کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و ئێران لەسەر شکستی وتووێژەکانی بەرجام

14:20 - 18 جۆزەردان 2722

ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕووبە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەڵێ: داواکارییە نابەجێیەکانی ڕێژیمی ئێران کە هیچ پێوەندییەکی بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە نییە هۆکاری شکستی وتووێژەکانی ڤییەنە و ئێرانیش ئەمریکا زێدەخوازیی لەو ڕێککەوتنەدا تۆمەتبار دەکا. دەوڵەتی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕووبە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران هۆکاری بەئاکام نەگەیشتن و شکستی وتووێژە ناکییەکانی ڤییەنە دەڵێ: ئێمە پێویستمان بە هاوبەشێکی ڕاستەقینەیە لە ئێران و پێویستە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داواکارییە نابەجێیەکانیان لە دانیشتنەکانی ڤییەن وەلابنێن و پێش لە گەیشتن بە ڕێککەوتن نەگرن. لەبەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی دەوڵەتی ئەمریکادا هاتووە کە، ئێران دەبێ بە خێراترین کات هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەسپێبکاتەوە و زانیاری کامێرا چاوەدێرییەکانی دامەزراوە ناوکییەکانیان بدا بە کارناسانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بۆ لێکۆڵینەوە. هەروەها ئەمریکا جەختیشی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هیچ هۆکارێک نییە کە ڕێژیمی ئێران بڵێ پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ تەنیا بەمەبەستی ئاشتییە و ئەو ڕێژەیە ئێران نزیک دەکاتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی کە ئێمە و کۆمەڵگەی جیهانیی ئیزنی ئەو کارە بە ئێران نادەین. لەلایەکی دیکەوە هاوکات لەگەڵ بەیاننامەکەی ئەمریکادا ولاتانی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕووبە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕایانگەیاند کە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران زۆر بەرەو پێش ڕۆیشتووە و بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی. هەر لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێرانیش ئەمریکا بە سەرەڕۆیی و زێدەخوازیی لە بەرنامەی ناوکییدا تۆمەتباردەکا و خوازیاری لابردنی گەمارۆکان و هێنانەدەرەوەی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆری ئەمریکادایە.