کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی مەلایەکی بەلووچ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای کرمان

14:13 - 18 جۆزەردان 2722

مەلایەکی ئایینیی بەلووچ بەناوی" محەممەد شەهیکی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شاری "بەم" لە پارێزگای کرمان گیانی لەدەست دەدا. بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە جاددەی بەم- ڕەیگان، ڕاستەوخۆ تەقە لە ماشینی مەلایەکی بەلووچ بەناوی" محەممەد شەهیکی" دەکەن و بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەیەوە ئەو هاووڵاتییە بەلووچە گیانی لەدەست دەدا. کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەو پێوەنییەدا ڕایگەیاندووە کە، مەلا محەممەد بە ماشینەکەی خۆیەوە لە جاددەی بەم بەرەو شاری ڕەیگان دەڕۆیشت کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەنیا بە گومانی ئەوەیکە ناوبراو سووتەمەنیی پێیە و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، ڕاستەوخۆ تەقە لە ماشینی ناوبراو دەکەن و پاش ئەوەیکە بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەیەوە ئەو هاووڵاتییە بەلووچە گیانی لەدەست دەدا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم خێرا شوێنەکە بەجێدەهێڵن.