتی کوردستا بەرز ڕادەگرین، ناو و یادی ئەو تێکۆشەرانە بەرز ڕابگرین کە لە ڕۆژە سەخت و ناخۆشەکاندا، دەوریان هەبووە لە پێگەیاندنی هێزی پێشمەرگەدا. دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و کاتێک هێرش کرایە سەر کوردستان، کاتێک حیزبی دێـموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکی دەدا کە کێشەی کورد لە ئێران لە ڕێگای وتووێژ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێ، کاتێک کوردستان کەوتە دۆخێکەوە کە بۆ بەرگری لە ماف و شانازییەکانی دەبوا بەرگریی لە خۆی کردبا، بەخۆشییەوە ئەوە هێزی پێشمەرگەی ئێمە بوو کە لە مەیداندا ئەو پێشەنگایەتییەی کرد. لەو کاتدا بەشێکی زۆر لە ئەفسەرە نیشتمان‌پەروەرەکان ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتیان بەجێ هشت و وازیان لە پەلە و پایە و ژیانی خۆش و ئاسوودەیی هێنا. ئەو نیشتمان‌پەرورانە کە هاتنە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، دەورێکی بەرچاویان هەبوو لە ڕێکخستنی سیستمی نیزامیی حیزبی دێـموکراتی کوردستان. یادی هەر هەموویان بەخێر بێ و ئێمە هەرگیز ئەو ئەفسەرە تێکۆشەرانە لەبیر ناکەین کە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستاندا ئەو ئەرکە گرینگەیان کەوتە ئەستۆ. بۆیە جێگای خۆیەتی لەو ڕۆژەدا یادی ئەو مامۆستا و فەرماندە نیزامییانەی ئەو کات و هەموو مامۆستایانی بواری سیاسی و نیزامی بەرز ڕابگرین کە لە ماوەی ژیان و چالاکییەکانی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەدا خۆنەویستانە تێکۆشاون. هەر لەو دەرفەتەدا جێگای خۆیەتی یادێک لە "سەروان چەکۆ ڕەحیمی" و ناوی بەرز ڕابگرین کە یەکەم بەرپرسی زانکۆی حیزب بووە و لە پێناو بەسیستم‌کردنی پرسی پەروەردە لە حیزبدا ئەرکی زۆری خستە ئەستۆی خۆی و ئێمە ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو نەسرەوتن و تێکۆشانەیە کە دەیبینین.   هاوڕێیانی ئازیز! پێشمەرگە خۆنەویستەکان! خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان! وەک باسم کرد ئیدارەدانی وڵات فەلسەفەی وجوودیی دامەزراندنی حیزبی دێـموکراتی کوردستان بووە. مادام حیزبێک ئاوا بیر بکاتەوە، ئەوەی کە بیری لێ دەکاتەوە و خەمی لێ دەخوا پەروردەکردنی خەڵکە. میللەت-نەتەوە دەبێ پەروردە بکرێ. فەرهەنگی ئەو پەروەردەیە لە ماڵەوە دەست پێ دەکا کە منداڵەکەت فێری نیشمتان‌پەروەری بێ، فێری خاک‌خۆشەویستی بێ و ئەو فەرهەنگە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە و حیزبی دێموکرات بۆ ئەو مەبەستە هەموو توانایەکی خۆی بەکار هێناوە، لە پەروەردەی نیشتمانییەوە هەتا بەرگریی پێشمەرگانە لە خاک و وڵاتەکەمان. ئێمە هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران، دەبێ لە ڕێگای وتووێژ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێ. بەڵام بەداخەوە دەوڵەتە ناوەندییەکان، یەک بەدوای یەکدا هەرگیز ڕێزیان بۆ ئەو بۆچوونە پێشکەوتووانەیە دانانەوە. هەمیشە ئەوان دەستپێشخەری شەڕ بوون و ئێمەش ئەرکی نەتەوایەتیی خۆمان بەجێ هێناوە و بەرگریمان لە خاک و نەتەوەی خۆمان کردوە. هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سۆنگەیەوە پاشخانێکی بەهێزی لە پەروەردە و خۆئامادەکردن هەیە. پەروەردەش لە حیزبی دێموکراتدا هەر ئەوە نەبووە چەک لە شان بکا و بۆ داکۆکیی باش لە زێد و نیشتمانەکەی فێری تکنیک و فەننی شەڕ ببێ کە دیارە ئەوە مافی خۆیەتی. پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە بواری مێژوو، لە بواری سیاسی، زانستە مرۆییەکان، ڕێکخستن و چۆنیەتیی ئیدارەی وڵاتدا فێر دەکرێن، چونکی دەبێ بۆ ئەرکەکانیان لە داهاتووی وڵاتدا ئامادە و پەروەردە بکرێن. جا بۆیە فەلسەفەی پەروردە و فەلسەفەی پێگەیاندنی کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بیرۆکەیەکە بۆ درێژخایەن. بیرۆکەیەکە سەرچاوەکەی بۆ خاک‌خۆشەویستی و نیشتمان‌ویستی دەگەڕێتەوە. هەر لەژێر ڕووناکایی ئەو بیرۆکەیەدایە کە ئێمە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین، سەرەڕای زوڵم و زۆریی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای بەئەمنیەتی و بەنیزامی‌کردنی کوردستان، سەرەڕای هەڵاواردنی کوردستان لە سۆنگەی ماف‌ویستیی ئەو نەتەوەیە، دیسانەکە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری جۆراوجۆری سیاسی، ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەری، ژینگەپارێزی، زمانەوانی و هەموو ئەو بەشانەی دیکە کە کۆمەڵگە بۆ شوناسخوازیی خۆی دەیهەوێ، بەردەوام دەچێتە پێشێ. هەمووی ئەوانە ئێمە لەو خانەیەدا پێناسە دەکەین: یەکەم، بەجێ‌هێنانی ئەرکی نیشتمانیی خۆمانە کە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان دیفاع لە مافەکانی خۆمان دەکەین. دوویەم، نەفسی ئەو خۆڕێکخستنە پەروردەکردنی خۆمانە. ئامانج لەو نیزامی پەروەردەییە ئەوەیە کە خەڵک منداڵەکانی خۆیان بە بیری نیشتمانی و کوردایەتی گۆش بکەن، بایەخ بە زمانی میللیی خۆیان بدەن، فێری ئەرک‌وەخۆگری و بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتی بن. خەڵک فێر بن کە لە بەرانبەر مێژوو و داهاتووی خۆیان بێ‌تەفاوت نەبن و بەرانبەر بە ڕووداوە سیاسییەکان و پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگە هەڵوێستیان هەبێ. ئێمە خەڵک هان دەدەین خاک و وڵاتی خۆیان خۆش بوێ. بیرۆکەی ژینگەیپارێزی کە لە جیهاندا بووە پرسێکی گرینگە، بەخۆشییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا بڵێی بەهێزە و بۆتە قوتابخانەیەک بۆ پەروردە و فێرکردنی خەڵک بۆ وڵات‌پارێزی. لە بوارەکانی دیکەشدا خەڵک دەبێ هەموو بوارە ئەدەبی، هونەری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان بکا بە سەنگەر، بە زانکۆ و بە مەکۆی بەرگری، ئەمە بەردی بناغەی نەتەوەسازییە و هەوڵدان بۆ نەتەوەسازی و یەکیەتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتی فەرەڕەهەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان. هەر ئەوەش لە حیزبەکەی پێشەوا، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەڕەفکەندی و دەیان ڕێبەر و کادری شەهید و هەزاران پێشمەرگری شەهید چاوەڕوان دەکرێ. هەمووی ئەو بیڕۆکانەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە بە پشتبەستن بە بیر و ئەزموون و تواناکانی خۆمان بەشمان بەو پەروەردە نەتەوەییەوە هەبێ و بەخۆشییەوە حیزبی دێـموکراتی کوردستان، زانکۆ و زانستگەیەکە لە هەمووی بوارەکانی جۆراوجۆری ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و مێژووی و پێشمەرگانە و تەشکیلاتی و هتد. ئەوەیە لە داهاتوودا عەقڵییەت و بۆچوونی ئێمە لەسەر ئیدارەی وڵات، بەهێزتر دەکات.   خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! هاوڕێیانی پێشمەرگە! بە درێژایی مێژووی دوایی شۆڕشی ئێران لە بەردەوامی خەباتی و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی کوردستان، بەتایبەت خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامیدا، یەکێك لە سیاسەتەکانی ڕێژیم ئەوە بووە کە هێزی پێشمەرگە لە خەڵک داببڕێ. کۆماری ئیسلامی لەو سیاسەتە‌دا هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە و نابێ و، هیچ هێزێک و هیچ ڕووداوێک ناتوانێ خەڵک و پێشمەرگە لێک جیا کاتەوە. هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کوڕان و کچانی ئەو میللەتەن، بۆیەشە میللەتەکەمان و خەڵکەکەمان لە قۆناغی هەرە سەختی خەبات، لە ڕۆژانی خۆشی و ناخۆشی و لە کاتەکانی دەسکەوت و کارەساتیشدا هەمیشە لەگەڵ و لە پشتی حیزبەکەی خۆیان بوون. ئەوە بڕیاری ئەوانە و ئەوە بیرۆکەی دیفاع لە مافەکانی نەتەوایەتیی خۆمانە کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستا‌دا ڕەنگەی داوەتە و جێ کەوتوە. بۆیە جارێکی دیکە وێڕای پێزانین لە چالاکی و تێکۆشانی هەموو ئێوە پێشمەرگەکان و کادرەکان و فەرماندەران و مامۆستاکانی فێرگە؛ ئەو پەیامە دەدەین بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کچان و کوڕانی ئێوە، ئەوانەی لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا چەکیان لە شان‌دایە و وەکوو کادر خۆیان پێگەیاندوە؛ لەگەڵ ئێوە و بە هەمووان ئەو خەباتە هەتا سەرکەوتن دەبەینە پێشێ. هەتا ئێوە هەبن و لە مەیدا‌دا بمێنن، پێشمەرگەش هەر دەمێنێ. بە دڵنیاییەوە نەتەوەی کورد بەو پاشخانە دەوڵەمەندە قەت لەبەین ناچێ و حیزبی دێموکراتیش لە سەنگەری خەبات و مافخوازیدا هەر دەمێنێتەوە، چونکی ئێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەنگەر و بژێوی ئەو حیزبەن. ئێوە خەڵکی کوردستان زۆرجار لەو ئەزموون و تاقیکردنەوانە بە سەربەرزی هاتوونەتە دەرێ. کاتێک مووشەک‌بارانی قەڵی دێموکرات کرا، لەبیرتانە کە کۆماری ئیسلامی دەیویست بە مووشک  ڕێبەران و کادرەکان و فەرماندەکانی ئێوە لەنێو بەرێ کە بەداخەوە پۆلێک لەوانی لە ئێمە و ئێوە ستاند. بەڵام ئێوە لە نێوخۆی وڵات بە مانگرتن دەرتان خست، نیشانتان دا  و سەلماندتان کە حیزبی دێموکرات ئێوەن. ئەو پەیامەی ئێوە دنیا بیستی و مانگرتن و هەڵوێستی ئازایانەی ئێوە وای کرد کە مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات لە کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بێتە بەر باس.   بەڕێزان! هەموو ئەو پڕۆژە و بەرنامانە مادام بەرنامەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانن، مادام پڕۆژە و بەرنامەن بۆ ڕێکخستن و ئیدارەی حیزبی دێموکرات و، ئیدارەی وڵات؛ ئەم ئیدارەدان و خۆبەڕێوەبەرییە بە پەروردەکردن دەچێتە پێشێ. بۆیە هیوادارم هەموو لایەک بە عەقلییەتی خۆپێگەیاندن و خۆپەروردەکردن، بە عەقلییەتی میللەت‌سازی بەو مانایە کە ئێمە وەکوو میللەتێک لەپێناو مافەکانی خۆماندا خەبات دەکەین، بەو عەقڵییەتە و بەو تێگەیشتنە خەباتەکەمان هەتا سەرکەوتن ببەینە پێشێ. لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکەش، بژی پێشمەرگە، پێشمەرگەی حیزبێک کە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە هەوڵی داوە خەبات و تێکۆشانەکەی لەنێو میللەتی خۆیدا بێ، ئەو میللەتە پشتیان گرتووە. سڵاو لە پێشمەرگە و شانازی دیکەین بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەو کۆمەڵە زۆرە کادر و پێشمەرگە، بە کوڕ و کچەوەی، پێشکەش بە بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک‌کۆماری کوردستان کردوە.