کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڕووسی: ئێران، هاوکاریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ناکا

15:01 - 17 جۆزەردان 2722

سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەڵێ: لەو کاتەوە کە ئێران بەڵێنە ناوکییەکانی پێشێکردووە، چالاکیی لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دانیشتنی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ئێران تا ئێستا وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی لەهەمبەر سێ دامەزراوەی ناوکیی شاراوەی خۆی نەداوەتەوە وتی: تاران هاوکاریی پێویست لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ناکا و ئەگەر ئێران بە خێراترین کات هاوکاریی ئاژانس نەکا و کێشەکان چارەسەر نەبێ، ئاژانس ناتوانێ گەرەنتی ئەو بکا کە بەرنامەی ناوکیی ئێران تەنیا لە چوارچێوەی ئاشتی‌دایە. ناوبراو هەروەها وتیشی: ئێران دەبێ بۆ سەلماندنی قسەکانی کە دەڵێ بەرنامەی ناوکیی ئێمە تەنیا بەمەبەستی ئاشتییە، دەبێ جیاواز لە وەیکە وڵامی هەموو پرسیارەکانی ئاژانس بداتەوە دەبێ گەرەنتی ئەوش بکا کە ئۆرانیۆمی پیتێندراوی بەو ڕێژەیەیە کە لە ڕێککەوتنی بەرجام ڕێگەی پێدراوە. جێگەی ئاماژەیە کە حەوتووی ڕابردوو وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ناردبوو کە داوای وڵامی خێرای ئێران بە ئاژانس و هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەکەن. هەواڵدەریی فەرانسە لەم پێوەندییەدا دەڵێ: ئەگەر ٣٥ وڵاتی ئەندام لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، تا ڕۆژی هەینی ئەو بڕیارنامەیە پەسەند بکەن ئەو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تاقەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە بەرانبەر ئێراندا کۆتایی پێهاتووە.