کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندتربوونی هەڵوێستی عێراق لە هەمبەردەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە

15:35 - 24 جۆزەردان 2722

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە، هەڵوێستی بەغدا لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە بێدەنگییەوە بۆ وتنی ڕاستییەکان گؤڕدراوە. ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە وتووێژێک‌دا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی "ئەلغوود"ـی بەغدا، لەگەڵ ئەوەیکە ڕەخنەی توندی لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی عێراق‌دا گرتووە، وتی: لەمەوبەدوا شێوەی هەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەگۆڕدرێ و تاران دەبێ ئەوە بزانێ کە ئیدی بەغدا بە زمانێکی نوێ مامەڵەی لەگەڵ دەکا کە پێشتر ئەو مامەڵەیە لەلایەن بەغداوە لەگەڵ تاران نەکراوە. ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: ئێمە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان وتووە، هاوکاریی هاوبەشی یەکتر دەکەین وەکوو دوو وڵاتی دراوسێ بەڵام پێویستمان بە دەستێوەردانی ئێوە لە کاروباری ناوخۆیی ئێڕاق‌دا نییە و دەبێ ڕێژیمی ئێران ئەو ڕاستییەش بزانێ کە بۆی نییە دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەتێکی دیکە‌دا بکا و لەمەوبەدوا پێوەندیی عێراق لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە قۆناغی بێ دەنگییەوە دەگۆڕدرێ بۆ قۆناغی وتنی ڕاستی و هەڵوێست و چیدیکە ناهێڵین دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەمان‌دا بکا.