کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر: نابێ حەشدی شەعبی دەستێوەردان لەسیاسەت و بازرگانیدا بکا

15:28 - 23 جۆزەردان 2722

ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای لە حەشدی شەعبی کردووە کە جیا ببێتەوە لە گرووپە بەناو چەکدارکانی عێراق و کۆتایی بە دەستێوەردان لە سیاسەت، بازرگانی وهەروەها ئاژاوەگێڕییە نێوخۆییەکان بێنێ. موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حەشدی شەعبی، داوای لەو گرووپە میلیشیایە کردووە کە لە گرووپە بەناو چەکدارەکانی عێراق جیا ببێتەوە و چیدیکە نابێ ببێتە هۆکار بۆ ئاڵۆزی و دووبەرەکیی نانەوە لە عێراقدا. جێگەی ئاماژەیە کە، لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە کاتێکدا کە گرووپی داعش یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکردبوو، بە فتوای عەلی سیستانی، پێکهێنانی ئەو گرووپە ڕاگەیێندرا. لەبەشێکی دیکە لەبەیاننامەکەدا سەدر دەڵێ: زۆر پێویستە کە حەشدی شەعبی و فەرماندەکانیان بەپێی ساختاری یەکپارچەیی عێراق سازماندەهی بکرێن، لەبەر ئەوەیکە ئەو گرووپە میلیشیا چەکدارە تێکەڵ بە یاریی باڵە سیاسییەکان نەبێ. ناوبراو هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێ حەشدی شەعبی تێکەڵ بە سیاسەت، بازرگانی و کێبڕکێیە سیاسییەکان بێ.