کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی د. عەزیز گەردی

01:08 - 17 جۆزەردان 2722

پڕۆفیسۆر عەزیز گەردی کە ساڵانێک بوو وەک خۆتەرخانکردن بۆ نووسین و وەرگێڕان، وازی لە کاری مامۆستایەتیی زانکۆ هێنابوو و خۆی خانەنشین کردبوو، ڕۆژی دووشەممە، (١٦ی جۆزەردان) ٦ی ژوئەنی ٢٠٢٢ دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، بەداخەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. دوکتور عەزیزی گەردی هەم کارە زانستییەکانی بە تایبەتی لەپێوەندی لەگەڵ ئەدەبی کوردی‌دا، بە نرخ بوون، هەم وەرگێڕانەکانی بە نموونەی وەرگێڕانی سەرکەوتوو دەژمێردران. هێندێک لە کتێبە زانستییەکانی بریتین لە: ڕەوانبیژی ٣ بەرگ، ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی و ڕابەری شێعری کلاسیکی کوردی. د. عەزیز گەردی لە بارەی کێشناسیی شێعری کلاسیکی کوردی و هەروەها لە بارەی کێشی عەرووزی کلاسیک، توێژینەوە و نووسینی بەنرخی هەن. نامەی دوکتۆراکەشی هەر لە پێوەندی لەگەڵ "سەروا"دابوو.  عەزی گەردی چەندین کتێبی لە ئەدەبی بێگانەوە وەرگێڕاونەتەوە سەر زمانی کوردی. ئەو شارەزای زمانەکانی فەڕانسەیی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسییش بوو. یەکێک لە بەناوبانگترین وەرگێڕانەکانی کتێبی "داغستانی من"ی ڕەسووڵ هەمزەتۆف لە دوو بەرگ دابوو. پڕۆفیسۆر د. عەزیز گەردی کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا بوو، ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە دایک ببوو. لە ساڵی ١٩٦٨ ‌ـــەوە ماڵیان لە گوندەوە (بەحرکە) بار دەکا بۆ  شاری هەولێر و بە یەکجاری لە هەولێر نیشتەجی دەبێ. ساڵی ١٩٩٤ ماستەرنامەی وەرگرت. لە ٦ی مانگی ژوئەنی ئەمساڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە کۆچی دوایی د. عەزیز گەردی، نەتەوەکەمان ئەکادیمییەکی بە توانای بواری ئەدەب و نووسەر و وەرگێڕێکی پڕ بەرهەم و لێهاتووی لەدەست ‌دا. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنە یەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و سەرجەم هۆگرانی قەدرزانی ئەو توێژەر و وەرگێڕە بەنرخە دەکا و هاوبەشی خەمیانە. یادی مامۆستا د. عەزیز گەردی بەڕیز و گیانی شاد.