کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو هەزار منداڵی چەکداری حووسی لە ماوەی یەکساڵدا لەو وڵاتە

15:44 - 28 جۆزەردان 2722

میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوامن لە بارهێنان و چەکدارکردنی منداڵان و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ. هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێد پرێس، ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەزاری دوو بەرپرسی باڵای میلیشیا حووسییەکانی یەمەنەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەسی ڕێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان لە نێوان حووسییەکان ودەوڵەتی یاسایی یەمەن، بە سەدان منداڵی تەمەن ١٠ تا ١٢ ساڵانیان بۆ ڕاهێنانی سەربازیی و مەشق پێکردن بارهێناوە و چەکداریان کردووە لە بەرەکانی شەڕدا جێگیر کراون. ئەو دوو بەرپرسە حووسییە کە هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس بە توندڕەویان ناودەبا و نەیانویستووە کە ناویان ئاشکرابێ، سەبارەت بە چەکدارکردنی منداڵانی تەمەن ١٠ تا ١٢ ساڵان ڕایانگەیاندووە کە، ئەو کارە هیچ جۆرە کێشەیەکی نییە و منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵ بە پیاو دێنە ئەژمار و دەبێ فێر بن کە لە خاکی خۆیان بەرگری بکەن. جێگەی ئاماژەیە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن بەناوی ئۆردووی هاوینە منداڵانی تەمەن ١٠ بۆ ١٢ ساڵان دەبن و ڕاهێنانی سەربازییان پێ دەکەن و پاش ماوەیەک دەیاننێرنە بەرەکانی شەڕ و بەوجۆرە بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافی منداڵان لە یەمەن. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر پێشێلکارییە مرۆییەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن دەنووسێ: لەماوی یەکساڵدا ٢هەزار منداڵ لە بەرەکانی شەڕدا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمە کارەسات و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی منداڵانە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانی یەمەنەوە.