کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی پێوەندیی بە پێبەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانییەوە هەیە

14:52 - 29 جۆزەردان 2722

ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەرەڕای دەربڕێنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی پێشیلکارییە ناوکییەکانی ئێران وتی: بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی گرێدراوە بە پێبەند بوونی ڕێژیمی ئێران بە بەڵێنە ناوکییەکانیەوە. بیل ڕۆسۆ، ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری پێوەندییە گشتییە نێونەتەوەییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژیکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقول‌ئەوسەت لە لەندەن، سەبارەت بە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیدا وتی: بۆ ئێمە وتووێژەکانی ڤییەن تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە، زۆریش ئاساییە کە ئێمە نیگەرانین لە دەستێوەردانە ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرنامە مووشەکییەکەی و جیاواز لەوەیکە چاوەڕێ بین کە بزانین لە ڤییەن چ ڕووداوێک ڕوودەدا دەبێ ڕووبەڕووی هەوڵە تێکدەرانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا ببینەوە. ناوبراو هەروەها لەدرێژەی وتووێژەکەیدا وتی: بووژانەوە و دووبارەکردنەوەی ڕێککەتنی ناوکیی گرێدراوە بە پێبەندبوونی رێژیمی ئێران بە بەڵێنە ناوکییەکان و دەبێ رێژیمی ئێران کۆتایی بە زێدەخوازییەکانی بێنێ و تەنیا لە ڤییەن لەسەر بابەتی بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە وتووێژ دەکەین.