کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵا لە باشووری دەمێشق

15:43 - 17 جۆزەردان 2722

هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک هێرشی کردە سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان لە باشووری شاری "دەمێشق"ـی پێتەختی سووریە. بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، نیوەشەوی دووشەممە لە سەر سێشەممە، ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی ، هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بە ١٠ مووشەک لە بەرزاییەکانی "گوڵان یان جولان"ـەوە بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی باشووری دەمێشق،ئەو ناوچەیەی کە مۆڵگەی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان و پەدافەندی ئاسمانیی ئەرتەشی سووریە لەو ناوچەیەدا جێگیر کراون و زیانی مادیی زۆری بە مۆڵگەکانی حیزبوڵای لوبنان گەیاندووە. لەو ناوچانەی کە هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە سووریە کردوویەتییە ئامانجی مووشەکەکانی، مۆڵگەی میلیشیاکانی سەربە سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها سیستمی پەدافەندی ئاسمانیی ئەرتەشی سووریەی لێ جێگیر کراوە و لە ئاکامی ئەو مووشەکانەدا تا ئێستا زیانی گیانیی ڕانەگەیەندراوە بەڵام زیانی ماددیی زۆری بە مۆڵگەی میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان لە سووریە گەیاندووە.