کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کردنی چەندین سیخوڕی سپای پاسداران لە تورکیە

15:24 - 24 جۆزەردان 2722

بەرپرسێکی ئیسرائیلی هەواڵی دەسبەسەر کردنی چەندین کەس لە تێرۆریستەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕفاندن یان تێرۆرکردنی شارۆمەندانی ئیسرائیلیی لە تورکیە پشتڕاست کردەوە. هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئیسرائیل ڕایگەیاند چەند کەس لە ئەندامان و دست و پێوەندییەکانی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە بۆ کاری تیرۆریستی و تیرۆری شارۆمەندانی ئیسرائیلی نێردرابوونە تورکیە، لەو وڵاتە دەسبەسەر کران. نەفتالی بێنێت، سەرۆک‌وەزیری ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کرد کە بە زووترین کات تورکیە جێ‌بهێڵن و لە سەفەرکردن بۆ ئەو وڵاتە و بە تایبەت ئیستامبۆل خۆ ببوێرن. هەر لەو پێوەندییەدا، یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش دەستخۆشی لە هاوکاریکردنی تورکیە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و زانیاریی ئیسرائیل لەو وڵاتە بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانە تیرۆریستییەی سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێران کرد و ڕوو بە بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران وتی:"دەمهەوێ لێرەوە پەیامێک بە ڕێژیمی ئێران بگەیەنم، هەر کەسێک بیهەوێ زەبر لە ئیسرائیل و شارۆمەندانی ئیسرائیل بدات، لە هەر جێگایەک بێ دەستی ئیسرائیلی پێدەگات و سڵامەت دەرناچێ.