کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هومێدی کۆمەڵایەتی و داکشان و کارتێکەرییەکەی لە چارەنووسی کۆمەڵگەدا

02:25 - 16 جۆزەردان 2722

ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی سادە پێناسەی هومێد بکەین، هومێد هەمان وێنا و چاوەڕوانییەکانی ئێمەیە بە نیسبەت ئێستا و داهاتوومانەوە. بە واتایەکی‌ تر هومێد، باوەڕ بە هێز و تواناییەکە بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی گەشتر لە نێو کەسوکار و هاوتەمەنەکانی ئێمەدا. من دەتوانم بۆ بەدەستهێنانی ئەو داهاتووە گەشە بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە تێ‌بکۆشم و ئەم ئامانجە بۆم دەستەبەر بکرێت. ئەگەر لە چوارچێوەی تایبەتیی تاکدا باسی لێوە بکەین ئەمە خۆی چەند بەش و پاژێک لەخۆ دەگرێ وەکوو ژیانی بە دڵخوازی من، ئامانجە تایبەتییەکانی من، دەسکەوتەکانم و ئەو ئاڕاستەی ئەمەوێ پێیدا بڕۆم. بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگەدا ئەو باوڕە و ئەو وێنا ئاواتخوازییە باوە کە تاکەکان تا چ ڕادە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی دڵخواز و لەبار بۆ خۆیان و جیلی داهاتوو نەخشی کۆمەڵگە و نەخشی خۆیان بە کاریگەر دەزانن. لێرەدا ئێمە ئاماژە بەو هۆکارە مرۆییانە دەکەین کە بە دەستی خودی تاک (من) دروست دەکرێن.  ئاخۆ داهاتوویەکی باشتر بەم شێوازە ئاساییە و بە دەستی من دەستەبەر دەکرێت یان نا؟ کەوابوو هومێدی کۆمەڵایەتی هەمان دواڕۆژی گەشترە بۆ یەک‌بە‌یەکی تاکی کۆمەڵگە بەو هیوایەی لە داهاتوودا دەستەبەر دەکرێن یان نە؟ بە گشتی هومێد لەبەرچاوگرتنی شێواز و ئوسڵووبەکانی ژیانێکی ئامانجدارە بۆ خۆم و دەوروبەرییەکانم و دەتوانم ئاوا بیری لێ بکەمەوە: ئەم توانا و دەرەتانە لە مندا هەیە و ئەو دەرفەتەش کۆمەڵگە بۆ من تەرخانی دەکات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانم.    ئێستا بەو پیناسەکردنەی ئێمە بۆ هومێد یان هومێدی کۆمەڵایەتی ئەو کارەساتە ناموبارەک و ناحەزانەی بە درێژایی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژێمدا ڕووی داوە، دەبینین کە دەور و نەخشی سیاسەتوانان لەم داکشان و پووکانەوە و هاوکات گرینگیی هومێدی کۆمەڵایەتی یان نەبوونی ئەم هومێدە، کۆمەڵگە بەرەو دوو ئاقاری جیاواز دەبات. نەخش و ڕۆڵی ڕووخێنەری دەسەڵاتی ڕێژێم لەم مەسەلە ڕوون و بەرچاوە. لە ڕاستیدا ئەم پووکانەوە کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێراندا لەگەڕدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم داکشانە گەیشتۆتە ئاستێک کە خودی بەرپرسانی ڕژێم دانیان پێدا ناوە و بۆ نموونە بەگوێرەی ئامار و زانیارییەکانی دامودەزگا دەوڵەتییەکانی ڕێژێم لە ٨٦ کەسی بژاردەی ئولەمپیاد ٨٢ کەسیان لە وڵات باریان کردوە و پەنایان بۆ هەندەران بردوە. ئەم بابەتە تەنیا تایبەت بە بژاردەکانی وڵات نییە و تەنانەت دزەی کردۆتە کۆمەڵەی وانەبێژانی زانکۆکانی وڵات و بەگوێرەی ئاماری یەکێک لە زانکۆکان لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا نزیک بە هەزار و هەشتسەد کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەی مامۆستایانی زانکۆکان ڕوویان لە هەندەران کردوە. ئەمە خۆی یەکێک لە نیشانەکانی داڕمانی کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتەیە و دەتوانێت بە یەکێک لە مەترسیدارترین قەیرانی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێران دابندرێ. ئەمە کارنامەیەکی تێکەڵ بە کارەساتە لە زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارێتی ڕژێم بە سەر کۆمەڵگەی ئێستای ئێرانەوە. ئاخۆ هومێدی کۆمەڵایەتی داهاتوویەکی باشتر بۆ یەک‌بەیەکی تاکی کۆمەڵگە دەستەبەر دەکات یان نا؟ ئاخۆ ئەم هۆمێدە دەستەبەر دەکرێت یا نا؟ ئاخۆ هەبوونی هومێدی کۆمەڵایەتی دەمگەینێتە ئامانج و دواڕۆژی دەستەبەر بوونی هیواکانم؟ ئاخۆ کۆمەڵگە دەرفەتی گەیشتن بە ئامانجەکانم بۆ دەڕەخسێنێت؟ یان ئەم دەرفەتەش تەنیا لە بەردەستی سەرگوڵخۆران و گرووپە هەڵبژاردەکانی کۆمەڵگەدایە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان؟ هەرکات ڕووخانی هومێدی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە- کۆمەڵگەی ئێستای ئێران- ڕوو بدات بژاردەکان و زۆر کەسی دیکە لە کۆمەڵگە ئەم چەشنە پرسیارەیان بۆ دێتە پێش. ڕووخان و هەرەس‌هێنانی کۆمەڵگە وردە وردە ڕوو دەدات و دەردەکەوێت، ئەمەش  زۆر سروشتییە چونکوو هەندێ کەس بە ئامانجی خۆیان دەگەن و ئەوانەش هەمان مووچەخۆر و خزمەتکارانی دەمودەزگا حکوومەتییەکانن. بەڵام بەدیاریکراوی لە زانستی دەروونناسیدا هومێد پاشڕەوی سێ بگۆڕە و ئەگەر ئەم سێ بگۆڕە لە کۆمەڵگەدا بە دەست کەس یان گرووپە سیاسەتوانەکان دەستکاری نەکرێت ئومێدی کۆمەڵایەتی بەرەو داکشان سەرنانێت، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێتەوە. ئەو سێ بگۆڕە ئەمانەن: ١- تاک ئەو هێز و تواناییە لە خۆیدا بببینێت و بە شێویەک بە خۆی بڵێت توانای ئامانج داڕشتن و ڕۆیشتن بەرەو دەستەبەرکردنی ئاواتەکانم هەیە. ٢- پێناسەی ئەو ئامانجانە بکەم بۆ خۆم کە نەگۆڕ بن و بە دەستی کەس و گرووپ و دەسەڵاتدارانی ڕژێم دەستکاری نەکرێت. ٣- شیاوی دەستەبەربوونی ئامانج، ئاخۆ هەنگاونان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانم مەیسەرە یان نە، بەڕاست ئەم ئامانج و ئەم ئاراستەیە هۆکاری مرۆڤانەی منە و لێرەیە باوەڕی گەیشتن بە ئامانج لە مندا مسۆگەر دەبێت. بەڵام ئەگەر فاکتەرە دەرەکییەکان دەست بخەنە نێو ئامانجانەوە ئەم هومێد  بەرەو ڕووخان دەچێت، نموونەی ئەم دەستێوەردانەش لە چوار دەیە دەسەڵاتدارێتی ڕێژێم لە ئامانجی بژاردەکانی کۆمەڵگە و خستنەژێر گوشاریان بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە و پرۆگرامە هەڵەکانی و گوێڕایەڵیی بێ ئەملاوئەولای سیاسەتەکانی ڕێژێم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیدا بەڕوونی دیارە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ بەکورتی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە پێناسەی هومێدی کۆمەڵایەتی بکەین، لە تیۆرییەکانی ئەم زانستەوە "من"ەکان و دامەزراوە و ئەو وێنانەی لە بیری تاکەکاندا نەخشی بەستوە زۆرتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە. وێنە زەینییەکان باس لە چارەنووسی تایبەتیی تاکەکان دەکەن و ئەمەش ڕیزێکی بەربڵاو دەگرێتەوە. بەڵام لەم بابەتەدا ئێمە زۆرتر باس لە دامەزراوە و منەکانی کۆمەڵگە دەکەین کە بە چ شێوە لە ڕووخان و پووکانەوەی هومێد یان گەشانەوەی هومێدی کۆمەڵایەتیدا کارتێکەرن. دوکتور وەکیلی کۆمەڵناس و توێژەر لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێران بەم چەشنە شیکاریی بۆ دەکات: منەکان لە کۆمەڵگەدا گرنگن. ئەگەر بە خێرایی چاوێک بخشێنینە کۆمەڵگەی کەونارای ئێراندا بەڕوونی دیارە منەکان لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری پێک‌دێنن و لەگەڵ داب‌ودەستووری دامودەزگاکاندا دژایەتی دەکەن. نموونەی بەرچاوی ئەم دژایەتییە لەگەڵ پێکهاتەی وێژمانە نەگۆڕەکەی پەنجا ساڵی رابردووی ئێرانە کە بەداخەوە لە باری سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە هەر جیلێک تەنها یەک هەنگاو لە پێشەوەی جیلی بەر لە خۆیەتی. کەوابوو ئەمە منەکانن لە هەمبەر ئەو چارەنووسەدا خۆڕاگرن کە دامودەزگاکان بە وێنە زەینییەکانی خۆیان دەیسەپێنن بە سەریاندا. هومێدی کۆمەڵایەتی هەمیشە چاوی لە داهاتووە و بەرچاوگەی خۆی لە دواڕۆژدا دەبینێت و هەر لە دەستپێکدا بە شێوەیەک دەجووڵێتەوە بتوانێت دەستی بگاتە ئەو ئامانج و دوورەدیمەنەی وێنای کردوە. بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا دامەزراوە دەوڵەتییەکان یان بنکە دەسەڵاتخوازەکان زاڵ بن بە سەر منەکاندا و ئامانج  و دوورەدیمەنەکان بە خواست و زەینییەتی خۆیان بەڕێوەی بەرن ئیدی ڕووخانی کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. لە ڕوانگەی دەروونناسانە و کۆمەڵناسانەوە تا ڕادەیەکی زۆر هومێدی کۆمەڵایەتی وەکوو یەک پێناسە دەکرێن. ڕادەی هومێدی کۆمەڵایەتی بەپێی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگە پێوانە دەکرێت. هەروا کە گوتمان هومێدی کۆمەڵایەتی ڕووی لە داهاتووە، کەوابوو ئەم هومێدە لە کۆمەڵگەدا بە چەند نیشانەوە پێناسە و دیاری دەکرێت، لە سەرۆی هەموویانەوە وێناکردنی دوورەدیمەنە و لە پلەی دووهەم بارستایی و توانایی ئاواتەخوازیی تاکەکان لە ڕەهەندی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەلایەتییەوە، لە پلەی سێهەم بەشداری و هاوکاریی تاکەکان، لە پلەی چوارەم هەبوونی خسڵەتی دوورەنواڕی، لە پلەی پێنجەم واز یان پاڵنەر، پلەی شەشەم متمانە و پلەی حەوتەم دەرفەت‌‌پێدان. ئەگەر کۆمەڵگەیەک نەتوانێت ئەو حەوت نیشانەیە تا ڕادەی پێویست بۆ تاکەکانی دەستەبەر بکات، لە بەستێنیدا تووشی پچڕان و تێکشکان دەبێت. ئەم تێکشکان و پچڕانە بە شێوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکان خۆی نێشان ئەدات بۆ وێنە خۆکوژی، تەڵاق لە پاش ماوەیەکی کورتی ژیانی هاوبەشی، دزی، گیرۆدەیی بە ماددە هۆشبەرەکان و دەیان جۆر نەخۆشینی دەروونی بە هۆی دڵساردی و ناهومێدییەوە سەر هەڵئەدەن. کۆمەڵگەی ئێستای ئێران بەهۆی دەسەڵاتدارێتی و پاوانخوازیی سەرگوڵخۆران بەستێنی لەباری بۆ فەوتانی هومێدی کۆمەڵایەتی و چالاکییە بەکۆمەڵەکان خۆش کردوە. ئەمەش بووەتە قەیرانێکی هەمەلایەنە لە کۆمەڵگەدا. ئەگەر بە شێوەیەکی وردبینانەتر لە شوێن هۆکاری ئەم قەیرانەدا بگەڕین، یەکەمین هۆکار دامەزراوە سیاسییەکانی ئێرانە. دامودەزگای سیاسی دەسەڵاتدار بە گۆڕینەوە و جێبەجێ کردنی دوورنمای پێناسەکراوی بژاردەکانی کۆمەڵگە بووەتە هۆی داشکانی هومێدی کۆمەڵایەتی و هەر ئەمەش هۆکاری کۆچ و ڕەوی بژاردە و بیرتیژانی زانکۆکانە بەرەو هەندەران. هەڵاتنی مێشکەکان خۆی سەبەبی دەیان قەیرانی قەرەبوو نەکراوە لە ئێراندا، ئەو تاقمە بژاردەیەش لە وڵات ماونەتەوە زۆربەیان تووشیاری دوورەپەرێزی و لە ئەنجامدا فەوتانی بیر و هزری داهێنەری خۆیانن. حکوومەتی ئێستای ئێران ویست‌خوازییەکانی خەڵک بە بشێوی و ئاژاوەگێڕی ناو دەبات، بەڵام بەگشتی ویستخوازی خۆی بەشێکە لە پرۆسەیەک کە یاریدەری هومێدی کۆمەڵایەتییە. وەلانانی بژاردە و شارەزایان لە سیستمی ئیدارە و ڕێکخراوەکان بە یارمەتیی سەربازانی سایبری و سووکایەتی پێکردن و تۆمەتبارکردنیان لە حاڵێکدا ئەم کەسایەتییانە دەیانتوانی ببن بە سیمبول و ڕێنشاندەر بۆ کۆمەڵگە، خۆی ڕێگەخۆشکەرە بۆ ڕووخانی هومێدی کۆمەڵایەتی. لە کۆتاییدا دەتوانین ئاماژە بە چەند ڕێکاری دەروونناسانە بکەین بۆ بەرگری لەم قەیرانی کۆمەڵایەتییە: ١- هەڵسوکەوت و ئاڵووێری کۆمەڵایەتی. زۆربەی ئەو کۆمەڵە مرۆییانەی لە ژێر چەوساندنەوەی دیکتاتورەکاندا ژیاون و ڕۆژگارێک ڕزگاری و سەربەخۆییە زەوتکراوەکەیان بەدەست هێناوەتەوە بە یارمەتی پێکەوە هەڵکردنێکی گەشبینانەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە هاتوونەتە پێش. ٢- لێ‌کاڵانەوەی جەستەیی. ڕادەی سڵامەتی تاکەکانی کۆمەڵگە پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ دەستەبەربوونی هومێدی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگەیە. هەربۆیە ئەو وڵاتانەی لە لیستی ڕیزبەندی جیهانی وڵاتانی بەختەوەردا ناویان لە سەرەوەی نێوی هەموانەوەیە، ڕێژە سڵامەتی تاکەکانی کۆمەڵگەشیان لەسەرەوەی هەموانەوەیە. ٣- سەرقاڵبوون و هەر‌جۆرە چالاکییەکی ناجددی بە مەبەستی سەرگەرمی، دەتوانێت ڕێژەی گوڕوتین و بەرگەی ڕۆحی و ڕەوانی کۆمەڵگە بباتە سەرەوە بە وێنا کردنی دواڕۆژێکی گەشتر و ئەمنتر لە زەینی تاکەکاندا. لە کۆتاییدا ئاماژە بە یاسای فراژ و کامڵبوون دەکەم چونکە ئەم یاسایە کە خۆی لە نێوەڕۆکدا هەر ئەو هەڵبژاردنی سروشتییەیە بەردەوام لەگەڕدایە، کەوابوو کۆمەڵگەیەک سەردەکەوێ تاکەکانی بەهێزتر و شەڕکەرتر بن، چەکی ئەم شەڕەش هیوا و هومێدی تاکەکانە.