کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەکردنی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ی ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران

14:48 - 19 جۆزەردان 2722

ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشکردن بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ی خۆی ئامادە کردووە. ڕایەگەیەندراوەکانی ئیسرائیل دەڵێن کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە فرۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ی خۆی بەشێوەیەک ئامادە کردوون کە دەتوانێ لە ئیسرائیلەوە بەرەو ئێران بفڕن و بگەڕێنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی "جێروزالم پۆست" هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لێهاتوویەکی نوێی بۆ فڕۆکە شەڕکەرە ئێف ٣٥ی خۆی بەکار هێناوە کە دەتوانێ بەبێ ئەوەی پێویستی بە بنزین گرتن بێ لە ئیسرائیلەوە بگاتە ئێران و بگەڕێتەوە و جگە لەوەش ئەو فڕۆکانە دەتوانن بۆمبێکی یەک تۆنی لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرن. ڕاپۆرتەکان لەو بارەوە دەڵێن کە ئەو بۆمبە یەک تۆنییە لەلایەن شیرکەتی سەنعەتی بەرگریی " سامانەی چەکوچۆڵی پێشکەوتووی رافائێل" دروست کراوە و بەشێوەی خۆکارانە کار دەکا و توانایی ئەوەی هەیە کە خۆی لە بەرامبەر سیستمی شەڕی ئێلکترۆنیکی بپارێزێ. جێی ئاماژەیە کە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەر پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ئێران و هەروەها ڕاگرتنی وتووێژەکان بۆ بووژانەوەی بەرجام زیادی کردووە و ئەرتەشی ئیسرائیل لەو چەند ڕۆژەدا ڕەزمایشێکی ئاسمانی بەڕێوە برد کە لەودا هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێرانی هاوشێوەسازی کردووە.