کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕافائێل گڕووسی: وتووێژەکان لەگەڵ ئێران بە بن‌بەست گەیشتووە

14:21 - 25 جۆزەردان 2722

سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە وتووێژەکان لەگەڵ ڕیژیمی ئێران بۆ بووژانەوەی بەرجام بە بن‌بەست گەیشتووە. ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕافائێل گڕووسی سکرتێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە وتووێژێک لەگەڵ ئەلعەرەبیەدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هاوکاریی ئاژانس ناکا و بە هاوکاری نەکردنی ئێران بۆ دۆزینەوە وڵام سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو ئۆرانیۆمە کە لە سێ دامەزراوەی ناوکیی ئەو وڵاتە دۆزراوەتەوە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئێران دەبێ لە بارەی وردەکارییەکانەوە زانیاریی ڕوون بە ئاژانس بدات. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران ئەو کامێرایانەی کە لە ناوەندە ناوکییەکان هەڵیگرتووە، بەشێکی گرینگ لە کەرەستەی چاوەدێری ئاژانس بوو کە کاربەدەستانی ڕێژیم بەو جۆرە رەوتی چالاکیی چاودێرییەکانی ئاژانس بەرتەسک دەکاتەوە. گڕووسی درێژەدا وتی: " سەرپێچی کردنی ناوکیی، ئێران لە ڕەوتی وتووێژەکان دوور دەخاتەوە و ئەوەش بە قازانجی هیچ لایەک نییە". شۆڕای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەدەرکردنی بڕیارنامەیەک ڕێژیمی ئێرانی بە هاوکاری نەکردن و پێبەند نەبوون بە بەڵێنەکانی بەرجامیی مەحکووم کرد.