کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پان‌تورکیزم لە کوردستان و هەڕەشەکانی

02:47 - 1 جۆزەردان 2722

یەکێک لەو پرسانەی کە ناوەبەناوە و هەر جارە و بە بیانوو و هۆکارێک خۆی دەردەخات و لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک باسی پێوەندیداری دیکەی مێژوویی و هەنووکەیی دێنێتە ئاراوە، هاوکێشە و پێوەندییەکانی نێوان دوو پێکهاتەی کورد و تورک لەو شار و ناوچانەیە کە تێکەڵاویی پێکەوە ژیان بوونیان هەیە. لە بەشێکی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە سەدان ساڵە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەریی تیایدا دەژین و لە ڕەوتی ئەو پێکەوە ژیانەدا هەم ئەزموونی بەنرخ لە هاوپێوەندی و هەم ئەزموونی تاڵ و ناخۆشیان لە ناکۆکی و پێکهەڵپرژان هەیە، چەند ساڵێکە ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە بەرگێکی دیکەی بە بەردا کراوە و خەریکە ئاراستەیەکی جیاواز لە ڕابردووی پێ دەبەخشرێ. جیا لە پێوەندیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک باس کرا ڕابردوویەکی دورودرێژی سەدان ساڵەی هەیە، لە ڕووی سیاسییەوە پێوەندیی نێوان ئەم دوو پێکهاتەیە لەم شوێنە بە چەند قۆناغی مێژوویی‌ تایبەتدا تێ‌دەپەڕی کە هەڵگری ئەزموونی خۆش و ناخۆش و پڕ لە دەسکەوتە کە لەگەڵ ئەوەی لەم بابەتەدا زۆری وەرد نادەینەوە، بەڵام ئەزموونە سەرکەوتووەکان دەتوانن ببنە دەسمایەی بنیاتنانی داهاتووی باش لە پێکەوە ژیان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. سوورەتی مەسەلەکە بە پێچەوانەی ئاڵۆزی و تێکهەڵچڕژانی هۆکارە سیاسی، جوغرافیایی، مەزهەبی و نەتەوەییەکان، ئاسان و خۆ بەدەستەوەدەرن، ئەویش ئەوەیە کە ئەم دوو نەتەوەیە کە سەدان ساڵە لە بەشێک لە شار و ناوچەکانی پارێزگای ورمێدا پێکەوە دەژین، سەرەڕای بوونی ئاڵۆزی و ناکۆکی و دووبەرەکی، هیچیان نەیانتوانیوە ئەوی دیکەیان لە شوێنی ژیانیان دەربکەن، یا لە خۆیاندا بیانتوێننەوە و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە هیچکامیان نە دەتوانن ئەوە بکەن و نە قەرارە ئەوەش بکەن. کەوابوو ئەساسی کار پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردن و بەڕەسمی ناسینی یەکترییە کە دەتوانێ ئامیانی چارەسەریی کێشەکان بێ. هەروەک ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان دوو حکومەتی خودموختاری کوردستان و ئازەربایجان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک‌کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و سەرۆکی حکوومەتی ئازەربایجان، جەعفەر پیشەوەری لە ٣ی بانەمەڕی ١٣٢٥ هەتاوی لە شاری تەورێز هاتە ئاراوە و بوو بە بنەمایەکی باشی بەڕەسمی ناسینی یەکتر و بنیاتنانی پێکەوە کارکردن و پێکەوەژیان. بۆ تێگەیشتنی وردتر لەم بابەتە و چوونە سەر مەبەستی سەرەکی لەم نووسینەدا سەرەتا با بزانین کێشەکان چین و چ ماهییەتێکیان هەیە و هۆکارەکان کامانەن. جۆری ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە نێوان کورد و تورک لە شارەکانی وەک نەغەدە، تیکاب، ورمێ، خۆی و سەڵماس وەک یەک نین ماهییەتێکی هاوبەشیان نییە، چونکی لە ئەساسدا هۆکارەکانی ئەم ئاڵۆزییانەش وەک یەک و هاوسەرچاوە نین. بەشێکیان پێوەندی بە ئێحساس و دەربڕینێکی کاتیی تێکەڵ بە هێندێک هەستی نەتەوەییەوە هەیە کە تا ڕادەیەک ئاسایی دێتە بەرچاو و دەکرێ بۆ نموونە لە ئاکامی کێبڕکیی دوو تیمی وەرزشیی لە نێوان دوو شاری کوردنشین یان تورک‌نشینیشدا ڕوو بدات. بەڵام ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا ئێمە لە شێوە و نێوەرۆکی هەڵوێست و کردەوەی تاقمێک له نێو هاونیشتمانیانی ئازەریدا دەبینین و دەبیستین، دیاردەیەکی دیکە و لە جنسێکی دیکەیە کە پێویست بە هەڵوێستە لەسەرکردنە. هەر هەڵدانی ئەم ڕەوتە (پان‌تورکیزم) کە ئاخێزگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوخۆیی نییە و بە ڕویکەردێکی ئەو دیوی سنوورەکانەوە خۆی لە پانێکی تورکستان‌دا پێناسە دەکات، وجوودی خۆی لە قۆناغی یەکەمدا لە دژایەتی لەگەڵ کورددا دەبینێ و بە هێنانە بەر باسی بابەتی خاک و "ڕاونانی کوردەکان لە ئازربایجان"، هیچ مەجالێک بۆ بابەتی دیالۆگ لەسەر پێکەروە ژیان و چارەسەری کێشەکان بە ڕەوا نابینێ. وێژمانی ئەم ڕەوتە کە لەلایەن تاقمێک پان‌تورکیزم بە زنجیرەیەک لە دەزگای پڕوپاگاندای میدیاییدا پەرەی پێ دەدرێ، وەک لیدێرەکانیان باس دەکەن و لە درووشمەکانیان‌ ڕا دیارە، دڵی نەک لە تەورێز و ئەردەوێڵ، بەڵکوو لە ئانکارا و باکۆ لێ دەدا. سەرهەڵدان و پەرەگرتنی ڕەوتی پان‌تورکیزم لە ئێران و پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەساسی دژایەتی‌کردنی کورد و فارس کە دوو دەوڵەتی دیکەی تورک بە سەمپات و پشتیوانی خۆیان دەزانن لە درێژخایەندا بەرەو کۆێ دەڕوات و لە هاوکێشە سیاسی و مەزهەبییەکانی دیکەی نێوان ئێران و تورکیە و ناوچەکەدا تووشی چ چارەنووسێک دەبێت و چۆن مودیرییەت دەکرێ، باس و مەبەستی ئەم وتارە نییە و دەکرێ لە مەجالی دیکەدا بخرێتە بەر باس و شیکردنەوە. بۆیە لێرەدا زیاتر قسە لە خەسارەکانی ئەم ڕەوتە و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەلایەن دوو پێکهاتەی تورک و کوردەوە دەکەین. کە دەڵێین پێکهاتەی تورک، ڕاست مەبەستمان ئەوەیە کە ئەم ڕەوتە لەنێو کۆمەڵگەی تورکی ئازەری لە ئێران و کوردستاندا خاوەنی کەمترین پێگە و ئێعتبارە و بە هەڵقوڵاو لە ناخ و دەروونی کۆمەڵگەی خۆیانی نازانن. کەم نین ئەو هاونیشتمانییە تورکانەی کە سەرهەڵدانی ڕەوتی پان‌تورکیزم بە دژ و زیانی تەبایی و پێکەوەژیانی خەڵکی ناوچەکە دەزانن و پێیان وایە ئەم ڕەوتە دەستی دوژمنان و نەیارانی پێکەوە بوونی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری لە پشتە. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیمی دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە و بە دروست‌کردنی شەڕی نەغەدە و هاندانی کەسێکی خوێنڕێژی وەک مەلا حەسەنی بە دژی کوردەکان، تا ئێستاش هەموو هەوڵێکی ئەوەیە کە پەرە بە ئاڵۆزی و ناکۆکیی نێوان کوردەکان و تورکەکان بدات، تەنیا بۆ ئەوەی ئەم دوو نەتەوە کە لە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان بێ‌بەش کراون، بیر لە یەکیەتی و یەکگرتوویی دژ بە سیاسەتە دژی گەلییەکانی نەکەنەوە. ئێستا کە ئەم ناکۆکی و ئاڵۆزیانە ماهییەتێکی دیکەیان پەیدا کردوە و خوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ دەوڵەتی ناوەندگەرای ئێرانی ساز کردەوە! دیسان کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی دژی‌گەلیانەی خۆیدا بۆ ناکۆکی‌نانەوە و بەرینترکردنەوەی کەڵینەکان کەڵکی لێ وەر دەگرێ. پەرەگرتن و بەربەرەڵاهێشتنەوەی ئەم ڕەوتە کە دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە بە مەرامی سیاسی و بە مەبەستی ئامانجە زێدەڕۆییەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن و بە بیری دژایەتی لەگەڵ کورد گۆش کراوە، هیچ گومانی تێدا نییە کە نەتەنیا بە قازانجی تەبایی و ئاشتیی نێوان ئەم دوو پێکهاتەیە نابێت، بەڵکوو دژکردەوەیەکی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە کە زیانباری سەرەکیی ئەم دۆخە هەر تەنیا دوو نەتەوەی تورک و کوردی ناوچەکە دەبن. بۆیە جێی خۆیەتی کە خەڵکی ئەم شارانەی کە دوو پێکهاتەی تورک و کوردیان تێدا دەژین، پێش هەموو شتێک وریای پیلانەکانی ڕێژیم بن و لە هیچ لایەک ئیزن بە توندڕەوی، ئاڵۆزینانەوە نەدەن و بە ڕۆحێکی یەکگرتووانە ئەساسی کاریان پووچەڵ‌کردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم، کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و بنیاتنانەی پێکەوە ژیانێکی ئەمرۆژیانە بێت و ڕێز لە جیاوازییە فەرەهەنگی و نەتەوایەتییەکانی یەکتر بگرن. لەم نێوە ئەرکی کەسایەتییە ئایینی، فەرهەنگی و سیاسییەکانی هەر دوو نەتەوەی کورد و تورک و ڕێکخراوە مەدەنییەکانە کە پێکەوە بە پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵی هاوبەش، بانگەشە بۆ تەبایی و گیانی پێکەوەژیان، ئاشتی و برایەتی بکەن. ***