کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری شاری بانە

15:35 - 23 جۆزەردان 2722

کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی سالووک سەر بە شاری بانە، لە سنووری سەرتەزێنی ئەم شارە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بریندار بوو. ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی گوندی سالووک سەر بە شاری بانە، بە ناوی "ناسیح زارعی"، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەرتەزێنی ئەم شارە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە مەودایەکی نزیکەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی برینەکانی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گوازراوەتەوە. شایانی باسە کە ناسیح زارعی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. سالانە سەدان کۆڵبەر لەلایەن ‌هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەکەونە بەر دەسڕێژی گولـلە و گیانیان لە دەست دەدەن یان بە سەختی بریندار و کەمئەندام دەبن.