کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عومەر باڵەکی: کۆمەڵگەی کوردستان زیندانیی سیاسی بە قارەمان، ڕێبەر و سەرچەشنی خەباتیان دەزانێ

02:30 - 16 جۆزەردان 2722

(وتاری کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ڕێوڕەسمی ناودێرکردنی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)   خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵەی سەربەرزیان! نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میوانانی بەشدار لەو ڕێوڕەسمەدا! ئەمڕۆ ١٢ی جۆزەردان هاوکاتە لەگەڵ تاڵیادێکی مێژوویی جووڵانەوەی کورد. ٣٩ ساڵ لەوە پێش لەو ڕۆژەدا لەلایەن فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد ڕاگەیەندرا کە ٥٩ کەسی دەسبەسەرکراوی شاری مەهاباد بەکۆمەڵ گوللەباران کراون. لەو کۆڕەدا ناو و یادی ئەو شەهیدانە بەرز ڕادەگرین و لەگەڵ ڕوحی نەمریان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان کە ڕزگاریی کوردستانە، لە خەبات و بەربەرەکانی لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی نەوەستین. هاوکات پێشوازی و پشتیوانی لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بۆ دەستنیشان‌کردنی ڕۆژی ئێعدامی ئەو ٥٩ بەندکراوە بە ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.   بەڕێزان! دیاریکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی کورد لە چەند ڕوەوە گرینگیی خۆی هەیە. چونکی ئەو ڕۆژە بیرهێنەرەوەی جینایەتێکی سامناکی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی کوردستانە. لەو ڕۆژەدا دەسەڵاتدارانی تاران ٥٩ کەس لە خەڵکی مەهابادیان بێ‌ئەوەی لە دادگایەکی عادڵانەدا دادگایی کرابن، لە بەندیخانەیەکی شاری تەورێز گوللەباران کرد. پێش ئەوەش کە بچمە سەر ئەو بابەتە کە بۆچی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژی زیندانیی سیاسیی کورد دەستنیشان کردوە، پێم باشە بە کورتییش بووبێ پێناسەیەک لە زیندانیی سیاسی بکەم. کە باس لە زیندان و زیندانی دەکرێ، وا دێتە بەرچاو کە کەسی گیراو حەتمەن دەبێ کەتنێکی کردبێ و زیانی بە کەس یان کەسان و لە نیهایەتدا بە کۆمەڵگە و بەرژەوەندییەکانی گەیاندبێ؛ هەربۆیەشە سزاکەی بەندکرانە و بەندیخانەش شوێنی ڕاگرتنی کەسانی تاوانبارە. بەڵام کە لە بابەتی زیندانیی سیاسی ورد دەبینەوە، دەبینین ئەو کەسانە نەک هەر لە ڕوانگە خۆیانەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەی کۆمەڵگە و پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکانیشەوە هیچ تاوانێکیان نەکردوە کە لەو سۆنگەیەوە بەند بکرێن. هەربۆیەشە ئەو کەسانە کۆمەڵگە بە زیندانیی سیاسیی دەیانناسێ و زیندانیی سیاسیی بریتییە لەو کەسەی لەسۆنگەی ڕۆشنگەری و ئاشناکردنی کۆمەڵگە بە مافەکانیان و تێکۆشانی بەکردەوە بۆ ئەو ئامانجانە لەلایەن دەسەڵاتەوە گیراوە، دەسەڵاتێک کە بیر و هزر و جمۆجۆڵ و چالاکیی ئەو کەسە لەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێ. تاوانی! نەکردووی ئەو کەسانە لە هەندێک سیستمی سیاسیی وەک کۆماری ئیسلامیدا بە بەندکردن نابڕێتەوە، بەڵکوو وەک دەزانین هەزاران کوردی ئازادبیر و ئازادیخوازی لەو چەشنە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و گیانیان لێ ئەستێندراوە. ڕێژیم ئەو کەسانە بە تاوانبار دەناسێ، بەڵام کۆمەڵگە بە قارەمان، ڕێبەر و سەرچەشنی خەباتیان دەزانێ. بۆیەشە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی پێزانینی پتری کۆمەڵگە بە زیندانیی سیاسی، پشتیوانی لە پێشنیاری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان بۆ دەستنیشان‌کردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان دەکا.   ئامادەبووانی هێژا! ئێستا کە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان بەرز رادەگرین، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تێپەڕینی کات نابێ کوژرانی بەناحەقی ٥٩ لاوی مەهابادی و هیچ کام لە تاوانەکانی دیکە کە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا دەرحەق بە ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان کراون لەبیر گەلی كورد بەرێتەوە. پێویستە حیزبەکانی مەیدانی خەبات بەدژی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بەدوای لەقاودان و بەدواداچوونی قەزایی بۆ هەموو ئەو جینایەتانەی ڕێژیم بن؛ بۆوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانی و نێودوڵەتییەکان و دادگا و ناوەندەکانی پێوەندیدار بە پرسی مافەکانی مرۆڤدا، بەرەوڕووی بەرپرسیارەتی و وەڵامدانەوە بکەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ سزای ئەو تاوانە گەورەیە وەربگرێ کە چۆن لە یەک چرکەساتدا و بەبێ هیچ پاساوێکی قانوونی گیانی لە ٥٩ کەسی بێ‌تاوان ستاند و دواتر تەرمەکانیشیانی شوێن‌بزر کرد؟ لە پێوەندی لەگەڵ جینایەتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەم: - پێویستە بگوترێ کە ئەو تاوانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەپێی هەموو پێوانەیەکی ئینسانی، ئەخلاقی و قانوونی دەچێتە خانەی جینایەتی جەنگییەوە. چونکە ئەو ٥٩ کەسە هیچ کامیان بە چەکەوە، یا لە مەیدانی شەڕ و پێکدادانی دوو لایەنی بەرەی شەڕدا دەستبەسەر و بە دیل نەگیرابوون، تەنانەت ئەگەر بە دیلیش گیرابان، دیسان بەپێی قانوون و عورفی باو و جێگای پەسندی کۆمەڵگەی جیهانی مافیان هەبوو و لەسەر دەسەڵاتە کە مافی دیلەکانی شەڕ پارێزراو بێ. - هیچ کام لەو ٥٩ کەسە لە دادگایەکی دادپەروەردا دادگایی نەکراون، هیچ کامیان پارێزەریان نەبووە و بۆخۆشیان لە هیچ بەڵگەیەکدا دانیان بە هیچ تاوانێک دانەناوە. - بەپێی هەموو سەرچاوەکان و بەتایبەت زانیاریی بنەماڵەکانیان ژمارەیەک لەو ٥٩ کەسە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە و قوتابیی قوتابخانەکانی مەهاباد بوون. بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکانی دیکەی پێوەندیدار بە مافە جیهانداگرەکان و تەنانەت قانوونە بەرکارەکانی وڵاتان، هەر کەسێکی خوار تەمەن ١٨ساڵ لە سۆنگەی هەر تاوانێکەوە دەستبەسەر کرابێ، هەتا تێپەربوون لە تەمەنی ١٨ساڵی بۆ بریاری کۆتایی لەسەر پەروەندەکەی لە بەردەم دادگادا ئامادە نابێ. - بەپێی ڕێوشوێنە پەسندکراوەکانی دادگایی‌کردن، ماف بە هەموو تۆمەتبارێک دەدرێ تانە لە بریاری دادگا بدا، بەڵام ئەو ٥٩ کەسە تەنانەت دەرفەتی ئەوشیان نەدراوەتێ تا بتوانن تانە لە بریاری دادگا بدەن. - ئەو ٥٩ کەسە لە ڕۆژ و شوێنی جیاجیا و بە شێوەی ڕەشبگیر و هەرەمەکی لە ماوەی نزیک بە دوو مانگدا لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و پاشان لە زیندانی مەهابادڕا بۆ ورمێ و لەوێشەوە بۆ تەورێز ڕاگویزراون. بەپێی هەموو پێوەرە قانوونییەکان ئەگەر هەرکام لەو ٥٩ کەسە تاوانێکیشان کردبێ، دەبوا دادگای شوێنی ڕوداوەکە بەو پەروەندەیە ڕابگا، نەک دادگایەک لە تەورێز کە تەنانەت لە بواری دابەشکردنی ئیداریشەوە شاری مەهاباد سەر بە پارێزگای ورمێیە نەک تەورێز و؛ ئەوە جێگای پرسیارە کە بۆچی ئەو ٥٩ کەسە وا بەپەلە بۆ تەورێز ڕاگوێزران و لەوێ گوللەباران کران؟ - هه‌واڵی ئێعدامی ئه‌و 59 که‌سه‌ی خه‌ڵکی مه‌هاباد بێجگه له ڕاگه‌یەندراوی فه‌رمانداری کە لە شاردا بڵاو کراوە، له هیچ ڕۆژنامه‌یه‌کی ڕه‌سمیی وڵاتدا بڵاو نه‌کرایەوه؛ ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌کانی "اطلاعات" ‌و "کیهان" که ڕووماڵی ڕووداوه‌کانی کوردستانیان کردوه، خۆیان له باسی ئێعدامی ئه‌و 59 که‌سه بواردوه. ده‌بێ چ شتێک لە ئارادا بووبێ که ئێعدامی ئەو 59 که‌سە بێ‌تاوانەی مه‌هاباد ئاوا په‌رده‌پۆش کراوه؟ - بەپێی هەموو سەرچاوەکانی بەردەست ئیعدام‌کردنی بەکۆمەڵی ئەو ٥٩ کەسە دژکردەوەی ناوەندە ئەمنییەتی و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر تێکشکاویی هیزەکانی خۆیان لە ڕووبەروبوونەوەیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بووە. بۆ نموونە له ڕۆژی یەکەمی جۆزەردانی ساڵی 62دا و، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و 59 که‌سه بۆ زیندانی ته‌ورێز ڕابگوێزرێن، "بروجردی"، قائیم‌مەقامی قه‌رارگای هه‌مزه لە ڕێگای مەهاباد-نەغەدە کوژرا. ناوبراو که له سه‌رکوتی خه‌ڵکی کوردستان‌، دروست‌کردن و ڕێکخستنی هێزی جاش‌ لە کوردستاندا ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌بوو، کوژران و لەده‌ست‌چوونی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی برینێکی به‌ژان بوو. هه‌ربۆیه کوژرانی بروجێردی دەنگی لە به‌رپرسانی حکوومه‌تی تاران بەرز کردەوە. مێرحوسێن مووسه‌وی (سه‌رۆک‌وه‌زیری ئەوکات) به توندی هێرشی کردە سه‌ر حیزبه‌کانی کوردستان ‌و داوای کرد هێزه‌ نیزامییه‌کان به توندترین شێوه تۆڵه‌ی بروجێردی بکه‌نه‌وه. هاشمیی ڕ‌فسەنجانی، موحسین ڕ‌ەفیق‌دوست و زۆر بەرپرسی پایەبەرزی دیکەی ڕێژیمیش هه‌ڵوێستی توند ده‌گرن ‌و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان‌ و حیزبه‌کانی کوردستان. - حەمیدڕەزا جەلایی‌پوور (فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد) لە وتووێژێکدا کە ڕێکەوتی ٢٣/١/١٤٠٠ لە "پایگاە اطلاع ڕسانی و خبری جماران"دا بڵاو بۆتەوە بەو شێوەیە پاساو بۆ ئەو جینایەتە دێنێتەوە: "وەزعییەتی ئەمنییەتی چەندی بڵێی خراپ و لاواز بوو. بۆ گاڵتە نابێ، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵدا لەو میحورە ٥٠٠ پاسدار کوژرا. دابینکردنی ئەمنییەتی ناوچەکەش لە دەستی فەرمانداریدا نەمابوو، بەڵکوو کەوتبووە دەست قەرارگای هەمزە کە سەییاد شیرازی و محەممەد بروجێردی بەڕێوەیان دەبرد." جەلایی‌پوور ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ لە وتووێژێکدا کە لە دەنگ‌وڕەنگی مەهاباد بڵاو بۆوە، دەڵێ: "ئێمە هەرچی هەوڵ دەدەین ناتوانین ئەمنییەت و هیمنایەتیی شار بپارێزین و بەتەواوی دۆشداماوین، بۆیە ناچارین چاکەکاری وەلا بنێین و ئەو کارە بکەین کە دەبووا چوار ساڵ پێشتر کردبامان..." ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "خەڵکی شاری مەهاباد بە ورد و درشت، پیر و لاو، بازاری و مووچەخۆر هەموویان دژی شۆڕشن..." ئەوە قسەی کەسێکە کە فەرمانداری شار بووە و دوای تێپەڕینی ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە سامناکەدا کە دەروانینە نێوەرۆکی قسەکانی ناوبراو، بەتەواوی هەستی ڕق و کین و دوژمنکارانەی لێ بەدی دەکرێ. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا جەلایی‌پوور لە گێرانەوەی دۆخی ئەو کاتەشیدا هیچ پاساوێکی قانوونی پێ نییە تا بۆ ئێعدامی بەکۆمەڵی ئەو ٥٩ لاوە بیهێنێتەوە و سەرباقی ئەوە هەر بۆخۆی لە درێژەی وتووێژەکەیدا دانی بەوە داناوە کە "لەنێو ئێعدام‌کراوەکاندا کەسانێک هەبوون کە نەدەبووا ئیعدام کرابان"! - بەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئێعدامی ئەو ٥٩ کەسە سەرتاپای شاری مەهاباد خەم و ماتەم دایگرت. بەرپرسانی ڕێژیم ترسیان ڕێ نیشت کە خەڵکی دڵ‌برینداری شار بەدژیان بخرۆشن، هەربۆیە لەشار دا لەلایەن فەرماندارییەوە حکومەت نیزامی ڕاگەیەندرا و فەزای شەڕ بەتەواوی باڵی بە سەر شاردا کێشا. جەلایی‌پوور هەر لەو وتووێژەدا دان بەوە دادەنێ کە نەدەبووا ئەو  ٥٩لاوە ئێعدام کرابان و دەڵێ: "کاتێک هەواڵی ئێعدامی ئەو ٥٩ کەسە لە شاردا بڵاو بۆوە، شار بۆ نارەزایەتی‌دەربرین بە کارە کە هیچ پاساویەکی قانوونیی نەبوو، یەکپارچە داخرا. خەڵک هەقیان بوو ناڕازی و تووڕە بن. - دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەفتەری سیاسیی سازمانی ئینقلابیی زەحمتکێشان کوردستانی ئێران ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئێعدامی بەکۆمەڵی ئەو ٥٩ لاوەیان بەتوندی مەحکووم کرد. لەو بەیاننامەیەدا هاتوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو پەڕی بێ‌شەرمییەوە فیلمی لەو جینایەتە سامناکە هەڵگرتۆتەوە و بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵکی ناوچەکە پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان لە تەلەڤیزیۆنی مەهاباددا بڵاوی کردۆتەوە. ئەم دوو حیزبەی کوردستان لە بەیاننامەکەدا ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان بە ڕۆژی ماتەمینیی گشتی لە سەرانسەری کوردستاندا ڕادەگەیەنن و داوا لە خەڵک دەکەن لەو ڕۆژەدا بە مانگرتنی گشتی ڕق و بیزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لەو جینایەتەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرببرن. خەڵکی کوردستان بەپیل ئەو بانگەوازەوە هاتن و ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو.   پێویستیەکانی دەستنیشان‌کردنی ڕۆژێک بە ڕۆژی زیندانیی سیاسی - کاتیک ڕۆژێک بەو ناوە دیاری کرا، هەموو ساڵێک ئەو دەرفەتە دەخوڵقێ تا لەو ڕۆژەدا یادی زیندانییانی سیاسیی تێدا بکرێتەوە. - ئیعدامی بەکۆمەڵی ئەو ٥٩ کەسە کاریگەریی لەسەر ڕوح و ڕەوانی کۆمەڵگەی کوردەواری هەبوو. دوای تێپەربوونی ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە سامناکە ئەو ئاسەوارە ئێستاش هەر بەدی دەکرێ. - لەگەڵ ئەوەدا کە ژمارەیەکی دەیان کەسی لە بەندییە سیاسییەکان لەو ڕۆژەدا بەکۆمەڵ ئێعدام کران، بەڵام هەتا ئیستاش دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگییان لە هەمبەر ئەو تاوانە و وردەکاریی چۆنیەتیی جێبەجێ‌کردنی جینایەتەکە و شوێنی ناشتنی تەرمی ئەو شەهیدانە کردوە. ئەوەش زوڵمێکی دیکەیە دەرحەق بەو زیندانییانە و بنەماڵەکانیان و خەڵکی کوردستان بەگشتی کە دەبێ بەردەوام لەقاو بدرێ. - ئێعدامی بەکۆمەڵی ئەو ٥٩ کەسە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، نیشانەی بەچۆک‌دانەهاتن و بەرگری‌کردنی ئازایانە لە ئامانج و داخوازە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان سەرەڕای ئازار و ئەشکنجەدانیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوون. ئەو ئازایەتی و خۆڕاگرییە شایانی ئەوەیە کە بەردەوام لەسەری بنووسرێ و بگوترێ، بۆوەی ببنە سەرمەشق بۆ هەموو زیندانییانی سیاسی. - ئەو ٥٩ لاوە ئەگەر هەمووشیان سەر بە حیزب یا ڕێکخراوەیەکی سیاسیی دیاریکراو نەبووبن، بەڵام لە یەک شتدا هاوبەش بوون؛ ئەویش باوەڕ و شعووری  نیشتمان‌پەروەری وگەڵ‌دۆستییە کە دوژمنی گەلی کوردی ناچار کرد هەر هەموویان پێکەوە ئیعدام بکا. ئەوە میراتێکی مەعنەوەیی بەهێز بۆ جووڵانەوەی سیاسیی کوردە کە پێویستە بە بەردەوامی بە هەموو نەوەکانی کۆمەڵی کوردەواری ببڕێ. لە کۆتاییدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرمەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێرای پێشوازی و پشتیوانی لەو ناودێرکردنە کە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی زیندانیی سیاسیی کورد پێشنیاری کردوە، وەک هەمیشە پابەند دەبین بەو ئەرک و بەرپرسایەتییەی لە پێوەندی لەگەڵ زیندانییانی سیاسیدا دەکەوێتە سەر شانی حیزب. بەرز و بەڕێز بێ یادی ٥٩ لاوی شەهیدی مەهاباد و هەموو بەندکراوانی سیاسیی شەهید.