کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد

15:40 - 18 جۆزەردان 2722

ئەندامێکی دڵسۆز و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەڵکی گوندی "قەڵات"ـی ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی دووشەممە١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک حەبیب مۆتەڵێبی، ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی "قەڵات"ـی ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لیدان کەوت. کاک حەبیب، ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بە فەرمی بوو بە ئەندامی بەوەفای حیزبی دێموکرات و زۆر چالاکانە بۆ هەموو ئەرکێکی حیزبی، بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک ‌تێدەکۆشا و ئەوەی لە توانایدا بوو بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هاوکاریی کۆمیتەی ناوچەی شاروێرانی حیزبی دەکرد و تا کۆتا ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەفادار مایەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک حەبیب، پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.