کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی خەڵک لە گرەوی یەکبوون‌دایە

02:55 - 1 جۆزەردان 2722

لە مانگی بانەمەڕدا و لە درێژەی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران، دەورێکی نوێ لە نیشاندانی ئەم ناڕەزایەتییانە دەستی پێ کرد. لە ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ کە درێژترین ماوەی بەرپاکردنی دەنگی ناڕەزایەتی لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی ڕێژیم بوو، زۆرجار بە هۆکاری جۆراوجۆر و لە ناوچەی جیاجیادا لە ئێران، خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و بێدەنگیی شەقامیان لە ئاست سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شکاندوە. ئەوەی لە بەرچاو بێ، هۆکارەکان زۆرتر کێشەی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بووە. بەڵام هەموو جارێ دیاربوو کە ئەوانە زۆرتر بیانوویەک بوون هەتا مەیدانێک بکرێتەوە و خەڵک ڕق و بێزاریی خۆیان لە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. جگە لە کوردستان کە زۆرترین خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لایەنی ئاشکرای سیاسیی هەبوو، لە ناوچەکانی دیکەی ئێران هەر جارەی دروست‌کردنی کێشەیەک خەڵکی هیناوەتە سەر شەقام. بابەتگەلی وەک گرانی و دزی لە مەشهەد، کێشەی ئاو لە ناوچە عەرەبییەکانی خووزستان، بردنەسەری بایی بەنزین و ناڕەزایەتییەکانی شیراز و زۆر شاری دیکەی ئێران، کێشەی ئاو لە زایەندەروودی ئێسفەهان و دەیان کێشەی دیکەی لەمجۆرە و ئەمجارەش گرانی و چوونەسەری چەندقاتی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەك لە ماوەیەکی کورتدا و لە ئاستی ئێراندا. لەو ماوەدا جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی خەڵک لە زۆر لە پارێزگاکانی وڵات، مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکان لەسەر داوای شوڕای هاوئاهەنگی ڕێکخستنە سێنفییەکانی فەرهەنگیان و شۆفێر و کرێکارانی سەندیکای کرێکارانی شێرکەتی واحێدی ئۆتوبووسەکانی تاران جێگەی سەرنجن. ئەم دوو بەشە کە خاوەنی گەورەترین ڕێکخستنی سێنفی لە ئێراندان، بە داوای مانگرتنی گشتی بارێکی قورسیان خستۆتە ئەستۆی ڕێژیم. هەربۆیە دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم دەستیان کردوە بە دەستبەسەرکردن و زیندانی‌کردنی کەسانی ناسراو لە بەڕیوەبەرانی ئەم دوو ڕێکخستنە و ئەوەی دیارە تا ئێستا نزیک بە ١٠٠ کەس لە چالاکانی کرێکاری و مامۆستایان لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەسبەسەر کراون. هەتا ئێستاش ئەوەی دیارە هۆکاری ئاشکرای هاتنەسەر شەقامی ئەمجارەی خەڵک و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان کێشە ئابووریی و گرانی و کەمبوونی پێداویستییەکان لە بازاڕدان. بەڵام ئەگەر گوێ لە هاواری ئەوان لە چوارچێوەی دروشمەکانیاندا بگرین، دەردەکەوێ لە ڕاستیدا دەربڕینی بێزاریی ئەوان لە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامییە و بەئاشکرا دیارە کە ئەم سەرهەڵدانانە لایەنی سیاسیی هەیە. بۆیە ئەوە کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانیانن کە دەیانەوێ ئەم سەرهەڵدانە نوێیە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی لە بەرنامەکانی دەوڵەت و بە ناوی شۆڕشی برسییەکان لە قەڵەم بدەن، دەنا هاواری مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر و سووتاندنی وێنە و بنێرەکانی ڕێبەری ڕێژیم لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەردەخا کە ئامانجی خۆپیشاندانەکان تەنیا هاوار بۆ نان نییە. ئەوان بەدوای گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیدا دەڕۆن. خەڵکی ئێران دوای ئەزموونێکی تاڵ و درێژماوە و ژیان لە ژێر دەسەڵاتی کەسانێک کە هەموو ئامانجەکانی خەڵکیان لە شۆڕش لەدژی دەسەڵاتی پاشایەتی بەبا دا، ئێستا بیر لە گۆڕانێکی دیکە دەکەنەوە و هەر ئەوەشە کە بێ‌ترس لە گرتن و کوشتنیان لەسەر شەقام هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی ڕێژیمێک دەدەن کە نە تەنیا نان بەڵکوو هەموو کەرامەتی ئینسانیی ئەوانی لە نێو بردوە. هەربۆیەشە کە سەران و بڵیندگۆ بەدەستەکانی ڕێژیم دەیانەوێ ئەم خۆپیشاندانانە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی خەڵک لە دەوڵەت و هاوار بۆ گرانی بەرتەسك بکەنەوە. لەولاشەوە بەردەوام دەیانەوێ ئەوە بخەنە زەینی خەڵکەوە کە ئەم ناڕەزایەتییانی ئاکامێکی نابێ و دەبێ چاوەڕوان بن هەتا دەوڵەت بیرێک لە چارەسەری کێشەکان بکاتەوە! و بەمجۆرە خەڵک تووشی بێ‌هیوایی بکەن. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە وەک خەڵکی ئێران بەباشی تێگەیشتوون، چارەسەری ئەم کێشانە لە هیچ شوێنێکی ئێران و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئێمکانی نییە. ڕێژیمێک کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە پێناو بەرنامە سیاسییەکانی خۆیدا، خەڵکی تەنیا وەک ئامراز بەکار هێناوە بەبێ ئەوەی بەرامبەر بە هیچ بابەتێک بە وەڵامدەر زانیبێ، ڕێژیمێک کە بەبێ گرینگیدان بە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی، هەموو سەرمایەی ئەو خەڵکەی لەپێناو سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار هێناوە و خزمەتکردن بەو حکوومەت و گرووپانەی لە وڵاتانی دیکە کە تەئیدی سیاسەتەکانی دەکەن بە ئەرکی خۆی زانیوە، دەسەڵاتێک کە هیچ پردێکی پێوەندی لە نێوان ئەوان و خەڵکدا نەماوە، ناتوانێ هیچ ڕێکارێک بگرێتە پێش بۆ چارەسەری ئەم کێشانە. لە خۆڕا نییە کە تەنیا شتێک کە بیری لێ دەکەنەوە ئامادەباشی بە فەرماندەکانی سپا و هێزە ئەمنییەتییەکانیان دەدەن بۆ سەرکوتی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک و گرتن و کوشتنی خەڵکی سەرشەقام سڵ ناکەنەوە. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەم هێزی سەرکوتەش تا سەر ناتوانێ لە بەرامبەر خرۆشی کۆتایی خەڵک خۆی ڕابگرێ. ئەوان ڕەنگبێ بۆ ماوەیەکی دیکەش بە سەرکوتی ئەم خۆپێشاندانانە دڵخۆش بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن هەتا کۆتایی ئەم خەڵکە بێدەنگ بکەن. ئێستا سەرەڕای قەیرانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، قەیرانە نێوخۆییەکان لە ئێران هەتا دێ لەسەر ڕیژیم بارگرانی دەکەن. قەیرانگەلێک کە لە باوەڕی خەڵکدا تەنیا بە گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆتاییان پێ دێ. ئەوەی ئێستا لە ئێران دەیبینین قەیرانێکی قووڵی سیاسییە کە یەخەی ڕێبەرانی هەرەسەری ڕێژیمی کردووەتە ئامانج. هەربۆیە خەڵک بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر دەڕژێنێتە سەر شەقام. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخا کە خەڵک لێبڕاوانەتر لە جاران هاتوونەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا. ئەوەی ئێستا گرینگە بەردەوامیی خەڵک و پشتیوانیی هەمەلایەنە لەم سەرهەڵدانەیە کە ئەرکی قورسیش دەخاتە بەردەم ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامی و چالاکانی نێوخۆ. بەمەش دەکرێ هیوا و هومێدێکی زیاتر بدرێ بە خەڵک بۆ پشتیوانی کردن لە هەر ناڕەزایەتییەک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و بەربڵاوبوونی زیاتری ناڕەزایەتییەکان. دەبێ ئەوەش بزانین کە داهاتووی ئێران لە چنگی کۆماری ئیسلامیدا نییە بەڵکوو لە گرەوی یەکگرتوویی خەڵک‌دایە بۆ هەنگاونان بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.