کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشکیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانەی دەمێشق

14:27 - 21 جۆزەردان 2722

ئەرتەشی ئیسرائیل بە مووشەک فڕۆکەیەکی پڕ لە چەک و چۆڵی رێژیمی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی دەمێشقی پێتەختی سووریە کردە ئامانج. ئەرتەشی ئیسرائیل بە چەند مووشەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەمێشقی پێتەختی سووریەی کردە ئامانج، ئەم هێرشە بەرەبەیانی ڕۆژی هەیینی ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانیی پڕ لە چەک و چۆڵی سەربازی کە بە مەبەستی گەیاندنی بە گرووپە تێرۆریستەکان بوو، لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایەسەر و بەتەواوەتیی خاپوور کرا. چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هەر لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردۆتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەمێشقی پێتەختی سووریە و چەندین کۆگای چەکوچۆڵی سوپای قودس وحیزبوڵای لوبنان کراونەتە ئامانج و بە تەواوەتی خاپوور و لەناوچوونە و بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر فڕۆکەخانەی دەمێشق داخرا هەروەها دەنگی چەندین ماشینی فریاکەوتن بیستراوە کە دەگوترێ کوژراو و برینداری بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە.