کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی شنۆ بۆ بەندیخانەی نەغەدە

14:26 - 25 جۆزەردان 2722

کەماڵ قۆیتاسی و عەزیز قادرتاج دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی شنۆ گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە. بە پێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(خۆڕاگری)،کەماڵ قۆیتاسی و عەزیز قادر تاج دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ ڕۆژی سێشەممە٢٤ی جۆزەردانی١٤٠١ی هەتاوی بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ لە بەندیخانەی ئەو شارە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە. ئەو دوو هاووڵاتییە سەڕەتای ئەو مانگە پاش بانگهێشت کرانی بۆ لقی١ی جێبەجێ کرانی یاسایی کەیفەری شاری شنۆ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان دەسبەسەر و گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی شاری شنۆ. ئەو دوو هاووڵاتییە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابوونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ و پاش تەواو بوونی ماوەی لێپێچینەوەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی تا بەڕێوەچوونی دادگاکەیان ئازاد کرابوون. شایانی باسە ئەو دوو هاووڵاتییە مانگی خاکەلێوەی١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن لقی١ی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر"ڕەزایی"بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران،کەماڵ قۆیتاسی حوکمی ٥ساڵ بەندکرانی تەعزیری و عەزیز قادرتاج حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەریان دا سەپێندرا.