کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لەهەمبەر لێدوانەکانی ڕەزا پەهلەوی

15:54 - 24 جۆزەردان 2722

چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای ڕەخنە لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەی ڕەزا پەهلەوی، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، مافی مرۆڤ و میدیکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاردانەوەیان بەرانبەر بە لێداوانەکانی ئەم دواییانەی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕەخنەی توندیان لە قسەکانی نابراو گرتووە. ئەو چالاکانە لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو لێدوانانەی کوڕی شای پێشووی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە ناوبراو ئۆپۆزیسیۆنێکە بەردەوام چاو لە راستییەکان دادەخا و دەیهەوێ سیستمێکی زۆرداریی لەسەر بنەمای "شاه‌سەروەریی" بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێران‌دا زاڵ بکا. لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، لە پێوەندیی لەگەڵ ناسنامە و خواستی نەتەوەکانی ئێران و ڕوانینی ناوبراو بۆ پرسی گەلانی ئێران هەڵەیەکی زۆر مەترسیدار و جێگای تێڕامان دووپات دەبێتەوە کە باوکی کردوویەتی و ئەوەش پشتگوێخستنی خواستی نەتەوەکانی ئێرانە. لە کۆتاییدا بەیاننامەکەیان ئاماژە بەوەدەکا کە بە هیچ شێوەیەک ئێرانی داهاتوو ئێرانێکی ناوەندگەرا و پاشایاتی یان هەر ناوێکی دیکە کە نەتەوەکانی ئێران و جیاوازییەکان و مافەکانیان لە بەرچاو نەگرێ سەرکەوتوو نابێ.