کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شاری بانە

15:07 - 18 جۆزەردان 2722

مامۆستا مەلا عومەر مودەڕسی کوڕی مەلا عەبدولقادر مودەڕسی ئەندامێکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە کۆچی‌دوایی کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، "مامۆستا مەلا عومەر مودەڕسی" کوڕی مەلا عەبدولقادر مودەڕسی ئەندامێکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مامی دوکتور کاوە مودەڕسی ئەندامی حیزب لە دەرەوەی وڵات، لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد . مامۆستا مەلا عومەر دانیشتوی شاری بانە بوو، لە دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئیران و شۆڕشی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لێبڕاوانە بەشداریی خەباتی کرد و بەردەوام هاندەر بوو بۆ گەرم و گوڕمانەوەی بڵێسەی خەبات و تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. ناوبراو دوو جار کەوتە بەر هێرشی جاش و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم و ماڵەکەی سوتێندرا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێـموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچێ‌دوایی مامۆستا مەلا عومەر مودەڕسی، سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی بانە دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.