کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێ‌کردنی سزای لە سێدارەدانی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ئیلام

16:14 - 19 جۆزەردان 2722

سزای لە سێدارەدانی سێ هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەماڵ بەیانی‌ڕاد، خەسرەو تارک و ستار ئەرغەندە" لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەندیخانەی شاری ئیلام، سزای لە سێدارەدانی "کەماڵ بەیانی‌ڕاد، خەسرەو تارک و ستار ئەرغەندە" جێبەجێ کرد. ستار ئەرغەندە لە حاڵێکدا لە سێدارە دراوە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ تاوانباربوونی لەبەر دەست‌دا نەبووە، تەنیا بەپێی ویستی قازی ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە و سزای لە سێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە. هەروەها ئەو دوو بەندکراوەی دیکەش بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کرا. تا ئیستا ڕاگەیاندراوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەسەر لە سێدارەدانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە هیچ هەواڵێکیان بڵاو نەکردۆتەوە.