کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی ڕووخانی زۆربەی نەخۆشخانەکانی تاران

14:30 - 18 جۆزەردان 2722

سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی تاران وتی: زۆربەی نەخۆشخانەکانی شاری تاران بەهۆی کۆن بوونەوە مەترسیی جیددی ڕووخانیان لەسەرە. ڕۆژی سێشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن قەناعەتی، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی تاران، لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە بۆ ناساندنی مەترسیی ڕووخانی بینا کۆنەکانی تاران نراوە، وتی: زۆربەی هەرەزۆری نەخۆشخانەکانی شاری تاران مەترسیی جیددی ڕووخانیان لەسەرە و ئەگەر بمانهەوێ دایانخەین دەرمان و چارەسەری نەخۆش بە شێوەی مەترسیدار ئاڵۆز دەبێ و ئەگەریش ئەو نەخۆشخانانە بڕووخێن ئەوە کارەساتی قەرەبوو نەکراو ڕوودەدا و ئەوکات ناکارامەییە شاراوەکان بە تەواوی ئاشکرا دەبن. ناوبرا لە درێژەدا ئەوەشی زیاد کرد کە، نەخۆشخانەی خومەینی کە زۆر قەرەباڵغە لە تاران بە تەواوی مەترسیی داڕووخانی لەسەرە و هیچ ئەمنییەتێکی نییە، بەڵام ڕۆژانە دەیان هەزار کەس هاتوچۆی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن، ناکرێ دابخرێ، لە ئیستادا تاران لە ژێر هەڕەشەیەکی مەترسیداری بوومەلەرزە‌دایە و ئەگەر ڕووبدا بە تەواوی دەبێتە کارەساتێکی گەورە.