کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزی کردن لە گەورەترین بانکی ڕێژیمی ئێران لە تاران

15:38 - 17 جۆزەردان 2722

سەدان سندووقی ئەماناتی خەڵکی ئێران لە لقی "بانکی میللی" لە تاران لە لایەن گرووپێکی چەکدارەوە دزران. بەپێی هەواڵی"دەنگ و ڕەنگ"ی ڕێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ چەند ڕۆژ پشووی بانک و ئیدارەکانی ئێران، بەبۆنەی ساڵڕۆژی مردنی خومەینی، ٢٥٠ سندووقی ئەماناتی بانکی میللی ئێران ڕووبەڕووی زانکۆی تاران، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دزراوە. هەواڵدەریی "دەنگ و ڕەنگ"ی ڕێژیم لەو بارەوە وتی:'' ئەو کەسانە لە بینای تەنیشت بانکەکەوە چوونە بەشی سندووقی ئەمانات و بەبێ ئەوەی شوێن پەنجەیەک لە خۆیان بەجێ بهێڵن، ٢٥٠ سندووقی ئەمانەتی خەڵک کە لەو بانکە داندراون بردووە و تا ئێستا ڕوون نییە کە ئەو سندووقانە بایی چەند ئەمانەتیان تێدا بووە". پۆلیسی تاران لەو بارەوە وتی: دزەکان ئاشنایی تەواویان لە گەڵ ئەو شوێنە بووە و هەموو کامێراکانی ئەو ناوەندەشیان بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن لەگەڵ خۆیان بردووە. سندووقی ئەماناتی بانکی میللی سندووقگەلێکی جێی متمانە و دڵنیایی خەڵکن کە خەڵک لە بانکەکان بەکرێی دەگرن و کەلوپەلی بەبایەخی خۆیان وەک زێڕ، ئەرز، سەنەد، بەڵگە بەنرخەکان و ... لەوێدا ڕادەگرن.