کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شۆڕش و شاخ (عەبە سەلبێ)

02:57 - 1 جۆزەردان 2722

"ئاماده‌ی‌ مه‌یدانم‌ و ئه‌م به‌رگه‌ كه‌ پۆشیم كفنه‌، نه‌وه‌كوو چاكه‌ت ‌و پانتۆڵه‌ له‌ به‌رما" کێ دەتوانێ حاشا لەو مێژوویە بکا کە بە خوێنی لاوانی نەتەوەی کورد نووسراوە و شانازیی لێ دەبارێت. بڕوانە ئەو ڕۆژە مێژوو‌ییە، کە تەنیا دڵۆپێکە لە دەریایەک لە مێژووی پڕ لە شانازیی پێشمەرگەی دێموکرات: ٤٨ سەعات شەڕ و بەربەرەکانی بە قرچەی گەرما. بۆنی باڕووت، گرمەی گوڵلە‌تۆپ ‌و لوورەی خۆمپارە ‌و هاژەی کاتیۆشا سەرپای گوندی داگرتبوو شەڕ سات بەسات گەرمتر دەبوو. ڕۆژی دووهەم تەقەمەنی لە کەمیی دا، بەڵام دوژمن لە هێرشەکەی بەردەوام بوو. کاتژمێری ١٠ی بەیانی ڕۆژی دووهەم یەک لە پێشمەرگەکان زۆر بەتوندی بریندار بوو. لەبەر گەرمیی شەڕەکە زۆر دژوار بوو کەس بتوانێ فریای بکەوێ. ئاوایی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ درابوو، بەڵام پیشمەرگەیەکی سوورکارە بە نێو ئاگروئاسن‌دا خۆی گەیاندێ. کاتێک پێشمەرگە بریندارەکە چاوی هەڵێنا دیتی فەرماندەکەیەتی. بزەیەکی هاتێ و گوتی هەر ئەوەندە چاوم بە تۆ کەوت بشمرم خەفەتی لێ ناخۆم. فەرماندە گوتی: یا دەمرم یا ڕزگارت دەکەم.... ئەو فەرماندە ئازا و خۆنەویستە کەس نەبوو جگە لە شەهید عەبە سەلبێ کە هەم هاوڕێ بریندارەکەی ڕزگار کرد و هەم ٤٨ سەعات بوو ئەو شەڕە توندەی فەرماندەیی دەکرد. شەهید عەبدوڵڵا عەبدی (ناسراو بە عەبە سەلبێ) ساڵی ١٣٤٢ لە کاتێکدا لە گوندی "داشبەرات"ی ناوچەی هەوشار لە بنەماڵەیەکی زەحمەتكێش لەدایک بوو کە دەربەگایەتی دوایین ڕۆژەکانی خۆی تێ دەپەڕاند. بەهۆی هەژاری و دەسکورتیی بنەماڵەکەی، عەبدوڵڵا تا پۆلی یەکی ناوەندی خوێندی و تا سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئیران شان‌بەشانی باوکی کاری وەڕزێڕیی کرد. کوێرەوەرییەکانی ژیان عەبدوڵڵای لاوی کردبوە کەسێکی چاوکراوە‌ و پوخت‌ و زیرەک. ئەو کە بە بیری کوردایەتی گۆش کرابوو، کاتێک ئاخونده‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لانی ئێراندا داگرت و وه‌یشوومه‌یان خسته‌ وڵات، به‌ تایبه‌تی یه‌که‌م تیری نه‌گبه‌تیی خۆیان و ڕێژیمه‌که‌یان هاویشته‌ کوردستان‌؛ عەبدوڵڵا چەکی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردە شان. ئەو کە لە هێزی شەهیدانی هەوشاردا سازمان درابوو، هەر زۆر زوو ئازایەتی و بلیمەتیی خۆی نیشان دا. له‌ مه‌یدانی شه‌ڕدا شه‌ڕکه‌رێک بوو حه‌ماسه‌کانی وه‌ک ئاوی حه‌یات، خه‌م و خه‌فه‌تیان له‌ دڵ ده‌ر ده‌کرد و ئه‌ویندارانی گه‌ل و نیشتمانیان به‌ موژده‌ی ڕزگاری، به‌ مزگێنی ڕاماڵینی دوژمن‌ لە شەڕەکاندا خوشحاڵ ده‌کرد. عەبدوڵڵا له ‌زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان بە تایبەتی جنووبی کوردستان به‌شداریی‌ كرد. ئەو بۆ پێشمه‌رگه‌ و هاوسه‌نگه‌رانی هاوڕێیه‌کی باش، برایه‌کی دڵسۆز و پێشمه‌رگه‌یه‌کی نموونه و بەخشندە‌ بوو، به‌دیسیپلین و له‌ هه‌موو جێگایه‌ک ئامادە به‌ خزمه‌ت‌ و له‌خۆبوردوو بوو. ئەو خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو کوردستان ده‌زانی. ئەو لە ده‌شتی موکریان و ناوچه‌ی مه‌هاباد، بانه‌، سه‌قز، دیوانده‌ره‌، سنه‌ و ژاوه‌رۆ و زۆر شوێنی دیکەی ئەو کوردستانە ئەرکی وەرگرت. عەبە سەلبێ شه‌ڕکه‌رێکی ئازا بوو، بەڵام له‌خۆبایی نەبوو. هه‌رچی زه‌مان ڕاده‌برد، بەرپرسایەتیی زیاتر و قورستری پێ ده‌سپێردرا. به‌ هۆی لێوه‌شاوه‌یی‌ و ئازایه‌تی و دڵسۆزییەکەی کرا به‌ فه‌رمانده‌ری لک‌. لەو بەرپرسایەتییەدا نیشانی دا کە کەسێکی بلیمەتە و ئه‌و کاڵایه‌ ڕێكی باڵایه‌ و بۆ دوژمن هه‌روا به‌ڵایه ‌و خوشه‌ویستی حیزب و نیشتمانی گه‌رمتر له‌ دڵ‌دایه‌. دوژمن زراوی لە ناوی عەبە سەلبێ چووبوو، چونکی لەهەر ناوچەیەکی هەوشار شەڕ کرابا و عەبە ‌سەلبێ لەوێ بوایە شکستی دوژمن حەتمی بوو. عەبە سەلبێ کە زۆر شەڕی وەک شەڕەکانی "تەخت"، "باشماخ"، "دارەتوو" و "کوچەتڵا" فەرماندەیی کردبوو، ئازایەتی و حەماسەیەکی خوڵقاندبوو کە سینگ بە سینگ پارێزراوە و لە هەموو ناوچەکە لەسەر زارانە. شەهید عەبە سەلبێ لاوێكی‌ به‌هه‌ست ‌و ئاكار جوان بوو. هه‌ست‌کردن به‌ بەرپرسایەتی ‌و تێكۆشان بۆ فێربوون ‌و هه‌وڵدان بۆ خه‌بات دژی‌ ڕێژیمی‌ ئاخوندی‌ تایبه‌تمه‌ندیی‌ هه‌ره‌ به‌رچاوی‌ ناوبراو بوو.. هه‌موو هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ شه‌ڕه‌كاندا بە کەمترین تێچوو، زۆرترین زه‌ربه‌ له‌ دوژمن بدرێ. شەهید عەبە تەنیا فەرماندەیەکی شەڕکەر نەبوو، بەڵکوو وەک کادریکی بەتوانا لەنێو لکەکەی کاری دەکرد. لە کۆنفڕانسی کومیتە شارستان دەنگی متمانەی پێ ‌درا و وەک نوێنەری کۆنگرەی ٧ بەشداری کۆنگرەی حیزب بوو. شەهید عەبە سەلبێ کە لەلای زۆر هاوڕێی گوتبووی "ته‌نیا ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ ڕزگاری‌ گه‌له‌كه‌م به‌چاوی‌ خۆم ببینم"، مخابن مەرگ مەودای پێ‌ نەدا کە خزمەتی زیاتر بە خەڵك و حیزبەکەی بکا. ئەو ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ لە شەڕی نێوخۆیی لە "بنحانە"ی پشت ئاوایی "ماسییەری‌کۆن" شەهید بوو، بەوەش داخێکی دی کەوتە سەر دڵی بنەماڵە و هاوسەنگەرانی. شەهید عەبە سەلبێ هاوکات دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی. دوای شەهیدبوونی عەبدوڵڵا، حەسەنی برای "کە ئەویش بە حەسەن سەلبێ ناسرا"، چەکی برا شەهیدەکەی لەشان کرد و زۆر ئازایانە ڕێگای براکەی درێژە ‌دا. بەڵام بەداخەوە دوو ساڵ دوای شەهیدبوونی براکەی، ئەویش لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ لە چیای وەنەوشە شەهید بوو.