کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماکانی دەوڵەتداری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا

02:43 - 1 جۆزەردان 2722

ئەستۆندەک و پاڵپشتیی هەر بزووتنەوەیەکی مۆدێڕن بریتییە لە جۆری دنیابینی و شێوەی بەکردەیی کردنی بنەما تیورییەکانی ئەم بزووتنەوەیە. کاتێکیش خەباتی بەکردەوە و ڕوحی یاسا و بنەما تیورییەکانی ئەم بزووتنەوە ئاوێتەی یەکتری ببن، بزووتنەوەکە گەر بکەوێتە تەنگانەشەوە ڕێگای سەرکەوتنی خۆی هەر دەبینێتەوە و بە ئامانجەکانی خۆی دەگات. خۆ ئەگەر گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان لە ڕەوتی خەبات لەسۆنگەی کەندوکۆسپەکانی تێکۆشاندا درەنگتریش دەست بدات، هۆکارەکەی بۆ چەوتیی بنەما تیورییەکان و جموجۆڵە مەیدانییەکان ناگەڕێتەوە؛ بەڵکوو سەرنجەکان دەبێ لەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیی زاڵ و بەرامبەر بێ کە لەمپەری بنەڕەتیی بەردەم وەدیهاتنی ئەو ئامانجەیە. دەسەڵاتی سیاسیی توتالیتێر و ناوەندگەرا کە بەردەوام هەوڵی داشکاندن و بچووک‌کردنەوەی خواست و داوای سیاسیی نەتەوەکانی دژبەری خۆی دەدا، جەغزێک لە نێوان خۆی و ئەوانی‌دی دەکێشێ و سیاسەت و پلانی حکوومەت لە هەمبەر جووڵانەوە مافخوازەکان هەموو کاتێک حاشا و نکۆڵی کردن بووە و، لە خۆیدا زەرفییەتی داننان و بەڕەسمی ناسینی ئەو مافانەی شک نەبردوە. جۆری ئەو سیستمە دەسەڵاتدارییانە لە وڵاتانی جۆراجۆر لەیەکتر جیاوازن و ڕۆڵی کەسانی نێو بازنەی دەسەڵات و شێوەی بیرکردنەوەیان و، گوشاری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەش بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە ملدان گرینگیی تایبەتی لە جێکەوتنی ئەو بنەما و تیورییە سیاسییە هەیە کە بزووتنەوە خەباتکارییەکە بەڕێوە دەبات. جووڵانەوەی سیاسیی کورد یەک لەو بزووتنەوانەیە کە سەرەڕای ماوەیەکی دوورودرێژ لە خەبات و تێکۆشان هێشتا ئامانجە بنەڕەتییەکانی وەدی نەهاتوون. ئەو جووڵانەوەیە کە چەقی بەشێکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕابردووی خەباتی نیزیک بە هەشت دەیە پێشەنگایەتیی دەکا، هەتا ئێستا لەگەڵ دوو کۆسپ یان بە واتایەکی دی دوو حاکمییەتی دیکتاتۆری و سەرەڕۆی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بووە. دێموکراسی‌خوازی، مافی دیاریکردنی چارەنووس و دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بەردی بناغەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەمای تیوریی ئەم حیزبە بووە. حیزبی دێموکرات کاتێک کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند، دێموکراسی‌خوازی و ئازادیخوازییەکەی لە پێکهاتەی دەسەڵات و کار و بڕیارەکانی کۆماردا وەک کۆڵەکەکانی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک بە عەینی و بەکردەوە ڕەنگی دایەوە. ئەو کۆڵەکە بنەڕەتییانە بریتی بوون لە: وەدیهاتنی مافە نەتەوایەتییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین، ڕەچاوکردنی مافی منداڵان و مافی بەرانبەر و وەک‌ یەکی ژنان و پیاوان، بایەخدان بە مافی گرووپە پیشەییەکان، دابین‌کردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان و یەکسانیی مافە ئایینییەکان و تەنانەت بەڕەسمی ناسینی مافی نەتەوەکانی غەیرەکوردی نێو چوارچێوەی حوکمڕانیی کۆماری کوردستان. ئەو کۆمارە کوردییە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنەری بوو، بووە قوربانیی سیاسەتی ساتوسەودای نێودەوڵەتی و عەقڵییەتی نیزامی کۆلۆنیالیستی ناوەند، ئەویش لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی پەهلەوی خۆی لەو کاتەدا وڵاتێکی داگیرکراو بوو. ئەوە بوو کە دواجار بە هیرشی سەربازیی حکوومەتی حەمەڕەزاشا کۆتایی بە تەمەنی ئەو کۆمارە دێموکراتیکە هات. ڕاستە کۆماری کوردستان بەهۆی گەلەکۆمەگێ ڕووخا، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەڕای لەداردرانی بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی لە ماوەیەکی کورتی دوای نسکۆی ڕووخانی کۆماردا بەهۆی کادرە لاوەکانی ڕێک‌خرایەوە و درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دایەوە. ڕەوتی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوای قۆناغی کۆمار هەورازونشێوی زۆری بڕیوە و لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی فکریی چەپ و هۆگری و ئینتیمای زۆر لە گەلانی ناوچە بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانیان لە ڕێگەی ئۆڕدووگای سۆسیالیستییەوە، بەڵام حیزبی دێموکرات بنەما تیۆرییەکانی خەباتی خۆی پاراست کە هەموو کاتێک دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بووە. هۆکارەکەشی بۆ ڕەگداکوتانی ئەو وێژمانە لە ڕەوتی جووڵانەوەکە و هەوڵی پڕاگماتیستیی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دەسەڵاتێکی حکوومەتیی دێموکراتیکی بنیات نابوو، لە مەیدانی کردەوەشدا دەبوا تیوری و بنەما فکرییەکانی خۆی کە بەرنامەوپێڕەوی حیزبدا هاتوون جێ بخات. هەر بۆیەشە قەوارەی فکری و پێکهاتەیی خۆی وەک چۆن دوکتور قاسملوو بە "سیمای دێموکرات"ی پێناسە دەکا، پاراستی. قەوارەی حیزبی دێموکرات پتر لەوەی حیزبی بێت، پێکهاتەیەکی دەوڵەت‌تەوری هەیە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی حیزبی دێموکرات بە هەبوونی پاشخانێک لە دەوڵەتداری –ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بووبێ- تیوری و بنەما فکرییەکانی و هەروەها کار و کردەوەکانی بۆ ئەو پاشخانە دەگەڕێتەوە؛ بەدەر لەوە ئەو پاشخانە تیوری و هەروەها پڕاکتیکەکانی حیزبی دێموکرات شوێنی لە گۆڕانکارییەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داناوە. دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان نموونەیەک لە کارتێکەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ وڵاتان لەگەڵ دامەزرانی ئەم حیزبە و لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا کە لە سەردەمی کۆماردا خزمەتێکی زۆری بە ناساندنی پرسی کورد کرد. هەبوونی پێوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت، ناردنی شاندی دیپلۆماتیک بۆ تاران و هەروەها بۆ باکۆ (ئازەربایجان) بەشێک لە دیپلۆماسیی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمدا بووە. دوای نەمانی کۆماری کوردستانیش پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی حیزب قۆناغێکی دیکەی ئەزموون کرد و زۆر پێوەندی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە وڵاتانی دیکە و هەروەها کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان گرێ دران کە هەتا ئێستاش بەردەوامن. بەگشتی پێوەندیی دێپلۆماتیک لە فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکراتدا ڕەهەندێکە لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەیی ئەم حیزبە، کە خۆی لەسەر تەوەری ناساندن و پۆلێن‌کردنی ماف و خواستە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ئێراندا پێناسە دەکا. ئەندامەتیی حیزب لە شوڕای ئینترناسیۆنال سۆسیالیست یەکێک لە دەسکەوتەکانی ڕەهەندی خەباتکاریی حیزبی دێموکرات وەک ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری دیپلۆماسی‌دایە کە بایەخ و گرینگیی تایبەت بە خۆی هەیە. گرێدان و بەردەوامیی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییەکان چ لە نێوخۆی ئێران و چ بزووتنەوەکان لە وڵاتانی ناوچەدا و باشی و ئاستی بەرزی ئەو پێوەندییانە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەهەندێکی تری پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانن. کەرخێکی دیکەی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی حیزب بریتییە لە پێوەندییەکانی ئەم حیزبە دوای گۆڕانکاری لە دروشمی ستراتیژیی ئەم حیزبە لە خودموختارییەوە بۆ فیدڕالیزم. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەشدا کە خودموختاری دروشمی ستراتیژیی بوو، هەموو کاتێک دێموکراسیی وەپێش دەخەست و پێی لەسەر یەکیەتیی دێموکراتیکی گەلان لە ئێراندا دادەگرت. هەربۆیەشە کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان دەچێتە نێو شوڕای بەرگریی نیشتمانی، هەر لەسەر بنەمای ئەو پێوەندییە دێپلۆماتیک-دێموکراتیکە هەرچەشنە پێوەندییەک لەگەڵ حیزب و کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لەو شورایەدا بە مەرجی بەڕەسمی ناسینی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا گرێ دەدا کە ئەوەش ڕەهەندێکی دیکەی خەباتی دێپلۆماتیکی حیزبی دێموکراتە. ئەو خەباتە دیپلۆماتیکە دوای کۆنگرەی سێزدەی حیزب کە دروشمی ستراتیژیی حیزب لە "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" جێگای خۆی بە "دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ئێرانێکی دێموکراتیک، فێدرال و پلۆرال" دەدات، ڕەوتی بەردەوامیی خۆی لە پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییدا دەپێوێ. دوابەدوای ئەو گۆڕانکارییە ڕەوتی دیپلۆماتیکی حیزب پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ هاوفکری و کاری بەکردەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران و هەر لەسەر ئەو بنەما فکرییەیە کە "کۆنگرەی نەتەوەکانی فیدرالی ئێران" پێک دێ و ئەندامەتی لە "شوڕای دێموکراسی‌خوازان"، "هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئیران"ی بەدوودا دێ. ئەو هاوبەشییە لەو بلۆکە سیاسییانەش نیشانەی باوەڕ بە پلۆرالیزم و دێموکراسی هەتا مایەپووچ‌کردنەوەی تۆمەتی هەڵوشاندنەوەی وڵات لە پێوەندییە دیپلۆماتیکەکان لە ڕوانگەکانی حیزبی دێموکرات‌دایە. لە سەردەمی ئێستادا خەباتی مەدەنی گۆڕەپانێکی نوێیە بۆ بەگژداچوونەوەی حکوومەت و دەسەڵاتەکان و داواکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. چالاکیی سیاسی و مەدەنی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا سەرەڕای ئەوەی هەموو کاتێک کۆسپێکی گەورەی وەک دەسەڵاتی دیکتاتۆر (حەمەڕەزاشا) و تئوکراتیک و نادێموکراتیک (کۆماری ئیسلامی) لە بەردەم بووە، بەڵام لەو کەشە داخراو و پڕ تیچووی سیاسییەشدا لە فۆڕمی کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕێکخراوە مەدنییەکاندا جموجۆڵێکی هەر بووە. خەباتی مەدەنی لە ئێران زۆرجار بەهۆی هەستیاریی ڕێژیمی سیاسی تێچووی زۆری بۆ چالاکانی ئەم بوارە بووە، لە گرتن و زیندانەوە بگرە هەتا دەگاتە ئێعدام. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو ماوەی تەمەنی خۆیدا خەباتی لەدژی حکوومەتی ناوەندی کردوە، بایەخێکی زۆری بەو ڕەهەندەش لە خەبات –خەباتی مەدەنی- داوە و هەموو کاتێک پاڵنەر و پاڵپشتی خەباتی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی ناوەندی بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ڕچەشکێن و پێشەنگی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران لەگەڵ ئەوەدا فاکتەری دیپلۆماسی لەهەمبەر بزووتنەوە سەرانسەرییەکانی لە ڕەوتی خەباتی خۆیدا پاراستوە، هەوڵی داوە سەرنجی کەسانی خەباتگێر و گرووپ و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی دەرەوەی ئەم حیزبەش بۆ لای کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسایەتی هەن لە ئاستی نێوخۆیی هەم دەرەکیدا ڕابکێشێ. خاوەنێتی لەوەها پاڕادایمێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا تایبەتمەندیی سیستمێکی دەوڵەتییە هەتا حیزبی! چونکی قەوارەی حیزبی زۆربەی جار هەڵگری خەسەڵاتی دەمارگرژی و دوگماتیزمێکە، بەڵام پانتایی پاڕادایمی حیزبی دێموکرات بانتر لەو قەوارەیە بووە و بەو پێیە دەتوانین بڵێین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی دسەڵاتدارەتی ئاوێتە لەگەڵ کولتووری دێموکراتیکە کە لە قەوارەی حیزبێکدا درێژە بە ژیانی خەباتگێڕیی خۆی دەدات. د. قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتارێکدا کە بەبۆنەی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی چل‌ویەکەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەم حیزبە داویەتی بە پێداگرتن لەسەر ئەو خەسڵەتە تایبەتییانە دەڵێ: "ئێمە بۆ ئازادی و دێموکراسی تێ‌دەکۆشین. کەسێک ناتوانێ بۆ ئازادی لە دواڕۆژدا تێ‌بکۆشێ و ئێستا خۆی ڕێز بۆ دێموکراسی دانەنێت. ئەو کەسەی کە بەڕاستی دێموکراتە، بە قووڵی دێموکراسیی خۆش دەوێ، دەبێ هەر لە ئێستاوە، چ لەنێو حیزبەکەماندا و چ لە دەرەوەی حیزبەکەماندا، بۆ بیروباوەڕی جیاوازی خەڵکی دیکە ئێحترام دابنێ. دێموکرات ئەو کەسە نییە کە ئێحترام تەنیا بۆ بیروباوەڕی ئەو کەسانە دابنێ کە لایەنگری دێموکراسین. هەتا ئەوکاتەی یەکێک دەستی بۆ چەک نەبردوە دژی ئێمە، ئێمە تەحەمولی بیروباوەڕەکەی دەکەین و ئەوە یەکێک لەو پەیامانەیە کە پێشەوای مەزن بۆی بەجێ هێشتووین کە دەبێ دێموکرات بین و تا سەریش دێموکرات بمێنینەوە." وەها هزر و ڕوانینێک لە وتەکانی دوکتور قاسملوو دەربڕی پێکهاتەیەکی بان حیزبییە و دەتوانین لە چوارچێوەی سیستمێکی دەسەڵاتدارەتیدا پێناسەی بکەین. ڕەهەندێکی دیکەی وتەکانی د. قاسملوو ئاماژە و گەڕانەوەی بەڕێزیان بۆ رابردووی مێژوویی وەها پاڕادایمێک بۆ سەردەمی پێشەوا قازی محەممەدە کە جیا لەوەی پێشەوا و ڕێبەری حیزبی دێموکرات بوو، هاوکات سەرکۆماری کوردستان بوو. ئەو چەمکە بنەڕەتییانەی باس کران پێمان دەڵێن کە ئەو بایەخانە لە کولتووری دەوڵەتداری- دێموکراتیک و لە قەوارەی هزری و تەشکیلاتیی ئەم حیزبەدا بیچمیان گرتوە. کاتێک د. قاسملوو بە وەها پاشخانێکەوە پێ لەسەر ڕێزگرتن لە بۆچوون و باوەڕی ئەوانیدی لە دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەگرێ و سەرنجی ئەندامانی حیزبەکەی بۆ ڕەچاوکردنی ئەو بایەخە ڕادەکێشێ، ئەمە بناغەی هزریی پێکهاتەیەکی دەسەڵاتدارەتیی دێموکراتیکە کە زەرفییەتی وەرگرتنی هەرجۆرە ڕەخنەیەکی هەیە، نەک هەر بەتەنیا حیزبی.