کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە مەهاباد

15:57 - 17 جۆزەردان 2722

دایە زارا قازی، دایکی خاتوو "گوڵاڵە شەرەفکەندی"، ئەندامی پێشووی رێبەری و کادری دیاری حیزب، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە مالاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە "زارا قازی" دایکی گوڵاڵە شەرەفکەندی، ئەندامی پێشووی ڕێبەری و کادری دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستان و کچی گەورەی قازی عەلیی سەردەشت و هەروەها هاوژینی نەمر عەبدوڵڵا شەرەفکەندی، لە مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. دایە زارا خاتوونێکی نیشتمانپەروەر، خاوەن کەسایەتییەکی خۆشناو بوو و بەهۆی پێگە و خۆشەویستی بنەماڵەکەیان لە لای خەڵکی مەهاباد و ناوچەکە جێی متمانە و خۆشەویستی خەڵک بوو. دایە زارا قازی، هەم وەک خۆی و هەم وەک بنەماڵەکەیان پشت و پەنای تێکۆشەرانی کورد و حیزبی دێموکرات بوون و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک خاتوونێکی دڵسۆز، وەفادر بە ڕێبازی کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات مایەوە و هەمیشە دڵسۆزییەکی زۆری بۆ پێشمەرگە و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات هەبوو. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە زارا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی و بنەماڵە و ئازیزانی ناوبراو دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.