کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند بڕیارنامەیەکی گرینگی شۆڕای رێبەریی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست

16:39 - 16 جۆزەردان 2722

شۆڕای رێبەریی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست چەندبڕیارنامەیەکی گرینگی پەسەند کرد. شۆڕای ڕێبەری لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست کە ڕۆژی پێنج شەمە لەژێر درووشمی "ئەجێندای ٢٠٣٠ و ئاڵەنگارییەکانی ئێوە" بە گرنگیدان بە ڕۆژی جیهانی ژینگە، چالاکییەکانی خۆی لە تیرانای پایتەختی ئالبانی بە بەشداری ٨٩ ڕێکخراو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و مەدیتەرانە و ئورووپا و ئافریقا و ئامریکای لاتین دەستپێکردبوو. لە ڕەوتی چالاکییەکانی‌دا، چەند یڕیارنامەی گرنگی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی بەرچاو پەسەند کردن کە بریتی بوون لە: ٢. نەورۆز بۆنەی نوێ‌بوونەوەی ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە زۆربەی نەتەوەکان ئەم بۆنەیە جێژن دەگرن، بەڵام لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەتەوەی کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی جیاواز ئەم بۆنەیە بەڕێوە دەبات، لە ڕۆژهەڵات ئەم بۆیە هێمایەکی نەتەوەییە و بە کچ و کوڕ بێ جیاوازی و بەیەکەوە ئەم بۆنەیە جێژن دەگرن و کۆماری ئیسلامی لاوان لەسەر کەرنەڤاڵە نەورۆزییەکان دەسبەسەر دەکات. ٢. بە پێی ڕاپۆرتی فێدراسیۆنی جیهانیی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی ۱۳٦۲، ٥٩ لاوی بێ تاوانی تەمەن ١٦ بۆ ٢٥ ساڵی لە شاری مەهاباد ڕەشبگیر و ئێعدام کرد کە پێویستە بکەرانی ئەم کارەساتە بە سزای خۆیان بگەن، هەر وەک چۆن حەمیدی نووری لە دادگای سوئید بە سزای جینایەتەکانی گەیشت. ٣. کەماڵ شەریفی ڕۆژنامەنووسی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی سی ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە کە نادادپەروەرانەیە و لە مافی چاوپێکەوتن و دوکتور بێبەشە، ئێمە پشتگیری کەمپەینی نێونەتەوەیی ئەمنێستی ئینتێرنەشناڵ دەکەین بۆ پاراستن و ئازاد کردنی ئەم ڕۆژنامە نووسە. ٤. سپای پاسداران ئاسایش و ئەمنیەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی خستۆتە مەترسییەوە و ژینگەی لاوانی ئەفغانستان، ئێران، عێراق، سوریە، لوبنان و یەمەنی بە چالاکی نیزامی تێکداوە. ٥. کۆماری ئیسلامی دۆخێکی ئابووری نالەباری بەسەر خەڵکدا سەپاندوە و هەروەها خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و چین و توێژەکان سەرکوت دەکات و پێویستە پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران بکرێت. لەم دواییانەدا ڕێژیمی ئێران، هاوڵاتییانی هەڵگری دوو ڕەگەزنامە دەسبەسەر دەکات و پەیوەندیان دەدات بە خۆپیشاندانەکانی ئێران و لە هاوکێشە سیاسییەکاندا لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەکاریان دێنێت، پێویستە پشتگیری لە خۆپیشاندانی مامۆستایان بکەین. لەمیانەی کارەکانی شۆرادا، پێشەوا عەلی پوور سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرتوکی "خولیا و مەرگی ڕێبەری کوردان" لە نووسینی کاڕۆل پرۆن هۆبێر-ی پێشکەش بە بروونۆ گۆنزالیز سکرتێری یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست کرد. شایانی باسە یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست ساڵی ١٩٠٧ لە شتوتگارتی ئاڵمان پێکهاتووە و هەنووکە ١٦٠ ئەندامی لە زیاتر لە سەد وڵاتی جیهان هەیە کە لە ناو کورددا لاوانی هەدەپە و لاوانی یەکیەتیی نیشتمانی و لاوانی حدک و حدکا ئەندامن. چالاکییەکانی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست لەلایەن سوسیال دێموکراتەکانی ئورووپاوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێت و سکرتاریەتی لە ڤییەندایە.