کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: هەنگاوەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران خێراتر دەکەین

14:24 - 18 جۆزەردان 2722

سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە، ستراتیژی وڵاتەکەی لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران چووەتە قۆناغێکی دیکەوە و هەنگاوەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ڕێژیمی ئێران خێراتر دەکەین. ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەرگری و کاروباری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەی بەوەیکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی وڵاتەکەی لەهەمبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، وتی: ئەو ڕۆژانەی کە تاران پێوابوو کە بە توانایە و بەو هۆیەوە لە ڕێگەی میلیشیا تێرۆریستییەکانییەوە لە ناوچەکە هەڕەشە و هێرشی دەکردە سەر ئیسرائیل و کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام دەدا، ئیدی کۆتایی پێهات و ڕێژیمی ئێران چیدیکە ناتوانێ لە رێگەی میلیشیاکانییەوە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێسرائیل. ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە هەڕەشەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: لە ماوەی کۆتا سەفەری "ڕافائێل گڕووسی" سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران سەرکەوتوو ببێ و نەبێ، ئیسرائیل تا ئەو کاتەی کە خۆی بە پێویستی بزانێ مافی دژکردەوەی بەدژی هەنگاوەکانی بەرنامەی ناوکیی‌ ڕێژیمی ئێران هەیە بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆی بپارێزێ، چاوەڕوانیمان لە شۆرای بڕیاردەر هەیە کە هۆشداری بە تاران بدا کە ئەگەر پێشێلکاریی لە سیاسەتی ناوکیی‌دا بکا باجێکی قورس دەدا.