کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندتربوونی هەڵوێستی عەرەبستان لە هەمبەر کۆماری ئیسلامییدا

15:39 - 19 جۆزەردان 2722

عەرەبستان: رێژیمی ئێران ئاشکرای ناکا کە ئاستی کارکردنی لە بەرنامەی ناوکیی چەندە و ئەوەش دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و بۆ جیهان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی. ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، عەبدوڵا بن خالید، نوێنەری هەمیشەیی سعوودیە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە ڤیەن، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە بە نهێنیی‌کاری لە بەرنامەی ناوکیی‌دا دەدا و بەو کارەش هەموو یاساکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی پێشێل دەکا و کەڵکی خراپ لە سەبر و تاقەتی وڵاتانی ئەندام لە بەرجام وەردەگرێ بۆ ئەوەی پەرە بە دروستکردنی چەکی ناوکیی بدا و ئەوەش دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار و بۆ جیهان بە گشتیی و ناوچەکە بە تایبەتی. ناوبراو هەروەها لە درێژەدا وتی: داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین کە، لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بە تەواوی هاوکاریی بکا و ئەو بابەتانەی کە ماون بێ هیچ دواخستنێک چارەسەر بکا، پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە شۆرای بڕیاردان‌دا ئەندامن هەموویان پشتیوانیی لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و سکرتێری گشتیی ئەو ئاژانسە دەکەن، هەر لەو پیوەندییەدا ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبییش هەمان داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد کە هاوکاریی ئاژانس بکا. هەرلەو پێوەندییەدا ڕۆژی١٨ی جۆزەردان، ٣٠ وڵاتی ئەندام لە شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییدا دەنگیان بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لە دژی ڕێژیمی ئێران دا.