کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی ١٢بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

15:40 - 17 جۆزەردان 2722

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەندیخانەی ناوەندی زاهیدان، ١٢بەندکراوی خەڵکی سیستان‌و‌بەلووچستانی لە یەک کات‌دا لە سێدارە دا. ڕۆژی دووشەممە ١٦جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ وێرای مەحکوومکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایانگەیاند کە ئەو ١٢بەندکراوانەی کە لەبەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لە سێدارە دراون هەموویان هاووڵاتیی بەلووچن و ١١پیاو و یەک ژن بوون و سەتا٢٠ی لە سێدارەدانەکانی ئێران هاووڵاتیی بەلووچن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان سەرەتا بە نهێنی ١٢ کەسی لە سێدارە دا و ویستی بە میدیایی نەکرێ بەڵام ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە سیستان‌و‌بەلووچستان ١١پیاو و یەک ژنی لە یەک کات‌دا بە تۆمەتگەلی جیاواز لە سێدارە داوە کە ناوەکانیان بریتین لە: نەسیر محەممەدانی، محممەد‌نەبی کەبەدانی، ئیبراهیم ڕەخشانی، دەستگیر گورگیج، ئیبراهیم گورگیج، جەلیل گورگیج، مێهدی نەسیری، عیسا سەفەری، حەمیدوڵا پالیز، محەممەد‌عەلی کەهرازێهی، محەممەد‌عومەر کەهرازێهی و هەروەها هاووڵاتییەکی ژنیش بەنازناوی "گورگیج". ئەو بەندکراوانە چەند ڕۆژه پیشتر گوازرابوونەوە ژووری تاکە کەسی و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لە سێدارە دران.