کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٥%ی ژیانە هاوبەشەکان لە ئێران هەڵدەوەشێن، چ شتێک لەوە ترسناکتر؟

23:01 - 11 جۆزەردان 2722

بەپێی ئاماری فەرمانگەی تۆماری مەدەنی، ژیانە هاوبەشەکان لە ئێران لە ساڵانی ١٣٩٠ی هەتاوی زیاتر لە ٣٦% کەمی کردوە و جیابوونەوەش بە ڕێژەی 28% زیادی کردوە، کە نزیکەی 80%ی بەشێوەی سازش و ڕیکەوتن بووە، پێشتر میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی یەک لەسەر سێی ژیانە هاوبەشەکان بە جیابوونەوە کۆتایی پێ‌ دێت. لە شوێنێکی دیکەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە ٤٥٪ی ژیانە هاوبەشەکان سەرکەوتوو نەبوون و لە ساڵی ١٣٩٠ بۆ ١٣٩٩ی هەتاوی جیابوونەوە بە ڕێژەی ٢٨٪ زیادی کردووە. تێچووی جیابوونەوە و تێکچوونی ژیانی بنەماڵەیی قەیرانی دەستەویەخەی خێزان (وەک گرنگترین توخمێکی کۆمەڵگە) بۆ بەرپرسانی ئەمڕۆمان تا چەند بەرجەستەیە؟ تەڵاق کە بە واتای دابڕانی هاوسەر و کۆتایی هاتنی پێکەوە ژیانە، تەنیا بەشێکە لەو پرسە دڵتەزێنە. جگە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاری و بێکاری وبەگشتی کێشە ئابوورییەکان، زۆرێک لە خێزانەکان بەدەست جۆرەکانی‌تری جیابوونەوەوە دەناڵێنن. ئەمڕۆ تەڵاقی سۆزداری(عاطفی) لە نێو بنەماڵەکانی ئێراندا باوترین جۆری تەڵاقە، لە تەڵاقی سۆزداریدا بنەماڵەکان دەگەنە قەناعەتێک لەگەڵ یەکتر قسە ناکەن و بێباکن بەرامبەر بە ڕەفتار و کردارەکانی یەکدی، زۆرێک لە شارەزایان کاردانەوە نگەتیڤەکانی ئەم‌ جۆرە جیابوونەوانە لەوە زیاتر دەزانن کە لە سیمای پێکەوەبوونێکی ڕواڵەتیدا خۆی حەشار داوە، ئەوان ئەم جۆرە جیابوونەوەی هاوسەرەکان بە مەترسیدارتر دەزانن. بەپێی توێژینەوە زانستییەکانی ئەنجامدراو لەسەر بابەتی خێزان و خێزانداری، بۆ بەردەوامی ژیانی هاوسەریەتی و پایەدار بوونی بنەماڵەیەکی تەندروست، پێویستە لە شەو و ڕۆژیکدا نزیک بە ١٥٠٠ وشە لە نێوان ئەندامانی خێزاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ئێستا بۆ ٥٠٠ وشە کەمکراوەتەوە و ئەم ڕادەی یەکدواندنە لە پارێزگاکانی ئێران جیاوازە، ئێستا گفتوگۆی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی ئێرانی  لە ٢ کاتژمێرەوە بۆ ٢٠ خولەک دابەزیوە. هەروەها ئاماری مەترسیدار لەسەر ڕێژەی کەسانی سەڵت و ڕەبەن بڵاوکراوەتەوە. ئەو کەسانەی کە تەمەنی هاوسەرگیریان تێپەڕیوە و گەیشتوونەتە دۆخی یەکلاکەرەوە و بەهەر هۆکارێک بێت ناتوانن یان نایانەوێت هاوسەرگیری بکەن، لەم دواییانەشدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دانیشتوان و سەرژمێری ناوەندی ئاماری ئێران وتی ٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ژن و پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پیاوی سەڵت هەن". تا ئەو کاتەی وڵات ڕووبەڕووی ئەو جۆرە ئاڵنگارییانە و ئامارە پڕمەترسییانە ببێتەوە، ڕێژیم چۆن دەیەوێت "قەیرانی کەمبوونەوەی حەشیمەت" چارەسەر بکات؟ ناتوانین بە چارەسەری ڕووکەش و بەبێ ڕەچاوکردنی زیانەکانەکانی هەژاری و نائەمنی لە کۆمەڵگادا پەنجەرەی هومێدی پێکهێنانی بنەماڵە بە کراوەیی بهێڵینەوە، بەڵێ هەموومان چاک دەزانین ئەگەر ئەم پەنجەرەیە دابخرێت ڕێژەی بەساڵاچووان لە چەند ساڵی داهاتوودا زیاد دەکات و نیشتمان لە گەشەکردن دوور دەکەوێتەوە بەڵام بە چ پاڵپشتییەکی متمانەپێکراو چاوەڕێی ئەوە بکەین مرۆڤەکان ببن بە خاوەن خێزان و بەستێنی گونجاوی گەورەکردنی منداڵیان هەبێت؟ ناتوانیت چاوەڕێی هاوسەرگیرییەکی سەقامگیر و هاتنی منداڵ بکەیت بۆ کۆمەڵگایەکی ڕوو لە پۆکانەوەی هومێدی کۆمەڵایەتی و پڕ لە ڕوانگەی بەرتەسک و دەمارگیری ژیان بە کەمترین هەست بە خۆشی و چێژی پێوەندییەکانی مرۆڤەوە. ''ئەنستیتۆی نێونەتەوەیی ڕاپرسیی گالوپ'' لەم دواییانەدا لە لیستی تووڕەترین نەتەوەکانی جیهان، ئێرانییەکانی لە پێنج نەتەوەی تووڕەی جیهاندا ریزبەندی کرد. بەپێی راپۆرتی گڵۆباڵ بەختەوەری (٢٠١٧ - ٢٠١٩) ئێران لە ریزبەندی ١١٨هەمین لە ١٥٣ وڵات لە رووی بەختەوەرییەوەیە. بەختەوەری لە ئێران کەمترە لە هەندێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو عەرەبستانی سەعودی، پاکستان و مەغریب. لەلایەکی دیکەوە تۆڕی ستراتیژییەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ساڵانە راپۆرتێک وەک بەختەوەرترین وڵاتانی جیهان بڵاودەکاتەوە و تێیدا ئەو وڵاتانە دەخاتە لیستی ئەو کەسانەی زۆرترین ڕەزامەندییان لە ژیان هەیە. ئەنجامی دوایین ڕاپۆرتی ئەم پەیمانگایە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەریدەخات کە وڵاتی فینلاند لە پلەی یەکەمدایە و لەم ڕیزبەندییەدا وڵاتانی لوبنان و ئەفغانستان دوو پلەی کۆتایییان هەیە و هەروەها ئێران لە دوای مالی لە پلەی ١١٦ دایە و لە سەرەوەی ئۆگاندا و لیبێریایە. وێنەی داهاتووی بنەماڵە وەک گرنگترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا چییە، ئایا ئێمە لە بنەماڵەیەکی ئەتۆمیەوە بەرەو بنەماڵەیەکی مەدەنی دەڕۆین، یان لە بنەڕەتدا هیچ شتێک لە بنەماڵەکە نەماوە؟ یان تەنیا بیر لە تۆرەمە خستنەوە و زیادکردنی ڕێژەی حەشیمەت دەکەینەوە؟ بڵاوبوونەوەی بێکاری، هەڵاوسان و گەشەی ئابووری نەرێنی لە لایەک و بڵاوبوونەوەی ''تاکگەرایی'' و ''هاوسەرگیری سپی'' لە لایەکی دیکە، پێدەچێت بنەماڵەکانی لە ئێراندا گەیاندۆتە لێواری داڕمان و پێوەندی نێوان ژن و پیاو لە بنەماڵەی ئێراندا لە قەیرانێکی قووڵ‌دایە.