کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی خوێندکاری لە چاوگەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا (بزووتنەوەی خوێندکاری وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ) (٢-١)

02:41 - 1 جۆزەردان 2722

بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی بەردەوامی و مانەوەی لە کاتدا، بۆتە بەشێک لە هزری گشتی، دامەزراوەیەکی سیمبولیک و نادیار کە تەنانەت لە بارودۆخی زۆر سەختدا و نەبوونی ڕێکخراوەی خوێندکارییش، لە وەچەیەک بۆ وەچەیەکی تر گوازراوەتەوە و هیچ دەسەڵاتێک لەنێو سەدەی ڕابردوودا نەیتوانیوە ڕوح و ماهییەتی بزووتنەوەی خوێندکاری لەنێو ببات. ئەوەی ئەمڕۆش لە زانکۆکان و کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا دەگوزەرێ، دەرخەری ئاڵوگۆڕێکی هزری و کۆمەڵناسانەیە کە لەگەڵ ڕابردووی خۆی زۆر جیاوازە. بزووتنەوی خوێندکاری لە شکڵی سەرەتایی خۆی لە کوردستان لەنێو ئەو لاوانەی کە بۆ زانست چوونە زانکۆ بێچمی گرت و دەستە خوێندکارییەکان سەرەڕای ڕێژەی کەمیان بەڵام بەشێکی گرینگ لە ئاڵوگۆڕی بەستێنی فەرهەنگی و سیاسیی ئەو کاتی جڤاتی کوردستان بوون. کۆمەڵگەی پڕ لە کڵپەکڵپی سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و ڕۆڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران دەرخەری ئەم ڕاستییە کە، کاریگەریی بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناخی کۆمەڵگەدا زۆر بەرجەستەیە. تاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێت بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان یەکێک لەو بزووتنەوە شوناسخواز و چالاکەیە کە بە هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان (حیزبەکان) بە زێهنییەت و کارکردێکی ڕۆژهەڵات‌تەوەرانە دەیهەوێ ماف و ئازادییەکان وەدی بێن و کۆمەڵگەیەکی سێکۆلار، ئازاد و دێموکراتیک چێ ببێت. دەیەی١٣٤٠ی هەتاوی دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بوو بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەم دەورەیە بە هاوپەیوەندی و هاوفکریان لەگەڵ بزووتنەوی خوێندکاریی جیهانی و بە کوردستانی‌کردنی ئایدیا و ئەندێشەی ڕزگاریخوازیی جیهانی، بوونە پێشەنگانی خەبات دژی دیکتاتۆریزمی ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران کە سمایل شەریف‌زادە و هاوڕێیانی، پێشڕەوانی ئەم هزر و تێکۆشانە پڕ لە سەرورییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. بەمجۆرە سەرەتا بەهۆی خەفەقان و مڵهوڕیی ڕێژیمی پاشایەتی و داخراوبوونی فەزای گشتیی کۆمەڵگە، ناوکی سەرەکیی چالاکیی گرووپە سیاسییەکانی (خەباتی چەکدارانە) بۆ نێو زانکۆ دەگوازرێتەوە و لە ئاکامی ئەم بەڕپرسیاریەتییەدا بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد حەماسەی وەک جووڵانەوەی چەکداریی (١٣٤٦-١٣٤٧ ) دەئافرێنێ. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی خوێندکاران لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی کۆمەڵگەی مۆدیڕن و سەردەمن. لە کۆمەڵگەی کەونارا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یا هەر نەبوون، یان ئەگەر بشبووبێتن زۆر کەم بوون. هەرچەند لە کۆمەڵێک جڤاتی وەرزێریدا سەرهەڵدان و ڕاپەرین ڕووی داوە بەڵام بۆ ماوەیی و خێرا بوون، هاوکات لە کۆمەڵگەی شارنشینی و پیشەسازیدا، بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان بە سەرنجدان بە ڕێژە و جۆراوجۆرییان بەشێک لە ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتین، لە کۆمەڵگەی سەردەمیشدا بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەم هۆکار و هەم ئاکامی تۆمارکردنی مێژوون. بەکارهێنانی چەمکی "بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان" لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لە ئورووپای ڕۆژاوا، داکەوت و یەکێک لە سەرەتاییترین باسە ڕێکوپێکەکانی ئەم هزرە لە کتێبی "لۆرێنس  فوون ئێشتاین" بە ناوی "مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە فەڕانسەی (١٧٨٩) تاکوو ئەمڕۆ"دا شی کراوەتەوە کە تێیدا شۆڕش بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی زۆرتری کۆمەڵایەتی شڕۆڤە و لێکدانەوەی بۆ کراوە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناسەیەکی تردا بریتییە لە هەوڵدانی گشتی بۆ بەڕەو پێشبردن یا بەربەرەکانی کردن لە بەرانبەر ئالۆگۆڕەکان لەنێو کۆمەڵگەدا کە خۆیان بە بەشێک لەم ئاڵوگۆڕە بە ئەژمار دێن. لە ڕەهەندی بنەمایی و هزرییشەوە، بزووتنەوەی خوێندکاری سەنتێزێک لە سێ کۆچەمکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، ڕەوتی ڕووناکبیری و ڕەوتی ڕابوو لە چینی نێوەڕاستی نوێیە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.   بزووتنەوەی خوێندکاری وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ لە باسە زانستییەکان لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، یەکەم شت کە دەتوانین بچینە سەری بزووتنەوە خوێندکارییەکانە. بە خوێندنەیەکی تر لە زنجیرە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان کە لە دەیەی (١٩٦٠) دەستی پێ کرد، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی خوێندکاران یەکەم ئەڵقەی دامەزراوەی ئەم خەباتە بوو و بە شێوەیەکی دیاریکراوتر لە مانگی مەی (١٩٦٨ ) بەم لاوەیە کە بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە ئورووپا، بە تایبەت لە فەڕانسە دەست پێ دەکەن و بزووتنەوی ژنان، ژینگەپارێزی، ئاشتی، ڕاستیستی و... بەدوودا دێت. چالاکی و هەوڵدانی گشتی بۆ ئاڵوگۆر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک خەسڵەتی گشتی و تایبەت بە خۆیان هەیە: یەکەم، ئەم جووڵانەوە گشتییە لە ڕایەلکەگەڵێکی پەیوەندیی ناڕەسمی لە نێوان تاکەکان، گرووپەکان یا ڕێکخراوە جۆربەجۆرەکانە شکڵ دەگرێ. "سیدنی تارو" پێی وایە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە فۆڕمی تاک و تاکیدا ڕوو نادەن، بەڵکوو پاژێک لە شەپۆلێکی گشتیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانن کە تێکرا بە هۆی کۆمەڵێک ڕووداوی پێشبینی‌نەکراو خێرایی وەردەگرن و لە ڕێگەی ئاڵوگۆر لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، دەرفەتە سیاسییەکان ئاسان دەکەن." دووەم، لەسەر کۆمەڵێک هاوبەشی لە باوەڕمەندی و ئینتیماکان بنیات نراوە. ئەو بابەتە هۆکاری شکڵ‌گرتنی شوناسی گشتی بۆ یاریکەرانی گشتییە و سەرجەم پێکهێنەرانی ئەم یاریە گشتییەش لە درێژماوەدا بە بزووتنەوەیەکی تەواو یەکدەست دگۆڕدرێت. بە بڕوای "چارلێز تیلی"، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی "کردارێکی ژێرمەندانە، ئامانج‌خوازانە و ڕێک‌خراوە". سێهەم، کرداری هەرەوەزی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی یا فەرهەنگییەکان پێداگری دەکات کە: ئەم هەڵوێستە بەو هۆکارەیە کە یاریکەرانی بزووتنەوە لە هەوڵی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی‌دان، چ لە ئاستی ڕێکخراوەیی و چ لە ئاستی ناڕێکخراوەییدا. لێرەدایە کە پەیوەندی نەیارانە لە نێوان ئەوان و ئەوانی تردا کە ئەوانیش لە هەوڵی کۆنتڕۆڵی پرسی هاوچەشنن دێتە ئاراوە و تێکهەڵچوونی لێ دەکەوێتەوە. لێرەدایە کە "مایر زاڵد و مەک کارتی" بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە "کۆمەڵێک لە بڕوا و بایەخ کە ڕەنگدانەوەی مەیل بۆ ئاڵوگۆڕ لە بەشی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی یا دابەشکردنی هەڤیازی کۆمەڵایەتی" پێناسە دەکەن. چوارەم، ئەکتەران و چالاکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەت نارەزایەتی گشتی بۆ بەڕەو پێشبردنی ئامانجەکانی خۆیان کەلک وەردەگرن. پێنجەم، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەڵگری ئیدۆڵۆژیی تایبەت بە خۆیانن کە بایەخ و ئامانج دیاری دەکەن و جۆرێک چەمکی یەکگرتوو بۆ ڕاڤەی ئەزموونەکان و پێشهاتەکان دابین دەکەن. شەشەم، لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵێنی و ناچارکردنی تاک بە بزووتنەوە، مەبەست و ئیدۆڵۆژیی بزووتنەوە لە ڕێگەی چاڵاکییەکان یا ئەزموونەکان ەەدەست دێت و بەمجۆرەیە کە شوێنی تاک لە ڕێکخراو دیاری دەکرێ و ئەوان بە بایەخەکان، بەڵێنییەکان و کرداری نوێ ئاشنا دەبن. حەوتەم، نەیارانی بزووتنەوەیەک ئیمکانی هەیە ڕاستەقینە یا دەستکرد بن کە بۆ بانگەشە و گەشەی بزووتنەوە پێویستن. ڕکەبەرەکان هۆکاری یەکگرتوویی و یەکدەنگی و وەئەستۆ خستن و ڕوو لەگەشەیی بزووتنەوە دەبن. هەشتەم، جووڵانەوەی گشتیی سیاسی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا یا ئارام و ڕێفۆرمخوازانە، یا ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە. لە ئاکامدا دەتوانیین وای دانێین کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ساڵانێکی زۆر بە شێوەی ڕێفۆرمخوازانە بەردەوام دەبن و هیچ کات حاڵەتی شۆڕشگێری بە خۆیانەوە ناگرن یا بەپێچەوانە، دەتوانیین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دیکە وێنا بکەین؛ کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا ڕادیکاڵ و حاڵەتی شۆڕشگێریی هەبێ. بەڵام لە هەر دوو حاڵەتدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هەوڵی ئاڵوگۆڕدان، بەڵام یەکیان بە ڕێگەی ڕێفۆرم و لەوی تریاندا بە شێوەی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕی.   (بەشی دووهەم و کۆتایی لە ژمارەی داهاتوودا)